تۆقین لەچیەوە دروست دەبێت؟ زیانەكانی چین؟ د. هەژار عوسمان وەڵام دەداتەوە

تەندروستی 02/02/2019


چاودێر: تابان رەزا
تۆقین(پانیك) جۆرێكە لەنەخۆشی دەروونی كە توشی خەڵك دەبێت،  ترسێكی زۆر بەهێز و كتوپڕە، بەهۆی بونی روداوێكی لەناكاوەیەوە كە كەسەكە خۆی تێدا ژیابێت، ئەم حاڵەتە زیاتر لەگەنجاندا لەتەمەنی 16 ساڵی بەرەوە سەرەوە زیاترە، لەو بارەیەوە د. هەژار عوسمان،پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەكان، دەڵێت" نەخۆشیەكە لەكاتێكدا دەردەكەوێـت كەنەخۆشەكە بۆ نەخۆشیەكی تر دەچێت لای پزیشك  و تۆقین( پانیك) دەردەچێت"
نەخۆشی تۆقان چییە؟
د. هەژار  عوسمان،  پسپۆری دەروون و مێشك، ئاماژەبەوەدەكات، تۆقین واتە (پانیك)  ئەم نەخۆشیە جۆرێكە لەنەخۆشی دەروونی، بریتیە لە ترسێكی  زۆر بەهێز  و لەپڕ كە نازانرێت لە كوێوە هاتوە، وەك تەزوویەكی كارەبا لێیبدات وایە، ترسێكی زۆری بۆ دروست دەبێت نازانرێت  ترسەكە لەچیە، ترسی ئەوەی هەیە بمریت یان دڵی راوەستێت، یا ترسی ئەوەی هەیە ئێستا بخنكێیت،  ئەمە نەخۆشی تۆقینی پێدەڵَێن. 
هۆكارەكانی توش بون بەم نەخۆشیە چییە؟
ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، بونی روداوێكی ترسناك یان بومەلەرزە یان رووداوی هاتوچۆ كە خودی كەسەكە لەناو روداوەكەدا ژیا بێت، دەكرێت ببێتە هۆكارێك بۆتوشبون  بەتۆقین، بەڵام هەندێ كەس  هەیە هیچ  یەكێك لەو هۆكارانەی بەسەر نەهاتوە و دەكرێت توشی ئەم حاڵەتە بێت، یان كەسەكە سەیری فلیمێكی ترسناكی كردوە یان شتێكی لەیادەوەریداهەبوە كە لەرابردودا رویداوە، یاخود كەسێكی بینیوە توشی نەخۆشیەكی ترسناك بوە،كە دەبێت هۆكارێك هەبێت پەیوەندی بەو ترسەوە هەبێت، ئینجا كەسە توشی ئەم حاڵەتە دەبێت.
چۆن نیشانەكان بناسرێتەوە؟
 لەبارەی  نیشانەكانی توقینەوە د. هەژار عوسمان، دەڵێت" لەگەڵ  ئەو ترسەی كەلای كەسەكە دروستبوە، جەستەشی دەناڵێنت كەسەكە توشی دڵەكوتێ زۆر بەهێز دەبێت و  دەمی وشك دەبێـت و شتی بۆ قوت ناچێت، هەست دەكات شتێك لە قوڕگی گیراوە،هەروەها  هەست دەكات دەخنكێت، هەندێ كەس گەدەی دەئێشت و دڵی تێكەڵ دێت، هەناسە بڕكێ پێدەكەوێت هەموو لەشی سڕ دەبێت  مێكشی سڕ دەبێت، هەندێ كەسی تریش هەیە ئارەقی زۆر دەكاتەوە لەگەڵیدا،زۆر كەس ئەمانە دەبینیت وادەزانێ كەسەكە توشی نەخۆشی دڵ بوە،  ئەمە زۆر لەناو خەڵكدا هەیە، بەڵام ئەمە نەخۆشی دڵ نیە  ئەم كەسە توشی  تۆقین بوە"
 ناوبراو وتیشی، دەستنیشاكردنی نەخۆشیەكە لەكاتێكدا دەردەكەوێـت كەنەخۆشەكە بۆ نەخۆشیەكی تر دەچێت لای پزیشك و  ئەم حاڵەتە دەردەچێت ، زۆر كەس هەیە كەتوشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی و عارەق كردنەوە دڵەكوتێ دەبێـت، ئەوەی بیری لێنەكاتەوە پزیشكی دەروونیە، بۆیە دەچێتە لای پزیشكی هەناوی. 
بۆچی ئەم حاڵەتە لەتەمەنی گەنجدا زۆرترە
د. هەژار عوسمان، روونیدەكاتەوە، ئەم حاڵەتە زیاتر لەگەنجەكاندا هەیە لەتەمەنی 16 ساڵی بەرەوە سەرەوە زیاترە، لەبەرئەوەی گەنج ئەزمونی كەمە و هەروەها گەنج هەموو ئایندە لەبەردەمیدایە،  بەشێوەیەكی گشتی لەم ساڵانەدا خەڵكێكی زۆر  نائومێد كراوە لە ژیان،هەروەها  بونی ئەو قەیرانە داراییەی لەكوردستان هەیە كە زۆرێكی لەگەنجەكان  بێ ئیش و بێكار كردوە، ئەمە وادەكات گەنج زیاتر توشی ئەم حاڵەتە ببێت، یان  كێشەی كۆمەڵایەتی قورسیان هەیە، هەندێجار لەتاقیكردنەوە دەترسن  و هەموو كێشەكان لە دڵ و دەروونی خۆیاندا كۆدەكەنەوە و دەری نابڕن و چارەسەری بۆ ناكرێت و دەبێتە تۆقین، جار هەیە  ئەم حاڵەتە لەتەمەنی  گەورەیشدا روودەدات.
 وتیشی، رێژەی توشبون بە نەخۆشیەكە لەئێستادا زۆر بوە، رۆژانە خەڵك بۆ ئەم حاڵەتی تۆقانە سەردانی  پزیشكی دەروونی دەكەن.
زیانەكانی نەخۆشی تۆقین
ناوبراو لەبارەی زیانەكانی ئەم حاڵەتەوە وتی،  ئەوكەسەی ئەم حاڵەتەی بەسەر دێت، بۆی هەیە كە ئیتر زۆر نەچێتە دەرەوە و تێكەڵی خەڵك ببێت،  هەروەها بەهۆی تۆقینەكەوە توشی خەمۆكی دەبێت، تاقەتی نامێنێـت گرنگی بەخۆی بدات، خەندە و پێكەنین و چالاكی و نامنێت ، هەروەها تاقەتی ئیشی نابێت و  هیوا و ئومێدی بەژیان نامێنێت.
چارەسەرەكان چین؟
د. هەژار عوسمان، لەبارەی چارەسەرەكانی  نەخۆشیەكەوە، ئاماژەبەوە دەكات،  كەسی توشبو بە نەخۆشیەكە  پێویستی  بە دەرمان  و وەرگرتنی رێنمانی  تایبەتە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕەوە هەیە،  ئەگەر كەسەكە چارەسەری خۆی نەكرد و رێنمای دەروونی وەرنەگرت،  ژیانی  هەر باش نەبو، ئەگەری هەیە چەند جارێك ئەم حاڵەتە دوبارە بێتەوە،كەس هەیە  لە هەفتەیەكدا دوو بۆ سێجار ئەم حاڵەتەی بۆ دێـتەوە،جاری وەها هەیە دوای شەش مانگ  پاشان ئەم حاڵەتە كۆتای دێـت.