كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا و كاریگەریی لەسەر ستراتیژیەكانی ئەمەریكا

کوردستان 19/01/2019

 

چاودێر-ئاژانسەكان
    ژمارەیەك لە شارەزایان دەڵێن كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا ڕەنگە ببێتە مایەی كۆتاییهێنان بەم ستراتیژییە نادیارەی وابەستەیی لەشكر كە پێ دەچێت زۆر لە بەرژەوەندییە ئاسایشییەكانی نیشتمانی بخاتە مەترسییەوە.
مارك كاتز پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی جۆرج مەیسن لە ڤێرجینیا و شارەزای كاروباری ڕۆژهەڵای ناوەڕاست و ڕوسیا دەڵێت " پێم وابێت كێشەكە ئەوەیە لە كاتێكدا كە بەشداریكردنمان شتەكان باشتر نەكەن، بەشداری نەكردنیشمان باشتریان ناكەن."
سەرۆك دانۆڵد ترامپ بە بڕیارەكەی مانگی 12ی بۆ كشانەوەی نزیكەی 2 هەزار سەربازی ئەمەریكا لە سوریا هاوپەیمانان و ڕاوێژكارانی توشی سەرسوڕمان كرد.
بیانوی سەرۆك ترامپ بۆ كشانەوەی لەشكری ئەمەریكا لە سوریا ئەوەیە كە داعش شكستی هێناوە یان هەر هیچ نەبێت هیچ ناوچەیەكی گەورەی سوریا و عێراق لە ژێردەستدا نەماوە، هەرچەندە ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشێكی كوشندەی داعشدا لە سوریا چوار ئەمەریكایی كوژران، دوو سەرباز و دوو سیڤیلی كە كاریان بۆ وەزارەتی بەرگری دەكرد. ئەم هێرشەش ئەوەی نیشان دا كە گروپی تیرۆستی داعش هێشتا چالاكە لە ناوچەكەدا.
جێگری سەرۆكی ئەمەریكا مایك پێنس ڕۆژی چوارشەممە دووپاتی كردەوە كە كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا مانای ئەوە نییە ئەمەریكا چیتر پەیوەندی نابێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
پێنس لە وتارێكیدا بۆ دیپلۆماتان لە وەزارەتی دەرەوە گوتی " ئێمە بەرگری لەو دەستكەوتانە دەكەین كە سەربازەكانمان و هاوپەیمانەكانمان بەدەستیان هێناوە، بەڵام ئەم سەرۆكە هەمیشە باسی لە خواستی خۆی بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕە بێ كۆتاییەكانی ئەمەریكا كردووە."
ڕەخنەگران نیگەرانی ئەوەیان هەیە بڕیاری بەجێهێشتنی سوریا خاڵە گرنگەكانی ستراتیژی ئەمەریكا بنكۆڵ دەكات بۆ ڕێگەگرن لە هەڕەشەی تیرۆرزم لە ناو وڵات، بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی دەسەڵاتی لەشكری ئێران لە ناوچەكە و بۆ بەرگریكردن لە ئیسرائیلی هاوپەیمانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

هێرشەكەی داعش ئەوە نیشان دەدات كە هێشتا چەكدارانی ئەو گروپە تیرۆرستیە هەڕەشەن بۆ سەر سوریا. بەبێ بوونی لەشكری ئەمەریكا لەوێ نیگەرانییەكی زۆر هەیە كە توندڕەوە ئیسلامییەكان خۆیان ڕێكبخەنەوە و هێرشە تیرۆرستییەكانیان بگوازنەوە بۆ ناو ئەوروپا و ئەمەریكا.
سیناتۆری بەناوبانگی كۆماری لێندزی گراهم لە وەڵامی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەدا گوتی " نیگەرانی من لە ڕاگەیاندنەكانی سەرۆك ترامپ ئەمەیە كە هەستی هاندانی لای ئەو دوژمنە دروستكردووە كە شەڕیان دەكەین."
لە هەمانكاتدا ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایانی بواری ئاسایشی پێیان وایە وابەستەیی سنوورداری ئەمەریكا لە سوریا هەوڵەكان بۆ بە تەواوەتی لەناوبردنی یاخیبوان لەناو دانیشتوانی سیڤیلدا بنكۆڵ دەكات.
ئارۆن دەیڤد میلەر بەڕێوەبەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوەندی ویدرۆ وێڵسن لە واشنتۆن دەڵێت " بۆ ئەوەی بە تەواوەتی داعش لە ناو ببەیت پێویستت بە سوریایەكی نوێ هەیە و ئەمەش لە توانایی ئێمە بەدەرە، ئێمە 200 ملیار دۆلار تەرخان ناكەین بۆ بونیاتنانەوەی سوریا و بێ گومان ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە هیچ شێوەیەك ئەم كارە ناكات."
بەرهەڵستانی ئەمەریكا لە سوریا، ڕوسیا و ئێران و تەنانەت توركیای هاوپەیمانی ئەمەریكاش لە هەوڵە لەشكرییەكانیان لە سوریا بەردەوام دەبن.
بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا و هاوپەیمانەكانیشی بە ئازادانە بەردەوام دەبن لە سەركوتكردنی دڕندانەی ئۆپزسیۆنی میانەڕەو. توركیاش ڕەنگە ڕووبەڕووی شەڕڤانە كوردەكانی سوریا ببێتەوە كە پێی وایە هەوڵی بە دەستهێنانی دەوڵەتی كوردی دەدەن.
سەرۆك ترامپ لە تویتێكدا هەڕەشەی كرد كە ئابوری توركیا وێران دەكرێت ئەگەر هێرش بكاتە سەر كوردەكان.
بەڕێوەبەرایەتی ترامپ كەوتە ژێر ڕەخنەیەكی زۆر بۆ بەجێهێشتنی هاوپەیمانانی ئەمەریكا لە سوریا. وەزیری پێشووی بەرگری جیم ماتس لەسەر ئەو بڕیارە دەستیلەكار كێشایەوە و لە نامەیەكدا بۆ سەرۆك ترامپ ڕایگەیاند پلەو پایەی ئەمەریكا لە جیهاندا بە هێشتنەوەی هاوپەیمانانی و بەڵێنەكانی دەمێنێتەوە.
ماتس لە نامەكەدا نوسیبوی " ئێمە ناتوانین بەرژەوەندییەكانمان بپارێزێن و ئەو ڕۆڵە كاریگەرە بگێڕین بەبێ هێشتنەوەی هاوپەیمانانمان و نیشاندانی ڕێز بۆ ئەوانەی هاوپەیمانمانن."

كشانەوەی ئەمەریكا لە سوریا دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورەش بۆ سەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمەریكا بە زیادبوونی كاریگەری ئێران و گروپە چەكدارییەكانی سەر بە ئێران لە ناوچەكەدا، كە هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل.