دەربارەی فیلمی ڕۆما
شاهۆ عارف
ڕۆما، فیلمێكی ئۆتۆبایۆگرافییه، ڕازه
تایبه‌ته‌كانی ئه‌لفۆنسۆ كوارونی تێدا به‌رجه‌سته بووه. ناونیشانه‌كه له ناوی
ناوچه‌یه‌كه‌وه هاتووه كه كه‌وتووەته شاری مه‌كسیكۆستی.
ڕۆما ژیانی كچه خزمه‌تكارێك ده‌گێڕێته‌وه كه له ماڵێكی
بۆرژوادا كار ده‌كات و له سایه‌ی ئه‌و ماڵه‌دا ده‌بێته خاوه‌ن چیرۆكی خۆی. پلۆته‌كه
به ته‌نیا سه‌رنجی له‌سه‌ر خزمه‌تكاره‌كه نییه سه‌رنجی له‌سه‌ر ژنی ماڵه‌كه‌یشه.
كوارون له ڕێگه‌ی درووستكردنی دوو هێڵی هاوته‌ریب له‌نێوان ژیانی ئه‌و دوو ژنه‌دا،
ناوه‌ڕۆكێكی فیمنیستانه‌ی به‌خشیوه به فیلمه‌كه‌ی. له‌م فیلمه‌دا ژن ژیانه، به‌خشنده‌یه،
ژیانبه‌خشه، پارێزه‌ری ژیانه، دواجار قوربانیشه. ئیتر ژن سه‌ر به هه‌ر چینێك
بێت. ئه‌و ژنه كلێیۆی خزمه‌تكار یان سۆفیای خانه‌دان بێت.
ڕه‌نگه ئه‌و ته‌باییه‌ی كه ژنه‌كان له‌م فیلمه‌دا
هه‌یانه زیاتر له سیفه‌تی دایكایه‌تیانه‌وه هاتبێت. ئه‌وان دایكن، دایكایه‌تی
جۆرێكه له خه‌لاقیه‌ت. دایكایه‌تی ئازار و ئاره‌زووه. له پێناو ژیاندایه و بۆ
به‌رگریكردنه له ژیان. ژن له‌م فیلمه‌دا هێمای ژیان و قوربانیدانه. بیر له
كاردانه‌وه‌ی كلێیو بكه‌نه‌وه به‌رامبه‌ر مه‌ترسییه سروشتییه‌كان؛ ئه‌و كاته‌ی
زه‌مینله‌رزه‌كه ڕوو ده‌دات، ئه‌و كاته‌ی ئاگره‌كه ده‌كه‌وێته‌وه، یان ئه‌و كاته‌ی
هه‌ڵكشان و داكشانی ئاوه‌كه مه‌ترسی بۆ ژیانی مناڵه‌كان درووست ئه‌كات. له دوو
حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا كاردانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی هه‌یه، به‌ڵام بۆ ڕزگاركردنی ژیانی
منداڵه‌كان ئاماده‌یه گیانی خۆی بخاته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌مه تێگه‌یشتنه له
دایكایه‌تی! هه‌ر هه‌مان هه‌ستی دایكایه‌تی و پارێزگارییه وا له كلێیۆ ده‌كات له
پێشانگاكه‌دا، له ترسی گیانی كۆرپه‌له‌كه‌ی نه‌توانێت به‌رگه‌ی مه‌ترسیی ئه‌و ده‌مانچه‌یه
بگرێت كه ڕووبه‌ڕووی ئه‌كرێته‌وه.
له لایه‌كی تره‌وه كوارون پیاوی وه‌كو بوونه‌وه‌رێكی
شه‌ڕه‌نگێز و تێكده‌ر و ده‌سه‌ڵاتخواز وێنا كردو‌وه. ئه‌و سیفه‌ته خراپانه به‌بێ
جیاوازی به‌سه‌ر قاره‌مانه پیاوه‌كانی ئه‌م فیلمه‌دا ئه‌سه‌پێنێت. له سه‌ره‌نجامدا
پیاو نموونه‌ی شه‌ڕ و شۆڕش و بێوه‌فاییه، ژنیش نموونه‌ی به‌خشنده‌یی و ژیاندۆستی
و پاراستنی ڕه‌گه‌زی مرۆڤه. پێم وایه ئه‌م فیلمه به دابه‌شكردنی ئه‌م سیفه‌تانه،
جیاوازییه ڕه‌گه‌زییه‌كانی قوڵتر كردووه‌ته‌وه و سته‌می له هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه
كردو‌وه. نه ژن به ته‌نیا بوونه‌وه‌رێكی وه‌چه‌خواز و مه‌عسومه، نه پیاویش به
ته‌نیا دڕه‌نده و بێ ده‌ماغ و ئاژه‌ڵ سیفه‌ته. ئه‌م سیفاته‌نه وه‌كو یه‌ك دابه‌ش
بوون، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌و ڕاستییه‌ی كه كولتوور و مێژوو جاروبار لاسه‌نگی درووست
كردو‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، كوارون ئه‌وه‌ی ویستویه‌تی
بیڵێ زۆر به باشی گه‌یاندوویه‌تی، هه‌ر ئه‌مه‌یشه هۆكاری ستایشی بێ پایانی ئه‌م
فیلمه. ئه‌م ده‌رهێنه‌ره به عاسیترین و قورسترین ستایلی ئیخراج ناسراوه كه له‌م
فیلمه‌دا گه‌یاندوویه‌تیه لوتكه. پان لێفت و پان ڕایت، جوڵه‌ی كامێرای ٤٥ و ٩٠
پله، دیمه‌نی درێژ، گرێدانی لۆنگ شۆت و تراڤڵین شۆت، هه‌موو ئه‌مانه وایان
كردو‌وه شاهیدی ته‌واوی ئه‌و كه‌شه بین كه كاره‌كته‌ره‌كانی تێدا دێن و ده‌چن.
له درووستكردنی ئه‌و تراڤڵینه درێژانه‌دا نه‌یتوانیوه له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌شت و
نیوی فیللینی ده‌ربچێت. ته‌نانه له‌و جێگه‌یه‌دا كلێیۆ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی
منداڵبوون ده‌چێت و له قه‌ره‌باڵغی سه‌رجاده‌كه‌دا گیر ئه‌خوات هه‌روه‌كو هه‌مان
دیمه‌نی گیرخواردنی گوه‌یدۆیه له هه‌شت و نیودا.