هەموو شتێک دەربارەی گەشەی منداڵ، د. ئازاد عەلی زانیارییەکان دەخاتەڕوو

تەندروستی 12/01/2019


چاودێر: تابان رەزا
گەشەی هەرمنداڵێك پێكهاتوە لەگەشەی لەش و مێشكی، ئەگەر هاتو هەریەكە لەمانە بەباشی گەشەی نەكرد، ئەوا ئەو منداڵە گەشەی نائاساییە، كەمی ڤیتامینەكان و نەخۆشیە درێژخانەیەكان و  بەدخۆراكی و ئێسكە نەرمەیە كەكاریگەری لەسەر گەشەی منداڵەكە دەكات، لەوبارەیەوە د.ئازاد عەلی، پزیشكی كۆرپە و منداڵان، دەڵێت"   شیری  سروشتی دایكی و  خواردنە پڕ ڤیتامینەكان و خەوتن لەكاتی خۆیدا  كاریگەری راستەوخۆی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە.
گەشەی منداڵ  لەچی پێكهاتوە؟
د.ئازاد عەلی، پسپۆڕی نەخۆشیەكانی كۆرپە و منداڵان، ئاماژەبەوەدەكات، گەشە دەكرێتە بەدوو بەشی سەرەكیەوە،  ئەویش گەشەی لەشە كە پێكهاتوە لە باڵاو  كێشی  منداڵ، گەشەی مێشك پێكهاتوە لەو كردەوانەی لەكاتێكی دیاریكراوی تەمەنیدا منداڵ دەبێت بیكات،گەشەی منداڵ لەمنداڵێكەوە بۆ منداڵێكی تر جیاوازی هەیە تەنانەت لە خێزانێكەوە بۆ خێزانێكی تریش، چونكە تایبەتمەندییەكانی هەركەسێك  بەهۆی  بۆماوەییەوە كەلە دایك و باوكەوە  بۆی دەمنێتەوە.
چۆن دایك و باوكان بزانن  منداڵەكەیان گەشەی ئاساییە؟
ئەو پسپۆڕە، باس لەوەدەكات، دایك و باوك كاتێك دەزانن منداڵەكەیان  گەشەی كەمە كە  زانیاری بەرزیان هەبێت لەسەر  تەندروستی  منداڵەكانیان ، هەروەها چاودێریەكی باشیان بۆ كردبێت لەو سەنتەرانەی  كەچاودێری گەشەی منداڵ دەكرێت، یان لەلایەن پزیشكانەوە، كەچارتێكی دیاریكراو هەیە بۆ گەشەی  كێش و باڵای منداڵەكە،  شتێكی تریش هەیە بۆ هەڵسەنگاندی گەشەی مێشكی منداڵەكە بەكاردێت،ئەمانە خوێندنەوەیەكی زۆری لەسەركراوە  كەلەلایەن who باوەڕپێكراوە، دەبێت دایك و باوكەكە بەپێێ  ئەو چارتە لەگەڵ منداڵەكە بڕوات.
ناوبراو وتیشی، پێویستە   لایەنی كەم سێ مانگ جارێك لە ساڵی یەكەمدا  سێ بۆ چوار جار پزیشك  منداڵەكە ببینێت و لەسەر چارتەكەی دابنێت  و كێش و باڵای بپَورێت ئەمانە وادەكات كە بزانین گەشەی ئاساییە، وادەكات پێشگیری بكات لە دواكەوتنی گەشەی منداڵ.
ئەو هۆكارانەی كاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ هەیە
د. ئازاد عەلی، رونیدەكاتەوە، ئەو هۆكارانەی راستەوخۆ كاریگەری هەیە لەسەر گەشەی منداڵ، ئەویش ژنان لەكاتی دوو گیان بونیدا سەردانی كردنی بۆلای پزیشك  و جۆری خواردنەكانی وخۆپاراستنەكانی هەموو ئەمانە لەكاتی خۆیدا بێت و بەشێوەیەكی تەندروست  بێت، لەدوای لەدایك بون پێدانی شیری سروشتی  واتە شیری دایك  باشترین جۆری خواردن و خواردنەوەیەپێویستی گەشی منداڵت دەداتی تا شەش مانگ یەكەم، دایك و باوكان دەبێت بزانن دوای شەش مانگی یەكەم شیرەكە چەندە باش بێت وزۆر بێت ناتوانێت پێداویستیەكانی منداڵەكە زیاد بكات، بۆیە دەبێت لەگەڵ ئەوەدا خواردنی بدەیتێ، هەندێ جاریش كەمی ڤیتامین  و ئەو بەدخۆراكیانەی توشی منداڵ دەبێت و  نەخۆشیە درێژخانەكانی  گورچیلە و ریخۆڵەو  نەخۆشی شەكرە  و ئێسكە نەرمە، كەمی مادەی ئاسن كە كاریگەری لەگەشەی منداڵاَ دەكات.

وتیشی" پاراستنی لەنەخۆشیەكان و بەهاناچونی لەكاتی نەخۆشیدا و وەرنەگرتنی دەرمانی هەڕەمەكی پشتگوێ نەخستنی نەخۆشی، وەرنەگرتنی دەرمانی كوردەواری هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەرگەشەی منداڵەكە دەبێت.
 خواردن و كاریگەریەكانی بۆ سەر گەشەی منداڵاَ؟
 ئەو پسپۆڕە،دەڵێت" لەدوای شەش مانگیەوە باشترین كاتە بۆئەوەی لەگەڵ شیر خواردن بدرێت بە منداڵەكە، پێویستە خواردنەكان تەندروست و ڤیتامین دار بن،  بەرێژەیەكی كەم بێت و ماوەی سێ رۆژێك لەسەر ئەو خۆراك  بەردەوام بێت تابزانرێت منداڵەكە بەچ خواردنێك هەستیارە و پێناكەوێت  تا دوربكەونەوە لە پێدانی بەمنداڵ.ئەم خواردنانە كاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ دەكات، چونكە خواردنە بەسودەكان ڤیتامینات و مادەی ئاسن و  هەندێ سەرچاوەی پڕۆتیناتی پێویستن بۆ گەشەی منداڵەكە هەندێ خوێ تایبەتن كە بۆ زیندەچالاكیەكانی لەش پێویستە، هەموو ئەم خواردنە بە رێژەیەكی دیاریكراو كاریگەری لەسەر جەستە و مێشكی منداَلەكە هەیە"
خەو وەك باشترین سەرچاوە بۆ گەشە؟
د. ئازاد عەلی، لەبارەی سودی خەوەوە  ئاماژەبەوەدەكات،  خەو یەكێكە لەبنچینە سەرەكیەكانی گەشە، كە كاریگەری راسەوخۆی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە،  هۆڕمۆنی گەشە لەكاتی خەودا زیاتر دەڕێژرێت،باشترین كاتی خەوتن لەنێوان 8 ئێوارە بۆ6 بەیانیە، ئەو ماوەیە زۆر باشە بۆ گەشەی منداڵ ، باشتر وایە دایكان باوكان منداڵەكانیان زوو بخەوێنن. 
 وتیشی، هەر شتێك لە شروب یان قەترەی خەو بێ بۆ خەوتنی منداڵ بەكاریەت،  باش نیە و كاریگەری لەسەر گەشەی مێشكی منداڵا هەیە.
چارەسەرەكان
 ئەو پسپۆڕە، جەخت لەوەدەكاتەوە، زۆربەی جار جۆری بەخێوكردنەكە هەڵەیە، هەروەها جۆری شیر پێدانەكەی بەتایبەت ئەوانەی شیری قوتو دەدەنە منداڵەكە،چونكە هیچ شیرێك ناگات بەشیری دایك  ئەو پێكهاتانەی لەشیری دایكدا هەیە  زۆر باشترە لەوەی لەشیری قوتدا هەیە.هەربۆیە زۆربەی جار كێشەكە لەخواردنەكاندایە نەك منداڵەكە، بۆ ئەمە رێنمایی دەدرێت بەدایكەكە،  یان كەمی ڤیتامینەكانە لەجۆری ئەو خواردنانەی وەریگرتووە،  ئەو نەخۆشیانەی لەماوەی دیاریكراوی شەش مانگی یەكەمدا یا دووەمیدا  توشیبوە وایكردوە گەشەی  دابەزێت، ئەگەر زانرا منداڵەكە كێشی باش نیە  بەدوا هۆكارەكە دەگەڕێت كە دۆزیتەوە چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت كەلە 80% هۆكارەكان دەزانرێت .