بودجە بۆ زیانەكانی لافاوی چەند رۆژی رابردو دابینكراوە

کوردستان 09/12/2018

چاودێر:
لیژنەی ئارامی‌و خزمەتگوزاری بە ئامادەبوونی پارێزگار‌و قائیمقامی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ لە بینای قائیمقامیەت، لە كۆنگرەیەكی رۆژناومەوانیدا رونیانكردەوە، لیژنەكانیان بە باشی ئەركەكانیان راپەڕاندوە، ئامادەكاری تەواویشكراوە بۆ سەرجەم بۆنەكان‌و بودجەیش بۆ زیانەكانی لافاوی چەند رۆژی رابردو دابینكراوە.

د. هەڤاڵ ئەبو بەكر، پارێزگاری سلێمانی، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا باسی لەوەكرد، لیژنەكانیان دڵسۆزانە توانیویانە خزمەتی خەڵك بكەن‌و پشتیوانیان دەبن، خۆشبەختانەيش سلێمانی پارێزراوترین پارێزگا بووە لەهەرێمی كوردستان لە رووی ئەو زیانە سروشتییانەی كە رووی لەناوچەكە كردوە.

 ناوبراو وتیشی "رێوشێوینی پێیوست گیراوەتەبەر تا لەم مانگەدا بۆنە ئاینی‌و نەتەوەیی‌و كۆمەڵاتییەكان بە رێكوپێكی بەڕێوەبچن، بۆ ئارامی‌و خزمەتی زیاتریش پێویستە كەناڵەكانی راگەیاندن‌و دادگا‌و هێزەئەمنییەكان‌و لیژنە خزمەتگوزارییەكان پێكەوە هاوكاری یەكبن لەپێناو ژیانێكی ئارام‌و ئاسوودە بۆ هاووڵاتیان".

پارێزگارەكەی سلێمانی رونیدەكاتەوە، تیمەكانیان لەسەر بنەمای گەڕەكەكان دابەشكردوەو بۆ ئەوەی بەخێرایی بگەنە شوێنەكانی دروستبوونی لافاو، بەزووترین كاتیش ئەركی خزمەتگوزاری خۆیان جێبەجێ دەكەن، لە سنوری پارێزگای سلێمانیش ئەو پردانەی تێكچوون پارەی پێویستمان بۆ دابینكردوەو لەماوەیەكی نزیكدا چاكیان دەكەنەوە.
لای خۆیشییەوە ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، باسی لەوەیشكرد، كۆمەڵێك چالاكی لەلایەن كۆمەڵەی كەلەپووری كورد لە شەوی یەڵدا ئەنجام دەدرێت، لە شەوی سەری ساڵیشدا لە چەندین شوێن چالاكی ئەنجام دەدرێت، ئامادەكاری دەكەین بۆ بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان لە شەقامی سالم‌و شوێنە گشتییەكان.