یاداشتەکانی میشێل ئۆباما گڕی لە بازاڕی کتێب بەرداوە

ڕەخنەی چاودێر 05/12/2018

ڕەخنەی چاودێر

 

میشێل ئۆباما، خانمی یەکەمی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بە بڵاوکردنەوەی کتێبی یاداشتەکانی گڕی لە بازاڕی فرۆشی کتێب بەرداوە و تەنها لە یەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەیدا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کۆپی لێ فرۆشراوە.

 

کتێبەکەی میشێل ئۆباما گێڕانەوەی بەسەرهات و ژیانی خۆیەتی لە منداڵییەوە تا گەیشتنی بە کۆشکی سپیی ئەمەریکا وەک خانمی یەکەمی ئەمەریکا، لەو نێوانەشدا چەندان نهێنیی خۆی و ژیانی تایبەتیی خێزانەکەی و ئۆباما و هەندێ وردەکاریی هەشتساڵی مانەوەیان لە کۆشکی سپی لەگەڵ ئۆبامای هاوسەریدا باس کردووە.

 

ناوی کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی (BECOMING)ـە، بە زمانی کوردی دەکرێت بە "پێگەیشتن" وەربگێڕدرێت.


کتێبەکە کە ماوەیەکی کەمە بڵاو کراوەتەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن کۆپی لێ فرۆشراوە و پێشبینیش دەکرێت ئەو ڕێژەیە زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە چوونکە خواستی زۆری لەسەرە. 

 

Penguin RONDOM، کە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەناوبانگە کتێبەکەی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.