بۆ یەکەمجار جیناتی دوانەیەک دەستکاری کرا، تاکو پارێزراو بن لە (ئایدز)

تەندروستی 30/11/2018

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، لە چەند رۆژی رابردودا، زانایەکی چینی، بۆ یەکەمجار لە ئاستی جیهاندا دەستکاریکردنی جینەکانی دوانەیەکی راگەیاند، بە جۆرێک کە پارێزراو بن لە ڤایرۆسی ئایدز (HIV).
زانای چینی (هی جیانکوی)، لە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراودا، کە بوە هۆی سەرسوڕمانیی جیهان، دەڵێت، توانیویەتی گۆڕانکاری لە جیناتی دوانەیەکی رەگەزی (مێ)ـدا بکات، بە جۆرێک کە پارێزراو بن لە ڤایرۆسی ئایدز (HIV)، لە کاتێکدا کە باوکیان ئەو ڤایرۆسەی هەبوە.
ئەو زانا چینییە، جەختی لەوەشکردەوە، هەرچەند بابەتەکە هەستییارە، بەڵام هەوڵەکەی داهێنراوێکی پێشکەوتوی زانستییە و خزمەتی گەورەی مرۆڤایەتی دەکات. هاوکات، کارەکەی جیانکوی هەڵڵایەکی زۆری لە ناوەندی زانستیی چین و جیهاندا دروستکرد و، بەشێکی زانایان پێیانوایە، ئەم تاقیکردنەوەیە سنورە ئێتیکی و ئاکارییەکانی بڕیوە و نابێ رێگە بەوجۆرە گۆڕانکارییە بدرێ.
لە بەرامبەریشدا، زانا چینییەکە، ئەمە رەتدەکاتەوە و، بڕوایوایە، "تەکنۆلۆجیا پێویستە لە خزمەتی تەندروستیی مرۆڤایەتییدا بێت."
دەسکاریکردنی جینات، واتە سڕینەوە، شوێنگرتنەوە، یان زیادکردنی (DNA) لە جینۆمی (ماددەی بۆماوەیی) زیندەوەردا.

 

لە ئینگلیزییەوە: هەنی هێرش