ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤ لە کوەیت قەدەغە دەکرێت

ڕەخنەی چاودێر 17/11/2018

ڕەخنەی چاودێر


کوەیت ڕۆمانی "برایانی کارامازۆڤ"ـی فیۆدۆر دۆستۆیۆڤسکیی لە پێشانگەی کتێبی کوەیتدا قەدەغە کرد.

ئەم کتێبە یەکێکە لەو ٩٤٨ کتێبەکەی کە کوەیت قەدەغەی کردوون لە پێشانگەکەدا نمایش بکرێن و بفرۆشرێن.

پێشانگەی کتێبی کوەیت لە ڕۆژی چوارشەممە/١٤ـی مانگەوە دەستی پێ کردووە و سەعد ئەلعەنزی کە سەرۆکایەتیی پێشانگەکەی لە ئەستۆیە، بە ئاژانسی هەواڵیی فەڕەنسای ڕاگەیاندووە، لیستێکی دووردرێژ لە کتێب قەدەغە کراون کە بەشێک لە شاکارەکانی جیهان پێک دەهێنن.

لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٤ هەزار کتێب لە کوەیت قەدەغە کراون، پێشتر قەدەغەکردنی ڕۆمانی "سەد ساڵ تەنیایی" گابرییەل گارسیا مارکیزیش لە کوەیت بووە بە سەردێڕی هەواڵەکان.

ڕۆمانی "برایانی کارامازۆڤ"ی دۆستۆیۆڤسکی کتێبێکە دەربارەی ئەخلاق، بوونی خودا و هەڵبژاردن.

جێی ئاماژەیە فەرمانگەی سانسۆر ئەم کتێبەی قەدەغە کردووە، کە وردبینیی بۆ سەرجەم کتێبەکانی نێو پێشانگەکە کردووە. سەبارەت بە کتێبێگەلێک کە بە هەڵسەنگاندنی فەرمانگەکە؛ ئیهانەیان بە دین کردبێت یان مەترسیی بن بۆ ئاسایشی گشتی، ئەوا قەدەغە دەکرین.