ڕەنگی پێست لە ئەدەبیاتی تۆنی مۆریسۆندا

ڕەخنەی چاودێر 08/11/2018

ڕەخنەی چاودێر


تۆنی مۆریسۆن، کە لە ئێستادا ٨٧ ساڵیەتی، یەکێک لە تازەترین ڕۆمانەکانی بە ناوی "خوا ئاگای لێت بێت"ـە. ڕۆمانەکە بەم ڕستەیە دەست پێ دەکات: "خەتای من نەبوو." ئەم وشانە لە لایەن ژنێکی  ئەفریکی- ئەمەریکییەوە دەردەبڕدرێن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی منداڵەکەی بە پێستی ڕەنگ‌تێرەوە لە دایک بووە. دایکەکە لە ڕەشیی کچەکەی شەرمەزارە و دەیەوێت لە خۆی دووری بخاتەوە. کچەکەیش لە نەبوونی ئەشقی دایکیی ترساوە. ڕۆمانەکە دەربارەی برینەکانی منداڵێکە، کە کاریگەرییەکەی تا گەورەبوون دەمێنێتەوە. کاتێک دایکەکە لەبەر ڕەشیی بێئەندازەی کچەکەی لێی دوور دەکەوێتەوە، باوکەکە دەکەوێتە ئەو بیرەوە کە لەوانەیە کچەکە کچی خۆی نەبێت. چونکە خۆیشی ڕەنگێکی ڕوون و کراوەی هەیە و بەم جۆرە ڕۆمانەکە شێوەی خۆی وەردەگرێت.
تۆنی مۆرسیۆن لە بارەی ڕۆمانی "خوا ئاگای لێت بێت"ـەوە گوتوویەتی: "شەیتان بوونەوەرێکی بێکەڵکە و خودا هەمیشە بۆ من ئازیزتر بووە، لەبەر ئەوە خودا دەبێت ئاگای لە منداڵەکە بێت."

تێری گرووس چەند پرسیارێک ئاراستەی تۆنی مۆریسۆن دەکات، سەبارەت بە ڕۆمانی "خوا ئاگای لێت بێت":
تێری گرووس: بۆچی تێمای ڕەنگی پێستت هەڵبژارد؟ مەبەستم ئەوەیە کە بۆچی ڕێژەی ڕەشیی پێست بووەتە بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکەت؟
تۆنی مۆریسۆن: دەی، مەبەستم بوو ڕەنگی پێست لە ڕەگەز جیا بکەمەوە. پۆلێنبەندیی ڕەنگەکان بۆ سپی، ڕەش و ڕەنگین‌پێست، وەکوو نیشانەیەک لە ڕەگەز، کارێکی هەڵەیە. ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆمەڵگە، کە دەیخاتە گەڕ و سوودگەلێک کە ڕەنگی پێست بۆ کەسەکان هەیەتی، کە "پلەی پێستی"ـی پێ دەڵێن. لە ئەمەریکادا پۆلێنبەندیی پێست بە پێی ڕێژەی نزیکیی ڕەنگی پێستە لە سپییەوە.

تێری گرووس: واتا لە ئەزموونی ژیانت، لە کۆمەڵگەی ئەفریکی- ئەمەریکیدا، خۆت لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا ڕووبەڕوو بوویتەوە؟
تۆنی مۆریسۆن: بەڵێ. تا بەر لەوەی بچم بۆ کۆلێج شتێکی وام نەبینیبوو. نەمدەزانی پۆلێنبەندییەکی وا بوونی هەیە. جگە لە ویلایەتی واشنتن دی‌زی، لە ساڵەکانی ١٩٤٩ بۆ ٥٠، کە بەندە تێیدا دەژیام، لە ویلایەتەکانی دیکەدا ئەو کارانەی کە تایبەتی سپیپێستان بوو و کارگەلێک کە ڕەشپێستەکان بۆیان هەبوو بیکەن، بە تەواوی دیاریکراو بوون. بەڵام لە ژینگەی زانکۆدا، شوێنێک کە هەستم بە ئارامی و خۆشی دەکرد، کەم کەم لەوە گەیشتم کە هەرچەند سپیتر بیت باشتر و هەرچەند ڕەشتر بیت خراپترە.


تۆنی مۆریسۆن، نووسەری هاوچەرخی ڕەشپێستی ئەمەریکی و براوەی خەڵاتی پۆلیتزەری ١٩٨٨ـە بۆ نووسینی ڕۆمانی "دڵدار"، ئەم ڕۆمانە لە بارەی ڕەشپێستێکەوەیە کە پێشتر کۆیلە بووە و تەماشای ژیانی خۆی دەکات پاش شەڕی ناوخۆ. لە ساڵی ١٩٩٣ـدا تۆنی مۆریسۆن یەکەمین ژنی ئەمەریکی-ئافریکایی بوو کە خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیی بردەوە. باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١٢ـدا نیشانی سەرککۆماری ئازادی، شکۆدارترین نیشانی میللیی ناسەربازیی پێشکەش بە تۆنی مۆریسۆن کرد. هەروەها ئەو خانمە ڕۆماننووسە خەڵاتی تەمەنێک دەستکەوتی ئەدەبیی لە لایەن ئەنجوومەنی ڕەخنەگرانی کتێبی میللیی ئەمەریکاوە پێشکەش کراوە. تۆنی مۆریسۆن لەبەر بۆچوونە بوێرانەکانی دەربارەی کۆمەڵگەی پەراوێزنشینی ڕەنگینپێستانی ئەمەریکای مۆدێرنەوە، بەردەوام ڕێزی لێ نراوە.
تۆنی مۆریسۆن، لەدایکبووی ١٩٣١ـە. ڕۆماننووس و فێمێنیست و مامۆستای زانکۆیە. بەرهەمەکانی لەبەر فەزا حەماسی، دایەلۆگە زیندووەکان و نیشاندانی وێنەی کەسایەتییە ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا، بەناوبانگن.
هێندێک لە بەرهەمەکانی: ماڵ. بەخششێک. ئەشق. بەهەشت. جاز. دڵدار. منداڵی هەژار. ئاوازی سولەیمان. سۆلا. شینترین چاو.