دوای هەواڵێكی چاودێر ژینگە پارێزان لەپێنجوێنەوە دەچنە سلێمانی

ژینگە 22/10/2018


چاودێر – تایبەت 
دابەشنەكردنی نەوت بەهاوڵاتیانی سنووری قەزای پێنجوێن و دەوروبەری، ژینگە پارێزانی ناچار كرد، لەپێنجوێنەوە بەپێ بچنە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ماوەی چەند رۆژێكیش دەمێننەوە.
بەختیار عەلی، جێگری سەرۆكی رێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە لەپێنجوێن، بەچاودێری راگەیاند: بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما و ساردبوونی رەوشی كەشوهەواوە، هاوڵاتیان و دانیشتوانی قەزای پێنجوێن و دەوروبەری، پەنایان بۆ بڕینەوەی داری دارستانەكان بردووە، كە ئەوەش زیانێكی زۆر گەورە بەژینگە دەگەیەنێت.
وتیشی "دابەشنەكردنی نەوت وایكردووە كە بڵێین زۆر زۆر بەداخەوە، دارستانەكان كوردستان بەگشتی و سنووری پێنجوێن بەتایبەتی لە لێواری مەرگدان وەك سەرجەم ژینگە دۆستان و خەمخۆرانی ژینگە، لەپێناوی نەفەوتاندنی دارستانەكان كە سامانێكی سروشتی و پایەكی گرنگی ژینگەیی و جوان و دڵڕفێنی ئەم دەڤەرەن، و  بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت و نەپاراستنیان و بەتایبەت نەبوونی سوتەمەنی(نەوت)، ئێمەی ناچاركرد، سەدان كیلۆمەتر لەپێنجوێنەوە بەپێی بڕین و بچینە بەردەم پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی".
روونیشیكردەوە، "تا وەڵامدانەوەی داخوازییەكانمان لەسلێمانی دەمێنینەوە و دریژە بەمانگرتنەكەمان دەدەین".
پێشتر ماڵپەڕی چاودێر بڵاویكردەوە كە بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت لەقەزای پێنجوێن، هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەكە بەناچارییەوە پەنایان بۆ بڕینەوەی داری دارستانەكان بردووە و ئەوەش ژینگە پارێزگانی نیگەران كردووە.