یەكگرتو بەناچاری بڕیاریدا

کوردستان 22/10/2018

چاودێر -
كەمبوونەوەی ژمارەی دەنگ و كورسیەكانیان، یەكگرتووی ئیسلامی ناچار كرد لەخولی پێنجەمی پارلەمانی كوردستان ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم نەكات.
هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانيدا، رایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو كۆبۆتەوە و هەڵوەستەی جدیان كردووە لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی لەپڕۆسەی هەڵبژاردندا كراوە.
ناوبراو، وتیشی "یەكگرتوو ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ڕەتدەكاتەوە و بۆ ئەوەش رێكاری یاسایی پێویست دەگرينە بەر".
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو بڕیاریداوە، بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نەكەن و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە دەدات بە خەباتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی".
لەخولی چوارەمی پارلەمانی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی خاوەنی 10 كورسی بوو، بەڵام لەهەڵبژاردنە پارلەمانیەكەی 30 ئەیلولی رابردوودا، ژمارەی كورسیەكانی كەمبوەوە بۆ 5 كورسی.