فلیپ ڕۆس: جگە لە نووسین شتی تر زۆرە بۆ سەرقاڵبوون

ڕەخنەی چاودێر 20/10/2018

ڕەخنەی چاودێڕ

نووسەری ئەمەریکی، فلیپ میلتن ڕۆس ١٩ی مارسی ١٩٣٣ لە نیوجێرسی لەدایک بووە. ڕۆمان و چیرۆک و وتارەکانی چەندین خەڵاتیان بۆ مسۆگەر کردووە و ناوبانگی یەکێک لە نووسەرە هەرە گرنگەکانی ئەم سەردەمەیان پێ بەخشیووە و چەندین ساڵە پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ. زۆرینەی کارەکانی ڕۆس مۆرکێکی ئەوتۆبیۆگرافیانەیان پێوەیە. کاراکتێری ڕۆمانەکانی هەر وەک خۆی لە وەچەی خێزانی یەهوودی چینی ناوەندن. ڕۆس لە کۆتایی پەنجاکانەوە وەک نووسەر دەستبەکارە. شانبەشانی باکگرواندی خێزانە یەهوودییەکەی نیگای خۆی سەبارەت بە کۆمەڵگای ئەمەریکی ڕژاوەتە کارەکانییەوە. فلیپ ڕۆس ساڵی ٢٠١٢ ڕایگەیاند کە چیدیکە نایەوێت بنووسێت و لە نووسین دوور دەکەوێتەوە.
دی ڤێلت: زۆر لە خەڵکی، ئێوە بە نووسەرێکی مەزنی ئەمەریکی-یەهوودی لە قەڵەم دەدەن. بەڵام ئێوە خۆتان بەپێچەوانەوە لە چاوپێکەوتنێکدا وتتان: (ناوزەدی نووسەری ئەمەریکی یەهوودی بۆ من هیچ مانایەکی نییە. من گەر ئەمەریکی نەبم ئەوا هیچ شتێکی دیکەش نیم)، دەتوانن ئەو لە نێزیکەوە ڕوون بکەنەوە، ئاخۆ ئێوە بۆچی ئەو وەسفە ڕەت دەکەنەوە؟
ڕۆس: دەستەواژەی نووسەرێکی ئەمەریکی – یەهوودی وەسفێکی نا دەقیقی وەختە بڵێم ئیحساسییە و بە هیچ شێوەیەک مەسەلەکە ناپێکێت و بەلایدا تێدەپەڕێت. خولیا و دێوانەیی نووسەر لە هەموو لەحزەیەکدا ڕوو لە زمانە: ئەویش دۆزینەوەی وشەی داهاتووە. بۆ من، بۆ چیڤەر و دێلیلۆ و ئێردریخ و ئۆتێس، ستۆن و ستایرۆن و ئەپدایک وشەی داهاتووی دروست وشەیەکی ئینگلیزی ئەمەریکییە. یان ئەوەتا بە زمانی ئینگلیزی ئەمەریکیدا دەڕژێت، یاخود ئەسڵەن ناڕژێت. زۆر باش بە دەستمەوە دێت یاخود زۆر خراپ، زۆر چاکەکەش و هەم زۆر خراپەکەش هەردووک بە زمانی ئینگلیزی ئەمەریکی. تەنانەت گەر بە زمانی یەهوودی یاخود عیبریش بمنووسیایە، هێشتا هەر نووسەرێکی یەهوودی نەدەبووم. ئەوکات نووسەرێکی عیبری یاخود زمانی (ییدی) دەبووم. دەوڵەتی کۆماری ئەمەریکا ٢٣٨ ساڵە بوونی هەیە. خێزان و باو و باپیرانی منیش ئەوە بۆ سەت و بیست ساڵ دەچێت لە ئەمەریکان، ئەو زێدەترە لە نیوەی تەمەنی ئەمەریکا خۆی. باو و باپیرانی من لەسەردەمی حوکمی سەرەک کۆمار گرۆڤەر کلیڤلانددا هاتوون، تەنها ١٧ ساڵ لەپاش سەردەمی ڕێکخستنەوەی ئەمەریکا. ئەوکات سەربازەکانی سەردەمی جەنگی ناوخۆی ئەمەریکا تەمەنیان لەسەرو پەنجا ساڵەوە بووە. مارک توەین هێشتا لە ژیاندا بووە، سارا ئۆرنێ جیڤێت هێشتا زیندوو بووە، هێنری ئادامس هێشتا زیندوو بووە. ئەوانە هەموویان لە تافی تەمەنیاندا بوون، لەوساتەدا والت ویتمان تازە دوو ساڵ بەسەر مەرگیدا تێپەڕ بووە. بەیب ڕووت هێشتا هەر لەدایک نەبووە. گەر من هەلوومەرجەکان  و تایبەتمەندییەکانی نووسەرێکی ئەمەریکیم تیادا نییە، ئەوا لانی کەم وەهمەکەیم بۆ بهێڵنەوە.
دی ڤێلت: لە جێگایەکی کتێبی (ئێکسیت گۆست)تاندا ئەیمی بێلێت بە نەیثن تسوکەرمان دەڵێت: (من پێم وایە لۆنۆف لەو دنیای گۆڕەوە قسەی بۆ کردووە و پێی گوتووە، ئێمەی مرۆڤ، ئەوانەی کە دەخوێننەوە و دەنووسن، لە کۆتاییدان – ئێمە خێوگەلێکین کە بەچاوی خۆمان کۆتایی سەردەمی ئەدەب دەبینین.)- بەڵام تێبینییەکانی ساڵی ٢٠٠١ تان هێندەی دیکە ڕوونتر بوو، کاتێک بۆ (ئۆبسێرڤەر) قسەتان کرد و وتتان: (تەنها بە زەحمەت لە توانامدایە لە کلتوری ئەمەریکیدا هێڵی ورەبەخش بدۆزمەوە. من بۆ پەروەردەی ئیستاتیکایی لێرە هیچ دواڕۆژێکی مەزن نابینم.)
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا بۆ ئەو کێشەیە هیچ دەوایەک هەیە؟
ڕۆس: من هێندەم لەتوانادایە قسەکانم دووبارە بکەمەوە. بۆ پەروەردەی ئیستاتیکایی من لێرە هیچ دواڕۆژێکی مەزن بەدی ناکەم. لەپاش بیست ساڵ هەوادارانی ڕۆمانی بەپێز هێندەی گروپی خوێنەرانی شیعری زمانی لاتینی دەبن – ئەویش مەبەستم لە گروپی ئەمڕۆیە نەوەک هی سەردەمی ڕێنێسانس.

دی ڤێلت: لە هەموو جێیەکی ئەم وڵاتە چۆن قارچ لە زەوییەوە دەردەپەڕێت، ئاواش یانەی کتێب قووت دەبنەوە. ئایا ئەو یانانە دەتوانن هەلی ئەوە بڕەخسێنن ئارەزوو بۆسەر ڕۆمان بەرینتر و قووڵتر بکەن؟ یاخود ئێمە لێرەدا تەنها خۆمان فریو دەدەین؟
ڕۆس: من هەرگیز لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی ئەو یانانەدا نەبووم. ڕاستییەکەی هیچ شتێک سەبارەت بەو یانەی کتێبانە نازانم. بەڵام لە سەرچاوەی ئەو ساڵە دوور و درێژانەمەوە وەک پڕۆفیسۆری ئەدەب ئەوە دەزانم کە ئەرک و ڕەقییەکی زۆری دەوێت، کە مرۆڤ دەرەقەت دێت لە ڕەوتی سێمێستەرێکدا بینوێنێت، کە لانی کەم باشترین خوێندکارەکان وا لێبکەیت، کە بە تەواوی ژیریی خۆیانەوە و بەبێ تەفسیری زۆرزانانە کتومت ئەو ئەدەبە بخوێننەوە کە مرۆڤ مەبەستێتی، و خۆیان لەو خێوی گشتگیرییە بپارێزن. ئایا ئەو یانەی کتێبانە خاوەنی دیسیپلینێکن کە مرۆڤ هێندە چاوەڕوانی ئەنجامی لەو جۆرەیان لێبکات؟
دی ڤێلت: وا دەردەکەوێت، هەریەک لە کتێبەکانی ئێوە لە کۆمەڵێک پرسیاری جیاواز جیاوازی ڕوانیووە، کە ئێوە سەبارەت بە ژیان، سەبارەت بە سێکس و پیربوون و نووسین و مەرگ لە خودی خۆتتان کردووە. ئایا ئەو پرسیارانەی ئەمڕۆ سەریان قاڵ کردوون کامانەن؟
ڕۆس: لەم ئان و ساتەدا خەریکی مێژووی ئەمەریکای سەدەی نۆزدەیەمم. ئەو پرسیارانەی لەم ئان و ساتەدا سەریان قاڵ کردووم، کێنزیسی خوێنرژاوە، کۆنفیدراڵیییە، مادەی سیانزە و چواردە و پانزەهەمەینە، کو کلوکس کلانە، سەرهەڵدان و کەوتنی کۆمارییەکانە، هەستانەوەی دیموکراتەکانە، سەرەک کۆمار لینکلنە، ڕەگەزپەرستیی سپیپێستەکانە، ڕاونانی سەرلەبەری هیندییە سوورەکانە، بەرهەڵستی چینی کرێکارانە ... سەرم پڕە لەو زەمەنەی ئەوسا. دەڕۆم بۆ مەلە، تەماشای یارییەکانی بەیسبۆڵ دەکەم، چێژ لە دیمەنەکانی سروشت دەبینم، تەماشای ئەم فیلم و ئەو فیلمی سینەمایی دەکەم، گوێ لە مۆزیک دەگرم، نانی باش دەخۆم و هاوڕییانم دەبینم. کاتێک لە دەرەوەی شارم سەرنجم زۆر بەلای سرووشتدا دەڕوات. ئا لەویادا کات بۆ خۆتەرخانکردنێکی هەمیشەیی بۆ شتی وەک پیربوون و نووسین و سێکس و مەرگ نامێنێتەوە. کە ڕۆژیش ئاوا دەبێت سووک و ئاسان لەوە هیلاکترم تاوەکو شتێکی دیکە بکەم.

ئەم چاوپێکەوتنە لە زانکۆی ستانفۆرد سازدراوە.