سعودیە كوژرانی خاشقچی ڕاگەیاند

جیهان 20/10/2018


چاودێر:
حكومەتی سعودیە كوژرانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی كە ماوەی 18 ڕۆژە دیارنەماوە، ڕاگەیاند.
دادوەری سعودیە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، رۆژی 2ی ئەم مانگە جەمال خاشقچی بۆ كاروباری ئیداری سەردانی كونسوڵخانەی سعودیەی لە ئیستەنبوڵ كردووە، لەوێ لەگەڵ كارمەندان بووەتە شەڕی و بەهۆیەوە كوژراوە.
سعودیە ڕاشیگەیاندووە، ئەوانەی دەستیان لە كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسەدا هەبووە، سزا دەدرێن.
جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی نەیاری دەسەڵاتدارانی سعودیە ماوەی 18 رۆژ بوو لەدوای چونەوە ژوورەوەی بۆ كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ دیار نەماوە، ئەمەش كاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و فشارێكی زۆر لە سەر ریاز دروستكرا.
لەبارەی كوژرانی خاشقچییەوە ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان وتی 
"زۆر خەمبارین بە گیانلەدەستدانی جەمال خاشقچی و بانگھێشتی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی خێرا و شەفاف و فراوان دەكەین".
كۆشكی سپی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەوبارەوە لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، خەمبارن بە گیانلەدەستدانی خاشقچی و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و دەستگیرانەكەی كرد.