ئێسقانه دڵنشینه‌کان، ڕووداوە ڕاستەقینەکەی ئالیس سێبۆڵد
ماردین ئیبراهیم
له ڕۆژێکی هێمنی مانگی
پێنجی ساڵی ١٩٨١ دا، کچێکی گه‌نجی ژیکه‌ڵه به ئه‌سپایی به ڕێگای ئاسایی خۆیدا له‌ناو
پارکێک ده‌روات و ده‌یه‌وێت بچێته‌وه ماڵه‌وه. له ڕێگا تووشی پیاوێک ده‌بێت. پیاوه‌که
ژیکه‌ڵه‌یی و ته‌نیایی کچه‌که و چۆڵیی ده‌وروبه‌ر به فرسه‌ت ده‌زانێت، بۆیه په‌لاماری
کچه‌که ده‌دات، ڕاپێچی ناو گونجی ژێر پردێکی ده‌کات، به تۆپزی سێکسی له دوواوه له‌گه‌ڵدا
ده‌کات، ئازاری فیزیکی ده‌دات و لێی ده‌دات و ئینجا دووای ئه‌وه‌ی میزی پێدا ده‌کات
به نیمچه بێهۆشی و تۆقیوی جێی ده‌هێڵێت. ئه‌و کچه ژیکه‌ڵه‌یه جگه له ڕۆماننووسی به‌تووانای
ئه‌مریک' ئالیس سێبۆڵد' که‌سی تر نییه. ئه‌و کچه ساڵانێک دوواتر که ڕۆمانه جوانه‌کانی
ده‌نووسێت و له ڕێگای یاده‌وه‌ری و نووسین و چاوپێکه‌وتن و هه‌ڤپه‌یڤینه‌کانیه‌وه
سه‌رنجمان بۆ ئه‌و کاره‌ساته تایبه‌تییه‌ی خۆی ڕاده‌کێشێت.
دووای ئه‌وه‌ی پۆلیس شکست
ده‌هێنێت له دۆزینه‌وه‌ی کابرای ده‌ستدرێژیکه‌ر، به ئالیس سیبۆڵد ده‌ڵێن که ئه‌و
به‌ختی هه‌بووه که نه‌کوژراوه چونکه که‌سانی دی هه‌م ده‌سترێژی سێکسیان کراوه‌ته
سه‌ر و هه‌م کوژراون. چه‌ند مانگێک دوواتر کاتێک سێبۆڵد به ڕێگایه‌کدا ده‌ڕوات له
پڕ چاوی ده‌که‌وێته سه‌ر ئه‌و پیاوه‌ی پێشتر ده‌ستدرێژی کردۆته سه‌ر، بۆیه یه‌کسه‌ر
په‌یوه‌ندی به پۆلیسه‌وه ده‌کات. کابرا ده‌گیرێت و تاوانه‌که‌ی به‌سه‌ردا ساغ ده‌بێته‌وه
و حوکم ده‌درێت. سێبۆڵد ساڵانێک دوواتر و به دیاریکراوی له ساڵی ١٩٩٩ دا یاده‌وه‌ریه‌کانی
خۆی له کتێبێک‌دا بڵاو ده‌کاته‌وه به ناوی 'به‌به‌خت' و تیایدا چیرۆکی تراژیدی
خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
ئالیس سێبۆڵد دووای
ساڵانێکی سه‌ختی کارکردن له کافێ و ڕیستۆرانته‌کان و چه‌ندان هه‌وڵی شکستخواردوو
بۆ بوون به نووسه‌ر، ساڵی ١٩٩٩ و له ڕێگه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانییه‌وه
'به‌به‌خت' سه‌رنجی خوێنه‌ران و ڕه‌خنه‌گران بۆ خۆی ڕاده‌کێشێت. دوواتر ڕۆمانه‌که‌ی
به‌ناوی 'ئێسقانه دڵنشینه‌کان' ساڵی ٢٠٠٢ و ئینجا ڕۆمانه‌که‌ی تری به‌ناوی 'مانگه
به‌نزیکه‌ییه‌که' ٢٠٠٧ و که له‌وێشدا چیرۆکی کوشتن و ئازار و فه‌رامۆشی و نیگه‌رانیمان
بۆ ده‌گێڕێته‌وه.
ئێسقانه دڵنشێنه‌کان هه‌م
به‌هۆی ئاستی ئیستاتیکی و نرخی ئه‌ده‌بیی ڕۆمانه‌که، هه‌م بۆ نیمچه‌هاوشێوه‌یی
ڕووداوه ترۆما‌ئامێزه‌کانی ناوی له‌گه‌ڵ چیرۆکی ده‌ستدرێژی بۆ سه‌رخۆی، یه‌کێکه
له‌و ڕۆمانانه‌ی که خوێنه‌رانێکی زۆری له ده‌وری خۆی کۆکردۆته‌وه و خوێندنه‌وه‌ی
ره‌خنه‌یی زۆری ده‌رباره نووسراوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر ناوبانگی بۆ په‌یدا ده‌کات
ئه‌و کاته‌یه که له ساڵی ٢٠٠٩ دا له لایه‌ن پیته‌ر جا‌کسۆنی ده‌رهێنه‌ره‌وه ده‌کرێت
به فیلم.
ئالیس سیبۆڵد له ڕۆمانی
'ئێسقانه دڵنشینه‌کان' دا باسی سوزی سالمون ده‌کات که کیژۆڵه‌یه‌کی چووارده ساڵانه
و ئێواره‌یه‌ک له رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی له قوتابخانه به‌ناو کێڵگه‌کی گه‌نمه‌شامیدا
ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه. له‌ناو کیڵگه‌که‌دا تووشی جۆرج هارڤی ده‌بێت که پیاوێکه له
ناوه‌ڕاستی سیه‌کانی ته‌مه‌نیدا و له نزیک ماڵی سوزیه‌وه ده‌ژیت. ئه‌و پیاوه که
پیاوێکی ته‌نیا ته‌ریک و دووره‌په‌رێزه بژێوی ژیانی خۆی له ڕێگه‌ی دروستکردنی
خانووچکه‌ی منداڵانه‌وه مسۆگه‌ر ده‌کات، داوا له سوزی ده‌کات که له‌گه‌ڵیا بچێته
ناو کونێکی ژێرعه‌رد که دروستی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک که‌ره‌سه و وورده‌واڵه
و کاری ده‌ستی خۆی پیشان بدات. سوزی به دوودڵیه‌وه ڕازی ده‌بێت. هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی
بۆ ناو کونه‌که جۆرج هارڤی ده‌ستدرێژی سێکسی ده‌کاته سه‌ر منداڵه‌که و ئینجا ده‌یکوژێت،
دوواتر بۆ شوێنبزکردنی تاوانه‌که له‌شی منداڵه‌که پارچه‌پارچه ده‌کات و ده‌یشارێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌رفه‌تێکدا فڕێیان بدات.
جاک، باکی سوزی، که خۆشه‌ویستیه‌کی
قووڵی بۆ منداڵه‌کانی هه‌یه و هه‌روه‌ها دایکی سوزیش، ئه‌بیگه‌یڵ، نایانه‌وێت باوه‌ر
به مردنی کچه‌که‌یان بێنن و چونکه هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه له‌سه‌ر مردنی ته‌نیا
هێنده هه‌یه که دیار نه‌ماوه. به‌ڵام ڕۆژێک سه‌گێکی ماڵه دراوسێ ئێسقانێکی ئانیشکی
سوزی ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌کات جاکی باوکی سوزی گومان له جۆرج هارڤی
دراوسێیان بکات. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پۆلیس لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ جۆرج هارڤی ده‌که‌ن
به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌وه ناتووانن بیگرن . باوکی سوزی هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی
نییه به‌ڵام هه‌ستێکی ناوه‌کی پێی ده‌ڵێت که جۆرج بکوژی منداڵه‌که‌یه‌تی ئه‌وه‌ش
بارودۆخێکی ده‌روونی دژوار و هیستیریی بۆ دروست ده‌کات، کاتێکیش پۆلیس ئاگاداری ده‌کات
که ئیتر به‌هۆی نه‌بوونی سه‌ره‌داوی ڕووداوه‌که‌وه که‌یسی لێکۆڵینه‌وه‌کان داده‌خه‌ن
هێنده‌ی تر ده‌هری ده‌بێت. جاک و ڕه‌نجی به‌رده‌وامی ئه‌و بۆ دۆزینه‌وه‌ی بکوژی
کچه‌که‌ی هه‌لومه‌رجێکی سه‌خت بۆ خێزانه‌که دێنێته ئاراوه، به‌راده‌یه‌ک په‌یوه‌ندی
ئه‌وله‌گه‌ل ئه‌بیگه‌یڵی ژنی به‌ره‌و داڕمان ده‌بات تا ئه‌و جێگایه‌ی ئه‌بیگه‌یل
له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی خێزانی خۆی په‌یوه‌ندی سۆزداری داده‌مه‌زرێنێت. له ڕۆمانه‌که‌دا،
دیاره له فیلمه‌که‌شدا زۆر به جووانی و سۆزێکی یه‌کجار خه‌مناکه‌وه ڕۆحی سوزی له
به‌هه‌شته‌وه چاودێری ڕووداوه‌کان ده‌کات و دێته خه‌ونی باوکیه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌م
بۆ خوێنه‌ر هه‌م بۆ بینه‌ری فیلمه‌که یه‌کێکه له پڕژانترین به‌شه‌کان که به‌هۆی نه‌بوونی
هیچ شایه‌تێک به‌سه‌ر ڕووداوی کوشتنه‌که‌وه سوزی بچکۆلانه ناچاره خۆی رووداوه‌که‌مان
بۆ بگێڕێته‌وه. لێره‌وه‌یه و له ڕێگای گێڕانه‌وه‌ی سوزیه‌وه به‌چه‌ندان قوربانی
تره‌وه ئاشنا ده‌بین له به‌هه‌شت که ئه‌وانیش قوربانی ده‌ستی جۆرج هارڤین، ئه‌و
قوربانیانه‌ی ده‌ستدرێژیان کراوه‌ته سه‌ر و دوواتر کوژراون و ڕۆحه‌کانیان به‌ره‌و
به‌هه‌شت فڕیوه.
لیندزی که خوشکی سوزیه ئه‌ویش
وه‌کو باوکی گومانی له جۆرج هه‌یه که خوشکه‌که‌ی کوشتبێت، بۆیه ڕۆژێک به دزیه‌وه
خۆی به ماڵی جۆرجدا ده‌کات و له‌وێ نه‌خشه‌ی ئه‌و کونه‌ی به‌رچاو ده‌که‌وێت که
جۆرج له‌ناو کێڵگه‌ی گه‌نمه‌شامیه‌که‌دا دروستی کردووه. ئیتر وورده وورده به‌ڵگه
ده‌ست ده‌که‌وێت له‌سه‌ر تاوانه‌کانی جۆرج. لیندزی ساڵانیک دوواتر له‌گه‌ڵ ساموێڵی
دۆستیدا ئه‌ڵقه‌ی ده‌زگیرانی ده‌گۆڕنه‌وه. هه‌ڵبه‌ته سوزی له به‌هه‌شته‌وه چاودێری
ئه‌و ڕووداوانه ده‌کات، هه‌م چاودێری په‌یوه‌ندی خوشکه‌که‌یی و ساموێڵ، هه‌م په‌یوه‌ندی
ڕای سینگ له‌گه‌ڵ ڕوس (ڕای سینگ هاوپۆلی سوزی بوو و حه‌زی له سوزی بوو، هه‌روه‌ها
بڕیار بوو به‌یه‌که‌وه بچنه ژووان به‌ڵام دیارنه‌مانی سوزی ئه‌و پلانه تێک ده‌دات).
ڕۆحی سوزی به شێوازی جۆراوجۆر و له‌کاتی جیاوازدا دێته‌وه ناو ژیانی ئه‌و دووانه،
ته‌نانه‌ت له‌یه‌کێک له‌و جارانه‌دا کاراکته‌ری ڕوس و سوزی به‌ڕاده‌یه‌ک به‌یه‌کداده‌چن
و له دیمه‌نێکی پڕئه‌فسووندا تێکه‌ڵ ده‌بن که ڕای سینگ وا ده‌زانێت سێکس له‌گه‌ڵ
سوزی ده‌کات نه‌ک ڕۆس.
ساڵانێک دوواتر جۆرج ده‌گه‌ڕێته‌وه
ئه‌و ناوه‌و ده‌بینێت قوتابخانه‌که که سوزی تیایدا خوێندکار بوو فراوان بووه و ئه‌و
کونه‌شی گرتۆته‌وه که ئه‌و له‌ناو کێڵگه‌ی گه‌نمه‌شامیه‌که‌دا چێیکردبوو. لیندزی
خوشکی سوزی له‌گه‌ڵ ساموێل منداڵێکیان ده‌بێت. ئه‌بیگه‌یڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه لای جاک
هه‌رچه‌نده زۆر دره‌نگه بۆ ئه‌وه. جۆرج به‌هۆی که‌وتنی پارچه چلووره‌ی سه‌هۆڵین
به‌سه‌ریا قاچی هه‌ڵده‌خلیسکێت و ده‌که‌وێته ناو خه‌ره‌ندێکه‌وه و ده‌مرێت. ئیتر
لێره‌وه‌یه که سوزی و تارمایی سوزی واز له خێزانه‌که و به دیاریکراوی له باوکی ده‌هێنێت.
ئالیس سێبۆڵد زۆر زیره‌کانه
کۆتایی به ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه‌که هێناوه به‌تایبه‌ت له‌وه‌دا که جۆرج به‌شێوه‌یه‌ک
ده‌مرێت که ده‌ستی هیچ که‌س له ئه‌ندامانی خێزانی زی تێدا نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی
جاک ڕه‌نجێکی زۆر ده‌دات بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه له‌سه‌ر تاوانباری جۆرج، هه‌روه‌ها
له یه‌کێک له ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه‌که‌دا هه‌وڵی کوشتنی که‌سێک ده‌دات که به‌هه‌ڵه
وا ده‌زانێت جۆرجه، به‌ڵام له ڕاستیدا یه‌کێک له هاوڕێکانی سوزیه که له‌وکاته‌دا
له‌ناو کێڵگه‌ی گه‌نمه‌شامیدا له‌گه‌ڵ دولبه‌ره‌که‌یدا ژووانی هه‌یه. لێره‌وه
مردنی جۆرج هیچ جۆره هه‌ستی تۆڵه‌یه‌ک لای خوێنه‌ر- هه‌ڵبه‌ته لای بنه‌رانی فیلمه‌که‌ش-
ناجوڵێنێت، به‌ڵکو مردنه‌که‌ی ده‌بێته نیشانه‌یه‌ک له دادپه‌روه‌ری سروشتیی.
ئه‌م ڕۆمانه ساڵی ٢٠٠٩ له‌لایه‌ن
ده‌رهێنه‌ری به تووانای نیوزله‌ندی پیته‌ر جا‌کسۆن کراوه به فیلم. شیاوی باسه پیته‌ر
جا‌کسۆن به‌رهه‌مهێنه‌ری چه‌ندان فیلمه له‌ناویاندا، کینگ کۆنگ، خوداوه‌ندی ئه‌نگوستیله‌کان:
هاوڕێیه‌تی ئه‌نگوستیله‌که، خوداوه‌ندی ئه‌نگوستیله‌کان: دوو تاوه‌ره‌که، خوداوه‌دی
ئه‌نگوستیله‌کان: گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشا. ڕاشێڵ وه‌یسز ڕۆڵی دایکی سوزی ده‌بینێت و هه‌روه‌ها
ئه‌کته‌ری گه‌نجی به‌تووانا سۆیرس ڕۆنان ڕۆڵی سوزی ده‌بینێت.
ئه‌م ڕۆمانه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م
فیلمه‌ش یه‌کێکه له کاره ئه‌ده‌بی و هونه‌ریه جوانه‌کان که سه‌رنجمان بۆ تراژیدیای
تاوانی کوشتن و ده‌ستدرێژی سێکسی ڕاده‌کێشێت، هه‌روه‌ها سه‌رنجمان بۆ ئاکامه مه‌رگباره‌کانی
ئه‌و جۆره له تاوان راده‌کێشێت. سوزی له ڕۆمانه‌که‌دا، وه له فیلمه‌که‌شدا به شێوه‌یه‌کی
یه‌کجار خه‌مناک ده‌ڵێت: 'بکوژه‌که‌م هه‌موو شتێکی ده‌زانی، ته‌نیا ئه‌وه‌ی نه‌ده‌زانی
که باوکم چه‌نده منی خۆش ده‌ویست'.