کەریم دەشتی نوێترین دیوانە شیعری بڵاو دەکاتەوە

ڕەخنەی چاودێر 18/10/2018

ڕەخنەی چاودێر

کەریم دەشتی نووسەر و شاعیری بەناوبانگ، نوێترین دیوانە شیعری خۆی لەژێر ناوی "ئەفیونی من، تەوقەم لەگەڵ کێڵگەیەک کرد کتێبی بارانی دامێ" بڵاو کردەوە.
کتێبەکە لە دوتوێی ١٥٠ لاپەڕەی مامناوەنددا بڵاو کراوەتەوە و تیایدا ١٤٣ شیعری لە خۆ گرتووە، کە سەرجەم شیعرەکان کورتن.
کەریم دەشتی لە ساڵی ١٩٥٥ لە هەولێر لەدایک بووە، دەرچووی کۆلێژی مافەکانی بەغدایە و یەکەم دیوانە شیعریی خۆی لە ساڵی ١٩٨٠ لەژێر ناوی "خاک و هەڵۆ" چاپ و بڵاو کردووەتەوە. کەریم دەشتی جگە لەوەی شاعیرێکی پڕبەرهەم و ناسراوە، هاوکات وەرگێڕێکی بە تواناشە و چەندان شاکاری جیهانیی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
کەریم دەشتی زیاتر لە ٢٠ دیوانە شیعری هەیە لەگەڵ چوار نۆڤلێتدا، هاوکات نزیکەی دە بەرهەمی ڕۆمانی وەرگێڕدراوی هەیە و ٧ دیوانە شیعریشی کراون بە عەرەبی و لە بوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و دیدگا و چاوپێکەوتنیشدا چەند کتێبێکی هەیە.
لە کتێبی ئەفیونی مندا، کەریم دەشتی لەسەر سرووشت، کتێب، نیشتیمان و عەشق و جوانی قسەی کردووە و ڕووئیایەکی ڕوون و شاعیرانە و زمانێکی شیرین لە ناوەڕۆکی شیعرەکانیدا ئامادەن.

نموونەیەک لە شیعرەکانی ناو کتێبەکە:
کە نارنجی ڕۆحم
بە ئاگری شەرابی سوور سووتا
سەدەها وشە و ڕستەم هێنا
جریوەم لە قوڕگی مەل فڕاند
قەڵەمم لە کەمەری شێر دەرهێنا
شیعر دانەگیرسا
کە هاتی
حەرفی ناو کتێبی ئەو کەونە هەڵڕژا
شیعر وەک ڕێژنەی با بە ژیان هەڵپژا


ئەو کتێبە ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا دەست دەکەوێت.