هاوڵاتیان، پەنا بۆ داربڕینەوە دەبەن

کوردستان 17/10/2018

چاودێر – رێبین حەسەن
بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی سەرما و نەبوونی نەوتی پێویست، هاوڵاتیان و دانیشتوانی سنووری پێنجوێن، بۆ دەستكەوتنی دار و خۆگەرمكردنەوە، دەستیان بە دابڕینەوە كردووە و ناشیشارنەوە، ئەو كارەیان زیانی بۆ ژینگە هەیە، بەڵام بەناچاری و بۆ خۆپاراستنیان لەسەرما وادەكەن.

 
ئەسعەد دانا، دانیشتوی ناو قەزای پێنجوێن، بەچاودێری راگەیاند: بەهۆی نەدانی سوتەمەنی و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، رۆژانە روو دەكەینە دارستانەكانی سنووری شارۆكەكەمان و دەست بەداربڕینەوە دەكەین و بڕینەوەی دار دژی رێنماییەكانی ژینگەیە، بەڵام بەناچاری و بۆ خۆگەرمكردنەوەی ماڵ و منداڵمان ئەو كارە دەكەین و دەشزانین ژینگە تێكدەدات و ئەگەر نەوتمان بدرێتێ‌، ئێمەش نامانەوێت كارێكی وا بكەین.

روونیشیكردەوە،"دانیشتوانی پێنجوێن، روو لەشاخەكان دەكەن، بۆ دەستكەوتنی دار، چونكە ناوچەی پێنجوێن ساڵانە لەوەرزی پایز و زستاندا، بەهۆی ئەوەی كە شوێنێكی شاخاوییە، سەرماكەی زیاترە و بەو هۆیەشەوە خەڵك زیاتر رووی لەداربڕینەوە كردووە".

لەلایەكی ترەوە، دلاوەر حەسەن، ژینگە پارێز لەپێنجوێن، بۆ چاودێر، رایگەیاند: لەبەرئەوەی تائێستا نەوت بەسەر دانیشتوانی پێنجوێندا دابەش نەكراوە، بۆیە هاووڵاتییانی سنوورەكە هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدا نین كە زیان بە ژینگە بگەیەنن، بەڵام وەك خۆشیان ئاماژەی بۆ دەكەن بەناچاری و بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی، پەنا دابڕینەوە دەبەن.

وتیشی "بەهۆی دابەش نەكردنی سوتەمەنی، ژمارەیەكی زۆر لە درەختەكانی پێنجوێن ببڕدرێنەوە، چونكە خەڵك ناتوانێت بەرگەی سەرما و سۆڵەی زستان بگرێت و بەناچاری دەست بە بڕینەوەی درەختەكان دەكات".