چوار پرس لای واڵته‌ر بنیامین

ڕەخنەی چاودێر 16/10/2018

و.ڕه‌خنه‌ی چاودێر


یه‌ک: پارادۆکسێکی تایبەت: خەڵکی تەنها ناچیزترین بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان لە زەیندایە لە کاتێکدا بە کارێک هەڵدەستن، بەڵام هەمانکاتیش لە هەڵسووکەوتەکانیاندا زیاتر لە لایەن غەریزەکانی مێگەلەوە ئاراستە دەکرێن. لە هەریگزیش زیاتر غەریزەکانی مێگەل شێت بوون و بە ژیان نامۆ بوون. هەروەک چەندین سەرگوزەشتەی بێشوومار دەگێڕنەوە، لە کوێ بزوێنەری ئاژەڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکدا، کە هێشتا نادیار دەردەکەوێت، ڕێگای دەربازبوون دەدۆزێتەوە، کتومت ئا لەویادا کۆمەڵگا هەڵدەوەرێت، کۆمەڵگایەک کە تاک بە تاکی ئاسوودە نزمەکانی خۆی ڕەچاو دەکات، بە بەنجییەکی ئاژەڵییانەوە بەڵام بەبێ زانینە ناخودئاگاکەی ئاژەڵ، وەک مێگەلێکی کوێر هەریەک لە مەترسییە هەرە نێزیکەکانیش و فرەچەشنیی ئامانجە ئیندیڤیدوالییەکان لەپێش شووناسی هێزە بڕیاردەرەکان مانای خۆیان دەدۆڕێنن. چەندین جار دەرکەوتووە کە هۆگرییان بۆ ژیانی ڕاهاتوو و ژیانێک کە لەمێژە لە دەست دەرچووە، هێندە سەرسەختە، بە چەشنێک کە بە کارهێنانی ڕاستەقینەی دانایی، بە مەرج، تەنانەت لە زەقترین مەترسیدا شکست دەهێنێت. بە جۆرێک کە تیایدا وێنەی کەرییەتی دەگاتە جەماڵ: دوودڵی، بەڵێ تەنانەت پێرڤێرزیی غەریزە گرنگەکانی ژیان و بێهۆشی، بەڵێ هەڵوەرینی عەقڵ. ئەوە دۆخی کۆی هاووڵاتییانی ئەڵمانە. 

دوو: هەموو پەیوەندییە نێزیکەکانی مرۆڤ، ڕوونییەک کە مرۆڤ وەختە بەرگەی نەگرێت، دەیانپێکێت، ڕوونییەک کە تیایدا پەیوەندییەکان بە ئاستەم لە توانایاندایە خۆیان لەسەر پێ بگرن. چونکە بەوەدا کە لە لایەکەوە پارە بە چەشنێکی وێرانکەر لە چەقی هەموو پەرژەوەندییەکانی ژیاندایە، لە لایەکی دیکەوە کتومت پارە ئەو سنوورەیە، کە لە پێش دەمیدا نێزیکەی هەموو پەیوەندییەکانی مرۆڤ شکست دەخۆن، بەو جۆرە متمانە و ئارامیی و تەندرووستی بێئاوێنە هەر دێتوو زیاتر و زیاتر لە سروشت و مۆراڵدا ون دەبن.

سێ: لە بەلاش خەڵکی ڕانەهاتوون دەستەواژەی (ڕیسوایی ڕووت) بە کار بهێنن. ئەوەی لەو نمایشەی ڕیسواییەدا، کە ئەخلاق لەژیر یاسای تەنگەژەدا دەست پێ دەکات و سەرەڕای ئەوەش لە هەزاردا یەک لە غەیب بە دەر دەخات، نالەبارترینە، ئەوە بەزەیی یاخود هەمان خودئاگاییەکی سامناکی هەستنەبزێوی خود نییە، کە لە ناخی ڕوانەردا بە خەبەر دەهێنرێت، بەڵکو شەرمندەییەتی. ژیانکردن لە شارێکی گەورەی ئەڵمانیادا مومکین نییە، لە شارێکدا کە برسییەتی زۆر لە هەرە ڕیسواکان دەکات، بەو پارە کاغەزانە بژین کە مرۆڤە تێپەڕیوەکان هەوڵ دەدەن ڕووتییەکی پێ دابپۆشن، کە زامداریان دەکات.

چوار: (هەژاری شەرم نییە)، شەرمە و چاکیش. بەڵام ئەوان هەژارەکان شەرمندە دەکەن. ئەوە دەکەن و بەو پەندەش دڵنەوایی دەدەنەوە. ئەوە لەوانەوە هاتووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەیانخوارد و ئێستا ڕۆژی بەسەرچوونیان لەمێژە هاتووە. جیاوازتر نییە وەک لەو دروشمە دڕندەیەی کە دەڵێت: (ئەوەی کار نەکات، ناشبێت نان بخوات). کاتێک کارێک هەبوو کە پیاوەکانیانی بەخێو دەکرد، هەژارییش لە ئارادا هەبوو، بەڵام هەژارییەک کە پیاوەکەی شەرمندە نەدەکرد لە کاتێکدا لە کەمئەندامی یاخود لە چارەنووسێکی دیکەوە سەرچاوەی گرتبێت. بەڵام ئەوەی مرۆڤ شەرمندە دەکات ئەو فەقیرییەیە، کە ملیۆنەها تیا لە دایک دەبن، سەدان هەزار تێوەی دەگلێن، کە هەژار دەکەون. پیسوپۆخڵی و ڕیسوایی وەک شوورا، وەک کاری کۆمەڵێک دەستی نادیار بە دەوریاندا بەرز دەبنەوە. بەڵام تاکەکەس هەروەک چۆن دەتوانێت بۆ خودی خۆی بەرگەی زۆرێک بگرێت و بەڵام هەست بە شەرمی ڕەوا بکات، کاتێک ژنەکەی دەیبینێت چی بارێکی هەڵگرتووە و خۆشی قبووڵی دەکات، بەو چەشنە تاکەکەس بۆی هەیە بەرگەی زۆرێک بگرێت، هێندەی ئەوەی خۆی بە تەنها بەرگەی بگرێت، بۆشی هەیە بەرگەی هەموو شتێک بگرێت، هێندەی ئەوەی حەشاری بدات. بەڵام هەرگیز یەکێک بۆی نییە لەگەڵ هەژاریدا ئاشت بێتەوە، گەر ئەو وەک سەهەندێکی زەبەلاح دایبێت بەسەر گەل و ماڵەکەیدا. ئەوکات دەبێت هەستەوەرەکانی هۆشیار ڕابگرێت بۆ هەر جۆرێک لە سووکایەتی، کە دەبێت بە بەشیان، و مشوورخۆریان بێت هەتا ناڵە و ئازاریان چیدیکە شەقامە لێژەکەی غەمگینی نا، بەڵکو توولەڕێگایەکی شۆڕشیان بەرەو بەرزایی بۆ بخوڵقێنێت. بەڵام لێرەدا هیچ هیوایەک نەماوە، هەتا تاک بە تاکی سامناکترین و تاریکترین چارەنووس ڕۆژ بە ڕۆژ، بەڵێ کاتژمێر بە کاتژمێر لە لایەن ڕاگەیاندنەوە مشتوومڕ بکرێت، بە هەموو ڕیزبەندییە ڕووکەشی و هۆکارە ڕووکەشییەکانەوە نیشان بدرێت، کۆمەک بە هیچ کەس نەکات بۆ تێگەیشتن لە هێزە تاریکەکان، کە ژیانی بووەتە ملکەچیان.

 

سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وتاره‌ کتێبی شه‌قامی یه‌کئاراسته‌ی واڵته‌ر بنیامینه‌.