یاداشتێک دەربارەی فیلمی لالەنگی

ڕەخنەی چاودێر 15/10/2018

پشتیوان کەمال


فیلمی "لالەنگی" فیلمێکە هەم دەربارەی جەنگ و هەم دەربارەی جەنگیش نییە. فیلمەکە باس لە جەنگی نێوان چیچانی و جۆرجییەکان دەکات بەڵام ئەوەی دەرهێنەر فۆکسی خستووەتە سەر ڕق و نەتەوە و دینە نەک شەڕکردنی دژی یەک و بەکارهێنانی چەک. چیچانییەک ڕقی لە هەموو نەتەوەکانی ترە، جۆرجییەک بە هەمان شێوە. ئەم جێگایەک بە خاکی خۆی دەزانێت و ئەویش بە خاکی خۆی. یەکیان ئیسلام و ئەوی تریان مەسیحی. ژیان بەم جۆرە بەردەوام دەبێت؟ فیلمەکە لە کۆتاییدا دەیەوێت تێڕوانینی ئێمە چۆن بێت بۆ ژیان؟
ئیڤۆ پیاوێکە لە گوندێکدا دەژی و خەریکی دروستکردنی سندوقە بۆ لالەنگی هاوڕێکەی، مارکوس کە دراوسێیەتی لەو جێگەیەدا و تەنها ئەو دووانە ماون لەو شوێنە کە هەریەکیان هۆکارێکیان هەیە تاوەکو ئەو شوێنە جێنەهێڵن بەرەو ئیستۆنیا. ئیڤۆ دەیەوێت لەگەڵ گۆڕی هاوسەرو کوڕەکەیدا بمێنێتەوە، مارکوسیش دەیەوێت لالەنگییەکانی بفرۆشێت و پاشان ئەو جێگایە جێبهێڵێت.
زازا ئوروشادزێی جۆرجی کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە بە بودجەیەکی کەم و سیناریۆو وێنەیەکی سیحراوی. بابەتێکی ئینسانی هەڵبژاردووە تا کاری لەسەر بکات کە دەکرێت لە هەر سوچێکی ئەم دنیاوە ئازارەکانی مرۆڤی تیا ببینی و بخوێنیتەوە.
جەنگێک هەیە لەنێوان جۆرجییە مەسیحییەکان و چیچانییە موسوڵمانەکاندا لە خاکێکدا کە پێی دەڵێن ئەبخازیا. ئەبخازیا دەیەوێت سەربەخۆیی بەدەستبهێنێت لەژێر دەستی جۆرجییەکاندا. جۆرجییەکان ئەو خاکە بە نیشتیمانی خۆیان دەزانن. چیچانییەکان شەڕ بۆ شوێنێک دەکەن کە هی خۆیان نییە و بەیارمەتی ڕووسیا پەلاماری جۆرجییەکان دەدەن.
ئەوەی وامان لێدەکات کە سیناریۆکە زۆر سەرنجڕاکێش ببینین ئەوەیە کە سێکسی تیا نییە، توندوتیژییەکی زۆری تیا نییە، تەنانەت شەڕێکی چەند دەقەیی زۆر کەمیی تیایە کە ئەگەر تۆی بینەریش بیبینیت دەڵێیت دەبێت شەڕێکی وا لەم سیناریۆیەدا هەبێت، دەبێت.
کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە ئیڤۆیە. ئیڤۆ بە بنەچە خەڵکی ئیستۆنیایە، بەڵام ساڵانێکی زۆرە لە گوندێکی دوورەدەستی ئەبخازیادا دەژی. کچەکەی مارکوس ئەو گوندەی لەبەر جەنگ بەرەو ئیستۆنیای خاکی خۆی جێهێشتووەو ئیڤۆش دەیەوێت لەپاڵ گۆڕی ژنەکەیدا بمرێت. ئیڤۆ کەسێک نییە بیەوێت لایەنگری لە جەنگەکەدا بکات، بەڵکو ئەو مرۆڤە دەیەوێت هەر کەسێک پێویستی بە یارمەتی بێت، یارمەتی بدات، گرنگ نییە کێیە.
ڕۆژێک بەرەی جۆرجی و چیچانییەکان لە نزیک ماڵی ئیڤۆدا دەبێتە شەڕیان و تەنها دوو کەسی بریندار دەمێننەوە. چیچانییەکی موسوڵمان و جۆرجییەکی مەسیحی. ئیڤۆ لەو ماڵەدا چارەسەریان دەکات، دکتۆریان بۆ بانگ دەکات. ئەحمەدی چیچانی دەیەوێت جۆرجییەکە بکوژێت کە هێشتا بێهۆشە و لەسەر جێگایە. ئەو دەیەوێت تۆڵەی هاوڕێکەی بکاتەوە کە بەدەستی جۆرجییەکان کوژراوە.
لێرەوە، فیلمەکە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشمان بۆ باسدەکات، چیرۆکی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو دوژمن. ئایا بۆچی شەڕ دەکەن؟ بۆ یەکتری دەکوژن؟ چیرۆکی دوو دوژمن کە دەکرێت ئەم ڕق و گیانی تۆڵەکردنەوەیەی تیایانایە بگۆڕدرێتە خۆشەویستی یەکتری، ببنە هاوڕێی یەکتری، لە پێناو یەکتریدا شەڕ بکەن. بێگوومان تاکە فریشتەی ئەم جێگایە، ئیڤۆی میهرەبانە، کە بە هەموو هیوایەکەوە دەیەوێت هەموو ڕقێک وەلا بنرێت. ئەم دوو کەسە کە ڕۆژێک لە دژی یەک شەڕ دەکەن وایان لێدێت لە پێناو یەکتریدا دەمرن.
لەیەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکاندا، شەڕکەرە جۆرجییەکە و ئیڤۆ قسە دەکەن. جۆرجییەکە باسی ژیانی خۆی بۆ دەکات و پێی دەڵێت کە شانۆکارە. ئیڤۆ پێی دەڵێت گەر جەنگ تەواو بوو دێم لە تیبلیسی سەیری نمایشەکانت دەکەم،پێی دەڵێت ئەحمەدیش دێت، لە شانۆیەکەتدا دادەنیشێت و چەپڵەت بۆ لێدەدات. ئەحمەد لە دەرەوە خەریکی داربڕینە. کۆمەڵێک سەربازی چیچانی دێن و بڕوا بە ئەحمەد ناکەن کە چیچانی بێت، بۆیە دەیانەوێت بیکوژن. شەڕکەرە جۆرجییەکە لە ژوورەوە لە پێناو ئەحمەددا دەست دەکات بە شەڕ و ئەحمەد ڕزگاری دەبێت بەڵآم ئەوەی دەمرێت لەو شەڕەدا شەڕکەرە جۆرجییەکە و مارکوسە کە هەموو خەونی ئەوەیە لالەنگییەکانی بفرۆشێت. لە کۆتاییدا نە شەڕکەرە جۆرجییەکە نمایشەکەی لە تیبلیسی دەکات و نە مارکوسیش خەونە گەورەکەی بەدی دەهێنێت. بەڵآم ئەوەی جێدەمێنێت ئەوەیە کە دەکرێت لە ژیاندا دوژمنێک هەبێت خۆشمان بووێت، شەڕی بۆ بکەین، قسەی لەگەڵ بکەین، لەسەر گۆڕەکەی بوەستین و دوعای بۆ بکەین.
فیلمی لالەنگی فیلمێکە لەبارەی گۆڕینی ڕق بۆ خۆشەویستی، جیاوازینەکردن لە نێوان نەتەوە و دینەکاندا، سڕینەوەی هەموو هێڵەکانی جوگرافییایە. ئەوەی ئەم دارە سحرییەی بە دەستەوەیە ئیڤۆیە کە بە ڕەفتارە غاندییەکانی دوو دوژمن دەکاتە خۆشەویستی یەکتر.