''نووسینی هەر چیرۆکێک لە بەرامبەر دۆڕاندنی نەیارێکە''

ڕەخنەی چاودێر 14/10/2018

وەرگێڕانی : ئالان پەری

دەمەوێ باسی هەندێ شتت بۆ بکەم، بۆ ئەوەی بتوانی لە ئیشەکەتدا بەرەو پێش بڕۆیت، بە شێوەیەک فێر بیت بنووسیت بە هەمان متمانەی هەر نووسەرێک کە بیەوێت بنووسێت.

ئەوە لە یاد بکە کە تۆ نووسەرێکی و تا ئێستا هیچت بۆ بڵاو نەکراوەتەوە، خۆت دابنێ یەکەمین نووسەری جیهانیت. ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە. ئەمە ناچێتە قاڵبی لوتبەرزیی و خۆویستیەوە، زۆر بە سادەیی ئەمە بۆچونێکی پێویستە بۆ نووسەرێکی جیدی. دەبێت باوەڕت بەوە هەبێت کە تۆ تەنها کەسیت لە نێو هەموو نووسەرەکانی جیهان کە چیرۆکی ژیانەوە دەنووسێت. هەوڵ بدە، وا خۆت ڕابهێنە کە ناخت هێمن بێت. هەوڵ بدە لە ژیان ڕابمێنیت، بە چاوێکی بێگەردەوە سەیری دیوی خێر و خراپەکەی بکە، هەوڵ بدە بە دڵێکی پاکەوە یەکێک بیت لە جیهان، لە هەمان کاتدا کەسێکی ڕۆح سوک بیت.. ئەوەش بزانە کە لە دڵی هەر تراژیدیایەک بەردەوام خۆشیەک هەیە، هەروەها لە دڵی هەر خراپەیەک هەمیشە پاکیەک هەیە. لەبەر ئەوە بێوچان هەوڵ بدە کارەکەت بە هەردوو دیوەکە ببەسترێت.

منیش لە لای خۆمەوە هەوڵ ئەدەم باسی چیرۆک و پەخشانت بۆ بکەم. بیرت نەچێت هەموو ئەوەی لێرە باسی دەکەم ئێجگار گرنگە بۆ تۆ.

ڕۆشنایی.. دواتر گونجاندن و سانا، هەوڵ بدە دەقەکەت بێ زەحمەت گونجاو بێت، ئاسان، بهێڵە وشەکان بە ئاسایی بچنە شوێنەکانی خۆیانەوە، نووسینەکەت بە دەنگی بەرزی خۆت بخوێنەرەوە، لە کاتی نووسیندا، چونکە لەڕێی ئەوەوە دەزانیت لە چ ڕستەیەک بڕگەیەک نەشاز دەرچووە. من دڵنیام لە ڕێی زمانەوە دەتەوێ مەبەستەکەتم بۆ بینا بکەیت، شتێک من پێی نازانم، هیچ نووسەرێکیش جگە لە تۆ ناتوانێت ئەوە بکات.

داوات لێ دەکەم بە شێوازێک بنووسیت کە هیچ نووسەرێک جگە لە تۆ نەینووسیوە، نووسەری ڕاستەقینە دەتوانێت ئەوە بکات. بەشێوەیەک زمانێکی تایبەتی خۆتت هەبێت کە هەتا ئێستا بە بیری هیچ کەسدا نەهاتووە، ئەو زمانە زیاتر گەشە دەکات ئەگەر سەرەتایەکی ڕاستت هەڵبژارد، دەنا بە پێچەوانە هەرگیز ناتوانی خۆت لەقەرەی نوسین بدەیت.

بۆ ئەوەی بە شێوازێک بنووسیت کە پێشتر پێی نەنووسراوە ئەوا پێویستە بگەڕێییتەوە بۆ دونیا.. بۆ خودی دونیا.. بۆ هەست و نەستی لاشەیەکی زیندوو. بتوانی بە شێوازی تایبەتی خۆت وەرگێڕانێک بکەیت بۆ ئەوشتانەی دەیانبینیت و بۆنی دەکەیت و گوێی لێ دەگریت و بەریی دەکەویت و خەیاڵی دەکەیت و خەونی پێ دەبینیت.. هەرچی بکەر و بیرۆکە و ڕووداو هەیە بە زمانی تایبەتی خۆت وەربگێڕە، ئەمە بیر مەکە!

من داوات لێ دەکەم کە سەرەتایەکی سەرکەوتووت هەبێت، چونکە ئەگەر بە سەرکەوتوویی دەستت پێ کرد هیچ هێزێک نییە بتوەستێنێت. پشت بە خۆت ببەستە، متمانەت هەبێت بەو کارەی دەتەوێت ئەنجامی بدەیت، هەرگیز نەبووە کە تۆ هەست بە  قەرزاریی چاکەی کەسێک بیت و دواتر ببیتە مەزنترین نووسەر. 

پێویستە لەسەرت دەستبڵاو بیت، نەک بۆ ڕوانین لە تاکە کەسێک، بەڵکو بۆ بیرۆکە.. تەنها بۆ خودی بیرۆکە.

پێویستە لەسەرت تەنها بیت، ئەتوانیت لەگەڵ ئەوانی تر ڕێبکەیت و بیاندوێنی و بیانخەیتە پێکەنین. بەڵام تەنیا بە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانی تریش، پێویستە لەسەرت کە تەنیا بیت. هەروەها لە هەموو ئەوانی تر وردبینتربە، لەوانی تر ئازاتربە، ئەمە تەنها ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی نووسینێکی گەورەو مەزن بنووسیت.

دوای خوێندنەوەی ئەم نامەیە، هەستە سەرپێ و پیاسەیەک بکە. بە خۆت بڵێ با بڕوات بۆ دۆزەخ، با هەموویان بچنە ئاگری دۆزەخ. ئینجا دوای ئەوە دەتوانیت دەست پێ بکەیت.

ئەوە بزانە کە بۆ ئادەمیزاد وشەی هاندان باش نییە، ئەمە جەنگە، نووسینی هەر چیرۆکێک لە بەرامبەر دۆڕاندنی نەیارێکە. ئەمە نامە درێژدادڕەکەمە ڕەنگە دوای زەمەنێکی دوور ئینجا بۆت بنووسمەوە. من سەرنجی خۆمم بۆ نووسیت، دواتر خۆت بڕیار دەدەیت کە بە ئاڕاستەی نووسین بڕۆیت یان نا.. بەڵام ئەگەر بە هۆکارێک یان بە هۆی دودڵیەک دونیاکە ڕاگیرا، یان بە هۆی جەنگێک یان ڕەش و ڕوتی یان نەخۆشی و برسێتی خۆت بێت.. تکایە مەنووسە و هەوڵی نووسین مەدە، نووسین فەرامۆش بکە، فەرمانبەرێکی ڕێزلێنراوبە، بچۆ بۆ سینەما، خەو ببینە، وەک هەر کەسێکی ئاسایی هەستە و بنوو. چونکە ئەگەر هەرشتێک ڕێگری لێ کردی کە بوونسیت، تۆ نووسەر نیت! بە گێژاوی ئاگرینی دۆزەخ سەر دەردەکەیت.. بەخت یاوەرت بێت و هیوای باشیت بۆ دەخوازم.



ولیام سارویان
ڕۆماننووس و نووسەری شانۆیی ئەمریکی بە ڕەگەز ئەرمەنی  ١٩٠٨ـ١٩٨١. تێکڕای شانۆکانی سیفەتی تراژیدیا و ناخۆشی بە شێوازێکی گەشبینی و خۆشی دەگێڕێتەوە. براوەی خەڵاتی ''پولیتزەر''ە بۆ یەکێک لە باشترین لە شانۆکانی، بەڵام خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە بە هۆی نەویستنی هەر خەڵاتێکی ئەدەبی.

سەرچاوە : کتێبی گەمەی ئەدەب