میلیشیا عیراقییەكان مافیای بازرگانی خواردنەوە كحولییەكانن

ڕاپۆرت 07/10/2018

 

ئاژانسەكان – بابان حەمە:

میلیشیا عیراقییەكان، كارو چالاكییە بازرگانی و مافیاییەكانی خۆیان لەسەر بازرگانیكردن بە خواردنەوە كحولییەكان چڕ كردۆتەوە.
پاش ئەوەی لە 22ی ئۆكتۆبەری 2016، بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی لە پارلەمانی عیراق پەسەندكراو هاوردەو فرۆشی مەشروباتی كحولی قەدەغە كرا، میلیشیا عیراقییەكان ئەو یاسایەیان بەهەل زانی كە مافیای بازرگانی خواردنەوە كحولییەكان بگرنە دەست.
سەرچاوەیەك كە بەهیچ شێوەیەك نەیویستووە لەبەر هۆكاری ئەمنی سایتی (سكای نیوز عربیە) ناوی ببات، باس لەوە دەكات كە رۆژانە بارهەڵگر لە هەرێمی كوردستانەوە بە قاچاغ مەشروبات دەگوازنەوە بۆ بەغداد بەبێ ئەوەی لە خاڵە گومرگییەكانەوە گومرگ بكرێن.
ئەو سەرچاوەیە بە سایتەكەی ووتوە كە ئەو بارهەڵگرانە ئۆتۆمبێلی چەكداریی گولەنەبڕیان لەگەڵدایەو دروشم و لافیتەی (عەصائیبی ئەهلی حەق)یان كردووە بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگەرەكانەوە.
ئەو سەرچاوەیە باس لەوەش دەكات كە میلیشیاكانی عەصائیبی ئەهلی حەق، چاودێری و سەرپەرشتی ئەو بارهەڵگرانە دەكەن‌و دەیگوازنەوە بۆ مەخزەنێك لە گەڕەكی كەڕادەی بەغدادی پایتەخت، كرێی هەربارێكیش 1200 دۆلار دەدەن، لەكاتێكدا هەربارێكی ئاسایی لە هەرێمەوە بۆ بەغداد دەگاتە 800 دۆلار.
عەصائیبی ئەهلی حەق،  ئەو گروپە چەكدارییە میلیشاییەن كە پاش رۆشتنی ئەمەریكییەكان، دامەزراو بەیەكێك لەمەترسیدارترین گروپی چەكداریی میلیشیاكانی عیراق دادەنرێت.
پێشتر لایەنە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی عیراق، ئاماژەیان بۆ ئەوەكردبوو كە لەلایەن ئێرانەوە مانگانە بڕی 1 بۆ 5 ملیۆن دۆلار دەدرایە ئەو گروپە چەكدارییە، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانە ئابوورییەوە میلیشیاكان پشت بە مافیای بازرگانیكردن بە خواردنەوە كحولییەكان دەبەستن.
میلیشیاكان هەر بەوەشەوە نەوەستاون، سەرەتا وەك رێگەخۆشكردنێك بۆ كاری مافیایی بازگانیكردن بە خواردنەوە كحولییەكانەوە، هەستان بە ڕفاندن و كوشتنی بازرگانەكانی خواردنەوە كحولییەكان.
لە مانگی نۆڤەمبەری 2016 دا، گروپە چەكدارییەكان هەستان بە ڕفاندنی یەكێك لە بارزگانە هەرە گەوەركانی خواردنەوە كحولییەكان بەناوی (داود شمو)، كە خاوەنی چەند هۆتێلێكە لەناو بەغداد، بێجگە لەوەی خاوەنی چەند یانەیەكی خواردنەوەی شەوانەش بووە.
لەزاری سەرچاوە ئەمنییەكانی عیراق بڵاو كرایەوە، گروپە چەكدارییەكان بڕی 5 ملیۆن دۆلاریان لە داود شمو بەسەرانە ستاندووە، بێجگە لەوەی لەژێر هەڕەشەدا ناچاریان كردووە كە شوێنێكی بازرگانییان بە پارەیەكی ئێجگار كەم بە یەكێك لە بەرپرسەكانی عەصائیبی ئەهلی حەق بفرۆشێت، پاشان هەر رۆژی دوای ئەوە ئازادیان كردووە.
داود شمو كە سكای نیوز ویسوێتی زانیاری زیاتر لەسەر ڕفاندنەكەی وەربگرێت، دەڵێت: ناتوانم هیچ روونكردنەوەیەكم هەبێت.
دواتر بۆ سكای نیوز دەڵێت: هیوادارم بارودۆخی عیراق بەرەو باشتر بوون بڕوات، بارودۆخی ئەمنی عیراق خراپەو یاساكان جێیبەجێ ناكرێ.

سەرچاوە: www.skynewsarabia.com