لیستی ڕۆمانە دڵخوازەکانی گابۆ
ڕەخنەی چاودێر
ئەم
لیستە دوورودرێژترە، کە کتێبە خۆشەویستەکانی مارکیز دەناسێنێت. بە پێی کتێبخانەکەی
و چاوپێکەوتنەکانی دیاری کراون.
یەک: کێوی جادوو/ تۆماس مان
ڕۆمانێکی نووسەری ئەڵمانی، تۆماس مانە و لە ١٩٢٤ـدا بڵاو
بووەتەوە و تۆماس پێنج ساڵ دواتر خەڵاتی نۆبێڵی وەرگرت.
دوو:
پیاوێک بە دەماکی ئاسنینەوە/ ئەلکساندەر دۆما
دۆما
بەو باڵادەستییەوە کە لە ڕۆماننووسیندا هەیەتی، توانیویەتی لەم ڕۆمانەدا ڕووداوە
پێچەڵپێچ و نامرۆیی و ترسناکەکان، بە جۆرێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێش بگێڕێتەوە. لە
١٩٩٧ـدا کراوە بە فیلم.
سێ: ئۆلیسس/ جیمس جۆیس
ئەم ڕۆمانە لە شاکارەکانی جیهانە و
هەموو ڕووداوەکانی لە ٢٤ سەعاتدا ڕوو دەدەن و کارکردنێکی وردە بە تایبەت لە
زماندا. لە ١٩٢٢ـدا لە پاریس چاپ کرا.
چوار: وەک چۆن ڕاکشابووم و خەریک بوو دەمردم/ ولیەم فۆکنەر
ڕۆمانێکی ولیەم فۆکنەرە، کە مارکیز لە یەکەم ڕۆمانی خۆیدا بە ناوی
"گەڵا زەردەکان" گەلێک لەژێر کاریگەریی ئەم ڕۆمانەدا بووە. نێوەڕۆکی
ڕۆمانەکە باسی مەرگە. هەروەتر لە لیستەکەدا کتێبی پێنجەم و شەشەمیش هەر ڕۆمانەکانی
ولیەم فۆکنەرن، بە ناوی "دەنگ و تووڕەیی" و "دارخورما
کێوییەکان"، دەیسلەمێنێت کە مارکیز چەندێک ئەدەبیاتی فۆکنەری خۆش ویستووە.
حەوت: ماڵی حەوتهەورەبان/ ناتانیل هاسۆرن
ئەم ڕۆمانە یەکەمجار لە
١٨٥١ـدا بڵاو بووەوە. ڕۆمانێکە دەربارەی گوناح و عەزاب.