رەخنەی چاودێر

سێبەرەکانیشمان بدەرەوە

12/09/2018

ماسک
سێبەرەکانیشمان بدەرەوە
دانا ڕەئووف


مرۆڤبوون پڕۆسەیەکی درێژی لە دوانەهاتووی خوڵقاندنە.
ئێمە بە بەردەوامی لە دروستکردن و دۆزینەوەی خۆمانداین، زۆرجاریش ئەم پرۆسەی خۆدۆزینەوەیە بەپێی ستراکتور و بنەمایەکی دیاریکراو ڕێچکەی خۆی وەردەگرێت. وێنە سەرەتاییەکان و هێدمە دەروونییەکانمان فۆرمی مرۆڤبوونمان لەنێو کۆمەڵ و لەگەڵ خودی خۆمان و دەوروبەرەکەیشمان دروست دەکات. ئێمەی مرۆڤ، هەریەکە و بەجۆرێک پاشخانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و میراتێکی تایبەت بەخۆمان، بۆ گەڕانەوە و سوودلێوەرگرتن و بەکارهێنان و دەوڵەمەندکردنیخۆمان، هەیە. هەندێک جار خوێندنەوەی کتێبێک یان بینینی نەمایشێکی شانۆیی مرۆڤ تووشی ڕاچڵەکینێکی گەورەی وا دەکات، سەرلەبەری ژیانی بگۆردرێت.
لاش نۆرێن، کە بۆ یەکەمجار نەمایشی (ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو)ی نووسەری ئەمەریکی )ئۆژین ئۆنێل) دەبینێت، چەکەرەی درامایەکی نەنووسراو لە دەروون و هەستیدا گەشە دەکات، هەست دەکات ئەو درامایەی ئۆنێل سەبارەت بە خانەوادەکەی ئەو نووسراوە: باوکێکی بەدمەست، دایکێکی تەنها و نەخۆش و دوو برا، هەروەک خانەوادەکەی نۆرێن. نۆرێن لە ژێر هەژموونی ئەو دەقەی ئۆنێلدا شانۆنامەی (سێبەرەکانیشمان بدەرەوە) دەنووسێت؛  ئەم دەقەیش دیدی نۆرێن بە تەواوی دەکاتەوە، دەیخاتە بەردەم گرێ دەروونییەکانی و خودی خۆی بەخۆی دەناسێنێت. ڕووداوەکانی شانۆنامەکەیش لە ١٦ی مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٤٩دا، ڕۆژی لە دایکبوونی شەست و یەک ساڵەی یۆژێن ئۆنێل ڕوودەدات، کورەکانی ئۆنێل (یۆژێنی بچووک و شەین) لە ژنەکانی تری سەردانی باوکیان و (شارلۆتا)ی دوا ژنی دەکەن. دەقەکەی نۆرێن لە سەرەتادا ناونیشانی (خێزانەکەی ئۆنێل) بووە، دواتر دەبێتە (پیاوێک لە خۆڵەمێش) (بۆستن نۆکتین) (لەژێر چارەنووسی ئەستێرەکاندا) و (شەوێک درێژتر لە ژیان) بۆ یەکەمجاریش لە ئۆسلۆ لە ژێر ناوی (شەوێک درێژتر لە ژیان) نەمایش کراوە. کە لە دراماتن نەمایش دەکرێتەوە، نۆرێن بە تەواوی ناونیشانەکەی دەکاتە (سێبەرەکانیشمان بدەرەوە) ئەمەیش یەکێک لەو دەقانەی ئۆنێلمان بیردەخاتەوە، کە بە ماوەیەک بەر لە مردنی سووتاندویەتی، بە ناوی (مەرگیشمان بدەرەوە). (سێبەرەکانیشمان بدەرەوە) بۆ ئەو زنجیرە دەقەی نۆرێن، کە لە هەشتاکاندا، سەبارەت بە خێزانە بۆرژوازییە سوێدییەکان دەینووسێت، دەبێتە خاڵی کۆتایی و وەرچەرخان. نۆرێن لەسەرەتاکانی ژیانی ئەدەبیشیدا، دوای دەقەکەی ئۆنێل، هەروەک ئۆنێل دەگەڕێتەوە سەر تراجیدیای گرێکی و لە دید و چارەسەرێکی مۆدێرنەوە شانۆنامەی (ئۆرستین) دەنووسێت.
لەو ڕۆژەوە نۆرێن، هەروەک ئۆنێل لەبەردەم کۆشکی بنەماڵە ئەتریدەکانی گرێک و پەرستاگاکانی کنۆسۆسدا وەستاوە و بەبێ مروەتی لەو دەرگایانە دەدات. نۆرێن لەو ڕۆژەوە لەدەقە شانۆییەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر شانەکانی خێزانەکەی خۆی و لەوێوە چارەسەری گرفتە خێزانییەکان دەکات، دێتە نێو ماڵە بۆرژواکانی کۆمەڵی سوێدییەوە و لەوێوە سەردەکات بەسەر ماڵی زۆربەی کۆمەڵگاکانی ئەوروپا و دونیادا، سوود لە ئێسخیلۆس وەردەگریت و ئۆنێل دەکاتە کەرەسە و وشەکانی خۆی دەکاتە ئەو دیمەنە ڕەشانەی نەوەکان دەستەویەخەی یەکتری دەبنەوە.
ریژیسۆرێکی نەرویژی لە دراماتن، سەرلەنوێ دوای بیست ساڵ کار لەم دەقەی نۆرێندا دەکاتەوە وبە دیدێکی نوێوە دەیخوێنێتەوە، پانتایی شانۆ بۆ ئەو دیدە نوێیەی دادەماڵێت و لەهەموو شتێکی زیادە پاکی دەکاتەوە. دەرگایەکی ئێجگار گەورە، بەڕووی بینەراندا، کە هێماگەلی دەروازە دێرینەکانی پەرستگا و کۆشکەکانی گرێکەبەرز بۆتەوە؛ هاوکات ئەم دەرگایەیش وەکوو خاڵێکی کۆتایی و وەستانێکی ئەبەدی بەرووی ئەو خێزانە و بینەرانیشدا داخراوە. پانتایی شانۆکە بەتاڵە، کورسییەک لای چەپی شانۆ و قەنەفەیەکیش لە بەشی ڕاست و لە قووڵایی شانۆکەدا، لەنێو تاریکییەکەوە جار بە جار  دەردەکەوێت. هەندێک جار گەمەی ئەکتەرەکان یان یەکێک لەو ئەکتەرانەی چاودێری ئەکتەرێکی تر دەکات، بە گەورەیی بە پرۆژێکتەر، وەکوو فیلم لەسەر دەرگا گەورەکە پێشان دەدرێت. ئەم پانتاییە گەورەیەی دراماتن، دەبێتە مێژووی شانۆ: ئێسخیلۆس، ستریندبێرگ و هەروەها مێژووی خێزانەکەی ئۆنێل، کە لە شانۆنامەی (ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو)دا بەرجەستە بووە، لێرەدا، وەک تارمایی بەسەر شانۆکەوەن. کارەکتەرەکان خۆیان وەک سینۆگرافیا بەکاردەهێنن، بەتایبەتی بۆ ئەو دەقەی خۆیان دەیانەوێت نەمایشی بکەن و لەگەمەیەکی هونەریدا دەبنە ئەکتەر و بینەری یەکتری. (سەمای مەرگ)ی ستریندبێرگ دەبێتە نموونەیەکی ئەو نەمایشە و کارەکتەرەکان وەک (ئێدگار و ئالیس) نەمایش بۆ یەکتری دەکەن. شارلۆتە، کە یەکێکە لە کارەکتەرە سەرەکییەکان و ڕۆڵی ژنەکەی ئۆنێل دەبینێت، خۆی ئەکتەر بووە، هەر لەبەر ئەوە لە نەمایشەکەدا، هەندێک جار وەک ئەکتەرێک، بەپێی پێویست هەست و سۆزی بەکاردەهێنێت و تۆنی دەنگ و جووڵەی جەستەی دەگۆڕێت. ئۆنێل خۆیشی شانۆنامەنووس بووە و ڕێساکانی گەمەکە دەزانێت، هاوکات شەینی کوریشی هەر ئەکتەر بووە. نەمایشەکە دەبێتە تاقیگەیەک بۆ خوڵقاندنی هونەر، بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی ئەکتەر و بۆ هەڵسەنگاندنی هونەری نواندن.
نۆرێن بەدیقەتێکی گەورە و بەچڕی و لە فۆرمێکی لیریکیدا ئۆنێل بە ژیانی خۆیەوە دەلکێنێ و یەکەیەکی تایبەتی لێ دروست دەکات. ئەو کارەکتەرەی ڕۆڵەکەی ئۆنێل دەبینێت، لەسەر مێزەکەی و لەبەردەمیدا، دوو بەرگە گەورەکەی، یاداشتەکانی نۆرێنی لەسەرە و جاربەجار تەماشایەکیان دەکات، وەک ئەوەی ئۆنێل لە نۆرێندا و نۆرێنیش لە ئۆنێلدا ڕەنگ بدەنەوە و یەکتری تەواو بکەن. نۆرێن دەبێتە درێژکراوەیەکی ئاسایی ژیانی ئۆنێل: ئێستا ئێمە، وەکوو وێنەیەکی میتافۆری، لە ڕوانگەی یاداشتەکانی نۆرێنەوە دەزانین ژیانی ڕۆژانەی ئۆنێل، هێدمە دەروونییە کۆنەکان و کێشە پڕ لە ئازار و سوێیەکان چۆن بووە و چۆن لە نەوەیەکەوە دەشگوێزرێتەوە بۆ نەوەیەکی تر.
ئەم ریژیسۆرە نەمایشەکەی بە ریتمێکی مۆسیقای جازی ئەمەریکای چل و پەنجاکان دەوڵەمەند کردووە و زۆرجار لەنێو دیمەنە ڕەش و کێشە دەروونی و شەری نەوەکاندا، هەناسەیەکمان پێ دەبەخشێت، دیمەنەکان ئارام و کارەکتەرەکان هێور دەکاتەوە. لەکاتێکدا کارەکتەرەکان، یەک لەدوای یەک دەمامکەکانی روخساریان لادەبەن یان دەمامکی تر بەکاردەهێنن، مۆسیقای جازەکەیش هێدی هێدی دەرواتە خوارەوە و تۆنێلێکی پڕ لەهیوا و هەروەها شپرزەیش لەو ئەتمۆسفێرە ڕەشەدا دروست دەکات. (سێبەرەکانیشمان بدەرەوە) دەبێتە پەیامنێرێکی ڕاستەوخۆ و ڕووداوەکانی شانۆنامەی (شەو دایکی ڕۆژە)مان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو دەقەی نۆرێنی لە هەشتاکاندا کردە شانۆنامەنووسێکی گەورە، هەروەها ئەو دەقە ڕەنگدانەوەیەکی تری هەژموونی ئۆنێل و شانۆنامەی (ڕۆژێکی درێژ بەرەو شەو)ە. تارمایی نۆرێن لەناوەڕاستی نەمایشەکەدا بە ڕوونی دەبینرێت، بەدەنگی چوار کارەکتەر قسەمان بۆ دەکات و ئەو چیرۆکەی ژیانی خێزانی ئۆنێلمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە ژیانی ئەویان دروست کردووە.
ئەم نەمایشە بەرجەستەی مەرگی مرۆڤ دەکات، ئەو مرۆڤەی هێدی هێدی و پارچە پارچە دەمرێت و لە خالێکی کۆتا و لە دونیایەکی نادیار و نەبینراودا، لەپڕ و بێ گەڕانەوە بۆ تاهەتایە بزر دەبێت.