دژی بڕیارەکەی دادگا، بەشێک لە رۆژنامەنوسان و سیاسەتمەدارانی تورکیا پشتگیری لە دەمیرتاش دەکەن

ڕاپۆرت 08/09/2018

   

راپۆرتی چاودێر

دادگای توركیا بڕیاری ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردنی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش بڕیەوە. هەروەها سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیكردن بەسەر پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە سڕی سوورەیا ئۆندەر-دا سەپێنرا.
دوێنی دانیشتنێكی دیكەی دادگە دەربارەی دۆسیەی هاوسەرۆكی پێشووی پارتیی دیموكراتیی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە سڕی سوورەیا ئۆندەر لە ٢٦هەمین دادگەی سزاقورسەكانی ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو.
سەربازانی توركیا هۆڵی دادگایان گەمارۆ دا كە لە بەندیخانەی سیلیڤری بوو. سەڵاحەدین دەمیرتاش لەڕێی سیستەمی دەنگ و رەنگەوە بەشداری لە دانیشتنەكە كرد و سڕی سوورەیا ئۆندەریش لە هۆڵی دانیشتنەكە ئامادە بوو.
لە دانیشتنەكەدا ئەندامانی پلاتفۆڕمی مافناسانی ئازادیپارێز (OHP)، كۆنسوڵەكانی كەنەدا و سوێد و پارێزەرانی ژووری پارێزەرانی لەندەن ئامادە بوون. هاوكات پەرلەمانتارانی هەدەپە دڵشاد جانباز، زولەیخا گولوم، ئەرۆل كاترجیئۆغلوو، توما چەلیك و زۆر كەسی دیكە ئامادەی دانیشتنەكە بوون. سەربازان لە كاتی پشكنینی ئۆتۆمبێلەكاندا دەستیان بەسەر ئاڵاكانی هەدەپەدا گرت.

دەمیرتاش بەرگری لە خۆی نەكرد

دەمیرتاش لە ڕێی سیستەمی دەنگ و ڕەنگەوە لە كاتی دانیشتنەكەدا قسەی كرد و وتی: من پێشتر لە دووهەمین دادگەی سزاقورسەكانی باكركۆی بەرگریم لە خۆم كرد كە بە سیستەمی SEGBİS (دەنگ و ڕەنگ) بەشداریم كردبوو. ئێوە ئەو بەرگریەتان خستە دۆسیەكە. لەبەرئەوە ئێستا نامەوێ بەرگری لە خۆم بكەم. دەمەوێت پارێزەرەكانم مافی قسەكردن وەربگرن".
پارێزەر فورات ئەپۆزدەمیر مافی قسەكردنی وەرگرت و وتی "چاوەڕوانی ئێمە لە دادگای بەڕێزتان ئەوەیە كە ئێوە بە گوێرەی پەیڕەو مامەڵە بكەن. وەرگرتنی بەرگری كردنەكەم لە دووهەمین دادگەی سزاقورسەكانی باكركۆی وەك دوایین بەرگری لەخۆكردن، ناحقووقییە" لە دوای قسەكردنی پارێزەران و خۆپاراستنی سڕی سوورەیا ئۆندەر، دەستەی دادوەران پاش ناوبڕێك بڕیاری دا.
دەستەی دادگە بڕیاری دا سزای ٤ ساڵ و ٨ مانگ زیندانیكردن بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیكردن بۆ سڕی سوورەیا ئۆندەر ببرێتەوە.

هەدەپە: بڕیارەكەی دادگا سیاسییە
وتەبێژی هەدەپە رایدەگەنێت كە بڕیارەكەی دادگا بە فشاری سیاسی بوووە هیچ بنەمایەكی یاسایی لەخۆناگرێت.
سەروهان ئوروچ، وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە بارەگای سەرەكی هەدەپە لە ئەنقەرە رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگا بە تەواوی لەژێر فشاری حكومەتی توركیا بووە، نیشانەی ئەوەشە كەخزمەت بە سیاسەتی شەڕ دەكەن و لەدژی سیاسەتەی ئاشتی، بۆیە بڕیارەكەی دادگا هیچ پاساوێكی یاسایی نییە، بڕیارێكە خزمەت بە شەڕ دەكات.
لە درێژەی وتەكانیدا وتەبێژی هەدەپە راشیگەیاند: بەدواداچون لەسەر بڕیارەكەی دادگا ئەكەین، ئێمە سورین لەسەر درێژە پێدانی خەباتی ئاشتی بۆ سەرخستنی ئەم سیاسەتەمان مل بۆ هیچ شتێك شۆڕ ناكەین

دەمیرتاش لە دادگا:
مافی خۆمانە بەرگریی لە خۆمان بكەین
لە وتەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەكاتی بڕیارەكەی دادگا، لە رێگەی پارێزەرەكانییەوە بۆ رایگشتی بڵاوكراوەتەوە بەم جۆرەیە: ئەگەر ئێمە هاوڵاتی یەكسان بین، ئەوا پێناسی سیاسی ئێمە پەوەندی بە ئێوەوە نییە، مافی خۆشمانە كە داوا بكەین ئێوە رێز لە بیروباوەڕ و مافی ئێمە بگرن.

جەهەپە: بڕیارەكە، بەڵگەی نا دادپەروەییە
سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا، بەرش یەركەداش، پارلەمانتاری پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) لە پێگەی تویتەر رایگەیاندووە: دادگا سەڵاحەدین دەمیرتاش و سرری سورەیا ئۆندەری سزادابەوە بە تۆمەتی ئەوەی رۆڵیان لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا گیڕاوە، ئەگەر رۆڵی ئەوان بە تاوان دەژمێردرێت، ئەوا پێویستە ئاك پارتییەكانیش دادگایی بكرێن، چونكە ئەوانیش لایەنی پڕۆسەكە بوون، ئەم راستییە سادەیە دەریدەخات كە دادگا چەند نادادپەروەرە.

جان دوندار: بڕوخێت فاشیزم، بژی دیموكراسی
جان دوندار رۆژنامەنوسی عەلمانی ناوداری توركیا سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا وەك كاردانەوەیەك و پشتیوانییەك بۆ دەمیرتاش نوسیوێتی " بڕوخێت فاشیزم، بژی ئاشتی و دیموكراسی.
دەمیرتاش مافی ئەوەی هەیە لە رێگەی پارێزەرەكانییەوە رەخنە لە بڕیارەكەی دادگا بگرێت و داوای پیاچونەوە لە بڕیارەكەی دادگا بكات، ئەمەش دەرفەت بدات بڕیارەكە هەڵبوەشتێنتەوە یاخود سزایەكی كەمتر لەوەی ئێستا بیگرێتەوە.
جێی ئاماژەیە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە 4 ی 11 ی 2016 لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراوە، كە نزیكەی دوو ساڵ دەكات، ئەمەش لە وادەی ئەو سزایەی بۆی بڕاوەتەوە دەكاتە نیوەی سزاكەی لە خراپترین ئەگەردا دەمیرتاش 2 ساڵ و نیویتر بەند دەكرێت.