عەشقی هاجەرەم خوێندەوە

ڕەخنەی چاودێر 17/08/2018

عه‌شقى هاجه‌ره‌

دواهەمین كتێبی گێڕانەوەی نوسەر ئیدریس عەلی بوو كە ماوەیەك بەر لە ئێستا چاپو بڵاوی كردەوە. 
‎عەشقی هاجەرەم خوێندەوە ناونیشانی وتارێكی درێژی وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا حەمە كەریم عارفە بەو ناوەوە کەتیایدا زۆر بەوردی و بە كوردییەكی پاراوو لە ڕێی تیۆرە ئەدەبی و دەرونییەكانەوە دەربارەی دەقەكە دەنوسێت و ڕەخنەی چاودێر لەم ڕۆوە بەچەند بەشێك بڵاوی دەكاتەوە . 
‎خوێنەرمان بن.

عەشقی هاجەرەم خوێندەوە
حەمە کەریم عارف
بەشی سێهه‌م

 

زۆربەی هەرە زۆری کاراکتەرەکان، ئەگەر نەڵێین هەموویان، کەم نمودن و کاراکتەری سادەن، کەمتر بەشداری ڕووداون، دەکرێن بەشەریکی گێڕانەوە و سەرچاوەی زانیارییەکانی گوتیاری قارەمان، کاراکتەرەکان لەناو ڕووداو و بەدەم ڕەوت و گەشەی ڕووداوەوە بەرجەستە نابن، لەمیانەی گێڕانەوەی گوتیارەکانەوە دێنە ناسین و زیاتر کاراکتەری سادەن و بەدەم ڕووداوەوە گەشە و نەشە ناکەن ناگۆڕین، بەڵکو لە زمانی گوتیارەکانەوە دێنە ناسین و وەسفکردن، بۆ نموونە دایک، کاراکتەرێکی زۆر بێ نمودە، تەنها ئەوەندەی لەبارەوە دەزانین ناوی ( ئایشێ) یە، لە بنەماڵەیەکی شیوعی و هەواداری سۆڤیەتە،  بێ هیچ پرس و رایەکی خۆی دەدرێت بە کوڕی بنەماڵەیەکی ئاینی، واتە باوک بەگوێرەی دابونەریت و سیستەمی بابسالاری لەجیاتی ئەو بیر دەکاتەوە و بڕیار دەدات، کە تاک بە گشتی و ژن بەتایبەتی کەڕەتی سفر دەکرێت، ئەوەتا گوتیار دەڵێت: ( دایکم جارێکیان گێڕایەوە و گوتی: کاتێ هاتە خوازبێنیم، تەنها ناویم بیستبوو، بیستبوووم کە پیاوێک دووکانی کەمالیات و بابەتی ژنانەی لە قاپی قەیسەرییەکدا هەیە و بە پیاوێکی دڵتەڕ و  قۆزیش باسی دەکەن... گوایە پێشتر ژنێکی تری هەبووە و تەڵاقی داوە... ل ٦٧، عەشقی هاجەرە) لێرەدا دوو گێڕانەوە تێکەڵ دەبێت، واتە دایک دەکرێت بە شەریکی گێڕانەوەی گهوتیارتی قارەمان، واتە گوتیاری سەرەکی بۆ ماوەیەکی کەم دەستبەرداری گێڕانەوە دەبێ و دەوری وەرگر دەبینێ! کە ئەمە جۆرێک لە فرەگێڕانەوە دەستەبەر دەکات و جوانییەکی ژونەری بە دەقەکە دەبەخشێت.
هەروەها لە زمانی گوتیارەوە دەزانین کە گوایە ژنێکی هۆشیارە، بەتایبەتی کە بە نهێنی کاری ڕێکخستنی لەگەڵ لەناو ژنانی شاردا بۆ حزبێکی پێشکەوتوو، واتە ( حزبی شیوعی) کردووە.. بۆ منداڵەکانی گێڕاوەتەوە کە زانیویەتی باوکیان کەسێکی نائاساییە، ترساوە لەوەی لەگەڵیا هەست بە بەختەوەری نەکات...!
بەڵام گوتیاری سەرەکی دەقەکە، ڕێگە بە دایک نادات خۆی خۆی بگێڕیتەوە، دێت لەجیاتی ئەو بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ( ڕەنگە دایکم هەر لە خۆشییەوە وای بۆ چووبێت، کەسێک ئەم هاوسەرگیرییەی پێ خۆش نەبووبێت و دوعای ڕەشیان لێکرابێت... ل ٦٨. عەشقی هاجەرە) دیارە ئەم بۆچوونە دەگەڵ کەسێکی مەتریالیستیدا تێک ناکاتەوە، بۆیە دەشێت خوێنەر وای لێک بداتەوە کە شیوعیەت وێرای ئەوەی لەسەر بناغە و بنەمای مەتریالیزم ڕۆنراوە، لە کوردستاندا نەیتوانیوە بۆچوون و باوەڕ و ماکە غەیبانییەکان، لە نەستی خەڵکانی شیوعیدا بسڕێتەوە... و شیوعیەت جۆرە مۆدێکی خزبایەتی سەرڤە سەرڤە ( سطحی) بووە...!
وا دیارە گوتیار ( قارەمان، نووسەر) هەستی بەم غەفڵەتە کردووە و دەیەوێت پینەی بکات، بۆیە هەر تۆزێک دواتر دەڵێت: ( بێگومان دایکم بەخۆیدا چووەتەوە و ببڕای ببڕ شتی لەو جۆرەی نە هێناوە بە خەیاڵی خۆیدا، نە بیری لێکردووەتەوە... ل ٦٨، عەشقی هاجەرە)
پرسیار ئەمەیە، ئایا ئەم پینەکردنە لەڕووی مالیجەی هونەرییەوە قەناعەتبەخشە؟ لە نموونەی یەکەمدا گوتیار دەڵێت: ( ڕەنگە دایکم) وشەی ( رەنگە) بە گومان بارگاوییە، گومان لەپێناو گەیشتن بە حەقیقەت، ئەمە لەڕووی هونەرییەوە قەناعەتبەخشە! بەڵام لە نموونەی دووەمدا گوتیار دەڵێت: ( بێگومان دایکم) وشەی ( بێگومان) بە یەقین و دڵنیایی بارگاوییە.. کە ئەمە لەڕووی هونەرییەوە قەناعەتبەخش نییە، دەشێت کاراکتەر بڵندگۆی نووسەر بێ، بەڵام کە نووسەر بڵندگۆی کاراکتەر بێ، ئەمەیان لەباری هونەرییەوە جێگەی پرسیارە، لێرەدا گوتیار لەیاتی کاراکتەر بیر دەکاتەوە، ڕیگە بەخۆی دەدات بوختان بۆ کاراکتەرەکە بکات، بەڵام ئەوەندە ئازادی بە کاراکتەرەکە نادات خۆی گوزارشت لە خۆی بکات، بەمە بڕست لە کاراکتەر و گەشەکردنی دەبڕێت و کاراکتەرەکە هەر بە سادەیی دەمێنێتەوە و دیارە ئەمە نەک هەر کاراکتەر بێ نموود دەکات، بەڵکو بە زیانی نەخشە و پڵۆتی کارە چیرۆکڤانییەکەش دەشکێتەوە.. پڵۆت لە کاری چیرۆکڤانیدا، ڕووداوەکان بەجۆرێ ڕێک دەخات کە لەبەرچاوی خوێەردا لۆژیکی بنوێنێ، واتە لەم پێودانگەوە پڵۆت تەنها ڕێکخستن و دانەدەمیەکی ڕووداوەکان نییە،، بەڵکو گواستنەوەی ڕووداوەکانە بەگوێرەی بەندیواری هۆ و ئەنجام... بۆ نموونە ئەم ڕستەیە ( شا مرد و پاسان سابانۆ مرد) ئەمە حیکایەتە، بەڵام ( شا مرد و پاش ماوەیەک شابانۆ لە سوێیاندا مرد) ئەمە پڵۆتە.
*
( دێخاوەر یەکێ بوو لەو پیرەژنە خڕیلە و جوان و خانومان و قسەخۆش و میهرەبانانەی کە من بەو منداڵییەی خۆمەوە زۆرم خۆش دەویست و هۆگری بووم... ل ٦٠، عەشقی هاجەرە) ئەمە وەسفی گوتیارە بۆ ( دێخاوەر) و لێرەدا بووە بە گوتیاری چاودێر... و لەڕێگەی گوتیارەوە، دەزانین کە دێخاوەر حیکایەتبێژێکی بەسەلیقە بووە و نەک هەر دەبێ بە سەرچاوەی زانیارییەکانی گوتیار، بەڵکو دەبێت بە شەریکی گێانەوەش.
( دێخاوەر لە گیڕانەوەکانیدا دەیناردیت بۆ ڕۆژگارێکی دێرین، بۆ ناوجەرگەی ئەو گۆڕەپانەی بەسەهاتەکەی لێوە بۆ دەگێڕایتەوە، ئاشنای دەکردیت بە پاڵەوانەکان... ٦٣، عەشقی هاجەرە) یان ( پاش چەندین ساڵ زانیم، باوکم یەکێکە لە پاڵەوانە راستەقینەکانی یەکێک لە چیرۆکە واقیعییەکانی دێخاوەر... ل ٦٢. عەشقی هاجەرە) یان ( من: دێخاوەر ئەو ماڵانە بۆ کوێ دەڕۆیشتن؟ دێخاوەر: بۆ شوێنێکی تر ڕۆڵە... بۆ شوێنێکی دوور... من: ئەی بۆ لە گوندەکەی ئێوە نەدەمانەوە... خۆ گوندەکەی ئێوەش دوورە... ل ٧١، عەشقی هاجەرە).
هەر لەڕێگەی  گوتیارەوە ئەوەش دەزانین کە دێخاوەرلەزەتی لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان و بیرەوەرییەکان دیتووە، کاتێ فەقێ عەلی بە کوڕەکەی خۆی ( گوتیاری دەقەکە)گوتووە کە ئیتر ئەوەندە دێخاوەر ماندوو نەکات و لێگەڕێ بخەوێت.. دێخاوەر وەڵامی داوەتەوە: ( ئێوە بۆ خۆتابن بخەون و  حەقی ئێمەتان نەبێت... ل ٧٢، عەشقی هاجەرە) ئیدی دێخاوەر چ وەکو سەرچاوەی زانیاری و چ وەکو گوتیاری ناڕاستەوخۆ لە هەندێ دیمەنی ناو دەقەکەدا، پێگەیەکی هونەری جوان لەناو دەقەکەدا پەیدا دەکات و دەبێت بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی دەقەکە، تا لە کارەساتی کیمیابارنی ساردا دەمرێت، کە ئەگەر ڕۆژ و سالەکەی دیاری بکرایە، ڕەهەندێکی هونەری گەورەتری پەیدا دەکرد و خوێنەری بەڕادەیەک دەهاڕوژاند کە لەبەر خاتری تێکردنی لاپرەسەنی و کونجکاوی خۆی پەیجۆرییەکی زەینی جدی کارەساتەکە بکات.
*
هاجەرە کە لایەنێکی هەرە رگرینگی بابەتی کارە چیرۆکڤانییەکەیە، زیاتر لەلایەن گوتیارەوە لە میانەی گێڕانەوە جۆراوجۆرەکانی ترەوە، دێتە ناساندن و ئەوەتا لە یەکێک لە گێڕانەوەکاندا دەردەکەوێ کە دایکی هاجەرە، بەسەر هاجەرەوە چووە و مردووە، لە خێڵەقەرەجەکانن.. خۆی و بابی لە گوندەکەی مالە باوانی فەقێ عەلیدا دەگیرسێنەوە.. هاجەرە کچێکی جوان و بێدەنگ و شەرمن و ئیشکەرە.. ئاشنایەتی و پەیوەندی دەگەڵ دێخاوەردا  پەیدا دەکات و گرێی دڵی بۆ دەکاتەوە کە فەقێ عەلی خۆش دەوێت و حەز دەکات شووی پێ بکات، بەڵام کە وەڵامی نەرێنی لە دێخاوەر دەژنەوێ و دەزانێ هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەرەج بوونی ئەسڵ و فەسڵی.. زۆری لەبەر گران دەبێت و دەڕواتەوە بۆ ماڵەوە دەبینێ دەبینێ باوکی لە غورابی خەودایە و پرخەی ڕۆژەڕێیەک دەڕوات..زمانی گوتیارەوە دەبیستین کە دەڵیت: ( ڕەنگە هاجەرە لەو کاتەدا ڕقی لە باوکی هەستابێت و ویستبێتی لەخەو خەبەری بکاتەوە و پێی بڵێت: باوکە من تاوانم چییە کە کچی تۆم؟ ئاخر من بۆ دەبێت قەرەج بم؟ دەسەڵاتی من چییە کە هێشتا منداڵ بووم، دایکم عاشقی پیاوێکی بەلەموا دەبێت و تۆ جێدەهێڵێت؟ ل ٨٤، عەشقی هاجەرە) لێرەدا لەم دیمەنەدا گوتیار چووەتە کڵێشەی کاراکتەرەوە، بە زمانی خۆی دەدوێت، نەک بە زمانی کاراکتەرەکە، چونکە ئەو زمانە کە هەڵگری ماکێکی فەلسەفییە، زمانی نووسەرە نەک زمانی هاجەرەیەکی قەرەجی نەخوێندەوار.. هەڵبەتە ئەم زانیارییەی لێرەدا و  لە میانەی کاردانەوەیەکی دەروونی تووند دا دەربارەی دایکی هاجەرە دەخرێتە ڕوو، تەواو پێچەوانەی زانیارییەکی پێشووترە و خوێنەر هیچ پاکانەیەکی هەنەری بۆ ئەم هەڤدژییە نابینێ!
هەر سەبارەت بە زمان، گوتیار ( نووسەر) بە خەیاڵ دیالۆگێک لەنێوان فەقێ عەلی و هاجەرەدا درووست دەکات و لەشێوەی لەشێوەی گوتیاری هەموو شتزان دا ناخیان دەخوێنێتەوە و بەم جۆرە دەیانهێنێتە قسە:
فەقێ عەلی: دەستەکانت.. هاجەرە دەستەکانت چەند گەر،من.. ئەڵیی خۆرت پێ هەڵگرتوون.
هاجەرە: فەقێ عەلی.. چ عەترێک تێکەلاوی هەناسەت بووە.. ئەڵێی پەلکە ڕێحانەت قوتداوە.. ل ٨٩، عەشقی هاجەرە) دیارە ئەم زمانە کە هەڵگری ماکێکی شیعرییە زمانی نووسەرە، نەک زمانی فەقێ عەلی و هاجەرە، بەتایبەتی لەسەردەمی ئاشقێنییەکەی ئەواندا... کە وێنا ناکرێت ئەمە لەباری هونەرییەوە بۆ وەرگر ( خوێنەر) قەناعەت بەخش بێ، گەمەی زوبان و بەکاربردنی زمان لە کاری چیرۆکڤانیدا، بەتایبەت لە ڕۆماندا دەبێت بەشێوەیەک بێت کە ڕێنوێنی خوێنەر بکات بۆ تێگەیشتن لە لایەنە هەرە گرینگ و ڕاز و ڕەمزئامێزەکانی ڕووداوی تەوەرەیی و ئەسڵی چیرۆکەکە، یانی پێویستە زمان نە ئەوەندە ڕوون بێت هیچ شتێک بح خوێنەر و زیرەکی و هزرینی خوێنەر نەیەڵێتەوە و نە ئەوەندە ئاڵۆزبێ، ببێت بە مەتەڵۆک و بە کەس هەڵنەیەت.
کە ئەم حاڵەتە خۆی لەخۆیدا دەکاتە سنووردارکردنی فرە زمانی و جۆراوجۆری زمان، کە یەکێکە لە خەسڵەتە دیارەکانی دنیای مۆدێرن، کاری چیرۆکڤانیش، بەتایبەتی ڕۆمان، دەرهاوێستەی دنیای مۆدێرنە، دەبێ فرە زمانی و جۆراوجۆری زمان ڕەچاو بکرێت، هەڵبەتە زمانی کاری چیرۆکڤانی زمانێکی (     ) چڕ و پوختە و پاراوە، نە جێگەی درێژدادڕی تیا دەبێتەوە نە ڕێگەی ئاخافتنبازی دەدات... یانی زمان ئەوزاری گوزارشتە لە خودی خۆیدا و بە مجەڕەدی نازنامە و ماهیەت و بونیادێکی سەربەخۆی نییە، بەگوێرەی ئەو بابەتەی باسی دەکات دگۆڕێت،  لە کاری چیرۆکڤانیدا، بەتایبەتی ڕۆمان، بونیاد و پێکهاتەی پەیڤ و دەستەواژە و بونیادی ڕێزمانی ڕستە، بۆ خۆی و بە تەنیا ئەو بایەخەی نییە، کە نووسەر زۆر لە خەمی جوانی و ناسکییاندا بێت، بەڵکو گرینگ دەربڕینی ورد و بێ خەوشی ئەو بابەت و شتەیە کە قەرارە بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە، هەڵبەت زمانی پوختە و ئاهەنگدار، جوانی بە کاری چیرۆکڤانی دەبەخشێت، بەڵام ئەم جوانی و جوانکارییە بۆ خۆی و لەخۆیدا دیاردەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو پەیوەندی بە تێکڕای کارە چیرۆکڤانییەکەوە، وەکو یەکەیەکی یەکپارچەی هونەری هەیە، بابەتی چیرۆکەکە و چۆنیەتی دەربڕینی بابەتەکان، تایبەتمەندی زمانەکە دیاری دەکات... هتد.

 

 

چاوه‌ڕوانى به‌شه‌كانى تربن له‌ ڕه‌خنه‌ى چاودێره‌وه‌