خەونەکەی ئارسەر ڕامبۆ لە کتێبەکەی ئەنتۆنیۆ تابوکیدا

ڕەخنەی چاودێر 17/08/2018

خەونەکەی ئارسەر ڕامبۆ لە کتێبەکەی ئەنتۆنیۆ تابوکیدا
ئەنتۆنیۆ تابوکی

وەرگێڕانی: شەماڵ وەلی

شەوی ٢٣ـی جوڵای ١٨٩١، لە نەخۆشخانەی شاری مارسێی، ئارسەر ڕامبۆ، شاعیر و ماڵبەکۆڵ، خەونێکی بینی.
خەونی بینی لە ناوچەی ئاردن تێ دەپەڕی. قاچە بڕاوەکەی خستبووە ژێر باڵی و بە دارشەق ڕێی دەکرد. قاچە بڕاوەکەی ڕۆژنامەی تێوە پێچرابوو و لەسەر ڕۆژنامەکەیش شیعرەکانی ئەویان بە پیتی گەورە چاپ کردبوو.
هێندەی نەمابوو بۆ نیوەشەو و مانگ پڕ بوو. مێرگوزارەکان زیوین بوون و ئارسەر گۆرانیی دەگوت. پاشان گەیشتە نزیک ماڵێک کە یەکێک لە پەنجەرەکانی ڕووناک بوو. لەسەر چیمەنەکە لەژێر دارچوالەیەکی گەورە ڕاکشا و درێژەی بە گۆرانیگوتنەکەی دا. گۆرانیی شۆڕشگێڕانەی قەرەجەکانی دەگوت کە سەربوردەکانی ژنێکی چەکبەدەستی دەگێڕایەوە. پاش قەیرێ دەرگای ماڵەکە کرایەوە، ژنێکی لێوە هاتە دەر و بەرەو لای چوو. ژنێکی گەنج بوو بە قژی بەرەڵای بەر با. ژنە گوتی: ״ئەگەر تفەنگێکی وەکوو گۆرانییەکەتت دەوێت، من دەتوانم پێتی بدەم، لە عەمباری خەلەکەدا هەڵم گرتووە.״ ڕامبۆ قاچە بڕاوەکەی بە سینگییەوە گوشی، پێکەنی و گوتی: ״خەریکم دەچم بۆ کۆمونی پاریس و هەر بە هەڵکەوت تفەنگێکیشم پێویستە.״
ژنە تا عەمباری خەلەکە لەگەڵی چوو. عەمبارەکە لە بینایەکی دوونهۆمیدا بوو. لە نهۆمی خوارەوەدا چەند سەر مەڕێکیان بەخێو دەکردن و نهۆمی سەرەوە کە بە پەیژەیەک لەگەڵ خوارەوە پەیوەست کرابووەوە، عەمباری خەلەکە بوو.
ڕامبۆ گوتی: ״ناتوانم بە پەیژەکەدا سەرکەوم، من هەر لێرە لەناو مەڕەکان چاوەڕێت دەبم.״ پاشان لەسەر کایەکە ڕاکشا و بیجامەکەی داکەند. ژنەکە کە دابەزی، ڕامبۆی ئامادەی سەرجێیی بینی.
ژنە گوتی: ״ئەگەر ژنێکی وەکوو ژنی گۆرانییەکەتت دەوێت، من دەتوانم بۆتی پەیدا بکەم.״

ڕامبۆ لە باوەشی گرت و لێی پرسیی: ״ئەو ژنە ناوی چییە؟״ ژنە وەڵامی دایەوە ״ئوورلیا، ژنێکی خەوناسایە״ و پاشان خۆی ڕووت کردەوە. ئەو دووانە لەناو مەڕەکاندا سێکسیان کرد و ڕامبۆ قاچە بڕاوەکەی لە تەنیشت خۆیەوە دانابوو. پاش ئەو ڕووداوە ژنە داوای لێ کرد هەر لەوێ بمێنێتەوە و ڕامبۆ وەڵامی دایەوە ناتوانێت و دەبێت بە ڕێ بکەوێت. پاشان ژنە گوتی: ״بۆ بینینی هەڵهاتنی خۆر لەگەڵ مندا وەرە دەرەوە.״ کاتێک دووبەدوو هاتنە گۆڕەپانی بەر دەم ماڵەکە، دنیا ئیتر ڕووناک بووبووەوە. ڕامبۆ پرسیی: ״تۆ دەنگی هاوار نابیستی؟ بەڵام من دەیبیستم، خەریکن لە پاریسەوە دێن و بانگم دەکەن، ئەو دەنگە دوورە ئازادییە، ئازادی.״
ژنە هێشتا لەژێر دارچوالەکە ڕووت بوو. ڕامبۆ گوتی: ״قاچم بۆ تۆ بەجێ دەهێڵم، ئاگات لێی بێت.״
پاشان بەرەو جادە سەرەکییەکە بە ڕێ کەوت. چەندە جوان بوو کە لەو کاتەدا چیتر نەدەشەلی. وەک بڵێی هەردوو قاچی هەبوون و جادەکە لەژێر سۆڵە دارینەکانی بە دەنگ هاتبوو. ئاسۆ سوورباو بوو، ئەو گۆرانیی دەگوت و سەرخۆش بوو.

سەرنج
کتێبی ״خەونی ناو خەون״، یان ״خەون لە خەوندا״، لە نووسینی تابووکییە. وەک لە ناونیشانەکەیەوە دیارە کتێبێکی خەونئاسایە. تابووکی بیست نووسەر-هونەرمەند و غەیرەی بە هەڵبژاردەی خۆی، دیاری کردوون و لە بارەی هەر یەکێکیانەوە چیرۆکێکی نووسیوە. لەم چیرۆکانەدا نووسەرەکان-هونەرمەندەکان خەون دەبینن و ئەم خەونانە تێکەڵ بە ژیان و ئەدەبیات و هونەری ئەوان دەبن. نووسەری خەونەکان تابووکییە، ئەو هەم ئەدەبیاتنووس و هەمیش ڕێکخەری ئەم خەونانەیە، ڕێکخەر لەو ڕووەوە کە چۆن چیرۆکێک لە نێوان ژیانی نووسەر و هونەرمەندەکان و ئەدەبیات و هونەرەکەیاندا دروست دەکات.
تابووکی لە لایەن ترێزای کچییەوە دەفتەرێک بە دیاری وەردەگرێت و ئەم کتێبەی تێدا دەنووسێت. بۆیە کتێبەکەیشی هەر پێشکەش بەو کردووە. حەزی کردووە لە چۆناییی خەونبینینی ئەو نووسەرانەی ناویان دەبات، ئاگەدار بێت. بێشک ئەو نازانێت چێخۆف، پێسوا، مایاکۆڤسکی و مایکڵ ئانجیلۆ چۆن خەونیان بینیوە، یان بە چییەوە بینیویانە، بەڵام ئەدەبیات دەتوانێت ئەو لەم ئەگەرانە نزیک بکاتەوە. هەڵبەت لە پێشەکییە کورتەکەی کتێبەکەیشیدا داوای لێبوردن لە ڕۆحی کارەکتەرەکانی دەکات- بۆ کتێبێکی وەها- کە ئێستاکە لەو دنیا خەریکن خەون دەبینن. لە کۆتاییی کتێبەکەیدا ژیانی ڕاستەقینەی خەونبینەکانی داناوە. ئەو بێگومان لە کتێبەکەیدا زیگمۆند فرۆید لە بیر ناکا و خۆیشی بە نووسینی کتێبێکی ئاوها بچکۆلە و جوان، دەشێ خەونبینە گەورەکە بێت.