مەلا بەختیار: لێپرسراوێتی‌و ئەركەكانتان، هاوتای ئامانجەكانتان رابپەڕێنن!

کوردستان 16/08/2018

لەدیدارێكدا لەگەڵ ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی



ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی، سەردانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دەكەن و لەدیدارێكیشدا، زانیاریی‌و رونكردنەوەی پێویست لەبارەی دامەزراندنی ناوەندەكەیان‌و ئامانجەكانیانەوە، دەخەنەڕوو.
لەدیدارەكەدا، كە ئەمڕۆ 16/8/2018 لەمەكتەبی سیاسی لەسلێمانی‌و بەئامادەبوونی هیوا حەمید، لێپرسراوی بۆردی ئێنجی ئۆكان، بەڕێوەچوو، پاشئەوەی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بەخێریهێنان، ئەندامانی ناوەندی چاوی كورد، لەگفتوگۆیەكدا، سەردانەكەیان بەئامانجی ناسینی ناوەندەكەیان‌و ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا دامەزراون ناوبردو ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد، لەو روانگەیەوەی مەلا بەختیار، هەمیشە پاڵپشت‌و هاوكاری رووناكبیران و رۆشنبیران بووە، سەردانەكەیان بەپێویست زانیوەو وتیان: ناوەندەكە، دەمانەوێت هێڵی سێهەم دروستبكەین، لەنێوان ئەو مییدیا حزبییەی ئێستا، لەگەڵ ئەو مییدیا شەڕەنگێزەی ئێستا، كە بەبێ‌ هیچ ئیتیك‌و ئاكارێكی مییدیایی، تۆمەت دەبەخشنەوەو خەریكە كارێك دەكەن، ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و ئەو پێكەوە ژیانە جوانەی كۆمەڵی ئێمە، لەناودەبەن!
جەختیشیانكردەوە، كە: هیچ ئەجێندایەكی پابەندییان بەهیچ لایەن‌و حزبێكی سیاسییەوە نییە، بەڵكو دەخوازین ئەكادیمیانە كارەكانی خۆمان رابپەڕێنین‌و پەرە بەئاشتی كۆمەڵایەتی‌و پێكەوە ژیان بدەین. 


لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، دەستخۆشی ئاراستەی دامەزراندنی ناوەندەكە كردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: خەمەكەتان گەورە‌و كارێكی ئاسان نییە، ئەزموون‌و ماندووبونێكی جدیانەی پێویستە بۆ ئەوەی ئەو خەمەی هەتانە‌و ئەو ئەركانەی دەكەوێتە ئەستۆتان، بەشایستەیی رابپەڕێنن.
وتیشی: سەردەمەكە، سەردەمی فرەییە، فرەیی لەحزبایەتی، لەمییدیاو لەتاكگەرایی، بەپێچەوانەوە سەردەمی قۆرخكاری نەماوە‌و لەو روانگەیەشەوە، سەروتاری یەكەم رۆژنامەی چاودێری وەبیرهێنایەوە، كە بەناونیشانی "هێڵی ناڤین"ەوە بووەو رونیكردەوە، هەروەك لەو سەروتارەدا، تەئكیدییان لەوە كردۆتەوە، كە نە شەتەك دراوی دەسەڵات‌و نە لیبڕاڵێكی تەواوین! چونكە دەسەڵات، بەمانای دەسەڵاتی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی پێهاتووە، لیبراڵیزمیش بەوێنەی ئۆرۆپا، هێشتا باوی نییە‌و نۆرەی نەهاتووە.
مەلا بەختیار، بەهەڵەیەكی گەورەشی زانی، كە بەخەیاڵدانێكی گەورە رێكخراوێكی بچوك دروست بكرێت‌و لەبری لۆژیك، تۆمەت‌و ناوزڕاندن‌و ناشرینكردن هەڵبچنی! بەپێچەوانەشەوە، بەراوردكردنی ئەزمونی كوردستانی بەوڵاتانی ئۆرۆپای بەپلاتفۆرمێكی هەڵە شرۆڤە كردو وتی: دەكرێ‌ كوردستان، بەئەریتریا، فەڵەستین، ڤێتنام، لاوس‌و كوبا بەراورد بكرێت و راشیگەیاند: ئەم باوەڕە بۆ ئەوەنییە بڵێین، رەخنە لەكوردستان نەگیرێت، نەخێر! بەڵام ناشكرێ‌ كۆی ئەزمونەكە بەیەكەوە ناشرین بكەین! بەڵكو هەڵسەنگاندنی عەقلانی، رەخنەی عەقلانی‌و خزمەتگوزاری عەقلانی لەگەڵ ئێستای كۆمەڵ و ئەزمونی كوردستان یەك دەگرێتەوە. 
لەكۆتایی دیدارەكەشیدا، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پشتیوانی بۆ ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی راگەیاند‌و ئومێدشیخواست، ناوەندەكە بتوانێت، لێپرسراوێتی‌و ئەركەكانیان، هاوتای ئامانجەكانیان رابپەڕێنن. بەتایبەت ئەگەر ناوەندەكە بتوانێت رێگەی هێڵی سێهەم بەسەركەوتوویی بگرنە بەر، ئەوا دەتوانن خزمەتێكی بەرچاو بكەن.