تایبەت و گرنگ:
حزبێكی ئیسلامی هەرێمی كوردستان، سیخوڕی بۆ وڵاتێكی ئیقلیمی دەكات

کوردستان 15/08/2018


چاودێر- تایبەت:
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوەوە دەست سایتی چاودێر كەوتوە، یەكێك لەحزبە ئیسلامییەكانی باشوری كوردستان، سیخوڕی بۆ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی بۆ یەكێك لە وڵاتانی ئیقلیمی ناوچەكە دەكات و راپۆرت لەسەر حزبە كوردستانییەكانی باشور و باكور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا دەداتە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەكانی هەمان سەرچاوە، ئەو حزبە ئیسلامیە تاوەكو ئێستا لەبەرامبەر ئەو سیخوڕیانەی دەیكات، زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاری وەرگرتوە.
ئەو سەرچاوە باوەڕپێكراوەی چاودێر، ئەوەش ئاشكرا دەكات، كە سیخوڕیكردنی ئەم حزبە ئیسلامیە بۆ وڵاتێكی ئیقلیمی، لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە كە لەناوچەكەدا هەیە بۆ گۆڕینی هاوكێشە سەربازی و سیاسییەكانی باشوری كوردستان.
هاوكات سایتی چاودێر، ئەوەشی زانیوە، ئەو حزبە ئیسلامیە لە راپۆرتەكانی تایبەت بە حزبەكانی باشوری كوردستان، زیاتر دژایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات و هەوڵ دەدات راپۆرتەكان دژی ئەم حزبە بن.
سایتی چاودێر، ناوی ئەو حزبە ئیسلامیەو ئەو وڵاتە ئیقلیمیەی كە سیخوڕی بۆ دەكرێت، لەلا پارێزراوەو بە هۆكاری هەستیاریی بابەتەكەو پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانی، ناوەكانیان ئاشكرا ناكات.