دەستەی كارگێڕی: وەرگۆڕان لەكاری رێكخراوەیی، بەپێی خواستەكانی سەردەم

کوردستان 14/08/2018

لەگەڵ ئەندامانی مەكتەب‌و 
ئەنجومەنی بۆردی پیشەییەكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان كۆبوونەوە



ئەمڕۆ (14/8/2018) مەلا بەختیار، لێپرسراو و عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، بەئامادەبوونی نەرمین عوسمان، سەرپەرشتیار‌و ئەندامانی مەكتەب‌و ئەنجومەنی بۆردی پیشەییەكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، كۆبوونەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا، لەگەڵ ئەوەی ئامادەیی و رۆڵی بەرچاوی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەگرنگ‌و پڕ بایەخ هەڵسەنگێندرا، هاوكات لەچوارچێوەی پەیڕەو پرۆگرامی یەكێتیدا، بەڕوونی گفتوگۆ لەپەیوەندی ئۆرگانیكی مەكتەب‌و ناوەندی رێكخراوەكان لەگەڵ ئۆرگانەكانی تری یەكێتیدا كراو بەوردی ئەو سەرنج‌و تێڕوانینانەش خرانەڕوو، كە سەروەریی كاری رێكخراوەیی زیاتر دەپارێزێت.
لەكۆبوونەوەكەدا، نەرمین عوسمان، سەرپەرشتیاری مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، دەستخۆشی و پێزانینی ئاراستەی هەوڵ‌و ماندووبوونی تەواوی مەكتەبی رێكخراوەكان كردو تەواوی ئەو چالاكییانەی بەنمونە هێنایەوە، رێكخراوەكان ئەنجامیانداوەو داواشیكرد كە مەكتەبی سیاسی و دەستەی كارگێڕی، لەپێناو بەشایستەیی راپەڕاندنی زیاتری ئەركەكانیاندا، پشتیوانیان بن.


لەلایەن خۆشییەوە، مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، هاوكات لەگەڵ ئەوەی جەختی لەگرنگی و پێگەی رێكخراوە دیموكراتییەكان كردەوەو تێڕوانینە فەلسەفی‌و سیاسییەكانیشی لەباری كاری رێكخراوەیی خستەڕوو، بەپشتیوانی پەیڕەو پرۆگرامی یەكێتیی، سیاسەتی رەسمكراوی یەكێتیی سەبارەت بەپەیوەندییە ئۆرگانییەكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، لەگەڵ ناوەند‌و ئۆرگانەكانی تری یەكێتیی خستەڕوو، تیایدا تەئكیدیی كردەوە، كە پێویستە پەیوەندییەكان‌و هەماهەنگی كاری هاوبەش لەو چوارچێوەدا، جۆشبدرێتەوە.


بەئاماژەكردنیش، بۆ هەلومەرج‌و دۆخی ئێستای كوردستان‌و سەردەم، كە بەسەردەم‌و قۆناغێكی گۆڕاوی پێناسە كرد، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، تەئكیدی لەوەرگۆڕانی كاری رێكخراوەیدا كرد، بەپێی خواست‌و پێویستییەكانی سەردەم‌و قۆناغەكە، تەئكیدی كردەوە، كە پێویستە بەوردی و بەتێڕوانینی نوێ‌، كار بۆ گۆڕانكاری لەپەیكەرەی كاری رێكخراوەیی‌و داڕشتنەوەی پەیوەندیی ئۆرگانیكی رێكخراوەكان بكرێتەوەو ئاسۆیەكی نوێ‌ بۆ هەماهەنگی كارەكان لەنێوان رێكخراوەكان‌و ئۆرگانەكانی تری یەكێتیی، بەهەڵسەنگاندنێكی عەقلانی‌و بابەتیانە، دابڕێژرێتەوە. 
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەكۆتایی وتەكانیشدا، تێڕوانینەكانی لەبارەی رێكخراو و سەندیكا بەرەییەكانەوە، خستەڕوو. بەتایبەت لەپێناو بەدیهێنانی خواست‌و ئامانجە پیشەییەكان، بە بەراورد لەگەڵ ئەو هۆشیاریی‌و خواستە پیشەیی‌و خەباتە مەدەنییەی كە ئێستا دروست بووەو ئەو قەیرانە ئابورییەشی كە كاریگەری لەسەر خەباتی چینایەتی، كۆمەڵایەتی، مەدەنی‌و پیشەیی هەبووە! و رایگەیاند: ئایا ئەو چوارچێوە داخراوە، هیچ قازانجێك بەخەباتی مەدەنی‌و پیشەیی دەگەیەنێت؟ ئەگەرنا ئەوا پێویستە بەستراتیج‌و بەرنامەیەكی نوێ‌، بەعەقلانی‌و هۆشیاریانە، بە پەیوەندییەكی تەندروستی دیموكراسی‌و مەدەنی نوێ‌ لەگەڵ ئۆرگانەكانی دیكەدا، بكەوینە كار. 
هاوكات عومەر فەتاح، ئەندامی دەستەی كارگێڕی، پاشئەوەی ئاماژەی بۆ فراوانی كاری رێكخراوەیی لەناو كۆمەڵدا كرد، تەئكیدی كردەوە كە بە بەراورد بەساڵانی رابردوو، ئێستا ژمارەی رێكخراو و سەندیكاكان، وەك سەردەم‌و قۆناغی ئێستا گۆڕاوەو وتی: مەكتەبی رێكخراوەكان، وەك دامەزراوە، دامەزراوەیەكی گەورەیەو ئەركی گەورەو لێپرسراوێتی گەورەشی لەسەر شانە، كە بتوانێت لەئاستی سەردەمدا بێت.
تەئكیشدی كردەوە، كە پێویستە مەكتەبی رێكخراوەكان، بەپرۆژەو پلانێكی وردتر، بیر لەكاری رێكخراوەیی بكەنەوە، كە لەئاستی ئەم سەردەمەدا بێت‌و لەقۆناغی رابردووی بێتەدەرەوەو لەئاستێكی تردا، بەشایستەیی تر هەم كارەكانی رابپەڕێنێت‌و هەم لەلایەن یەكێتیشەوە، پشتیوانی بەهێزی لێبكرێت‌و هاوكاری بكرێن، بەتایبە كە ئێستا كۆمەڵی كوردستان، زیاتر بووە بەكۆمەڵی رێكخراوەیی، ئەمەش پێویستی بەتوانای ماددی و مەعنەوی زیاترەو بۆ ئەمەش پێویستتان بە پرۆژەو پرۆگرامێكی نوێ‌ دەبێت، كە لەگەڵ واقیعی سەردەمدا بگونجێت‌و لەو رووەشەوە، پشتیوانی خۆیی‌و دەستەی كارگێڕی بۆ راگەیاندن.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەشدا، ئەندامانی مەكتەب‌و ئەنجومەنی بۆردی پیشەییەكانی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان، بەڕوونی سەرنج‌و تێبینی‌و پێشنیازەكانیشیان، بۆ ئاییندەیەكی باشتری كاری رێكخراوەیی جەختكردەوەو  لەگڵ دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و لە گفتوگۆیەكی تێروتەسەلدا، بیروڕاكانیان ئاڵوگۆڕ كردو ئامادەیی خۆیشیان نیشاندا، كە لەو پێناوەدا لێپرسراوانە تر ئەرك‌و چالاكییەكانین رابپەڕێنن.