خوان ڕۆلفۆ باس لە گرنگی نەنووسین دەکات

ڕەخنەی چاودێر 13/08/2018

پیتەر ئۆرنەر
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

تەنانەت دەمەوێت بێدەنگتریش بم. خۆشبەختانە پێویستیی نووسین تەنیا ماوەی جارێک دێت، کاتێکیش دێت ئەوپەڕی هەوڵ دەدەم کورتبڕ بم. دەرەنجامی زۆر کتێب لە نووسیندا وادیارە ئەمە بێت: «بنووسە، زۆر بنووسە.» کاتێک لە نووسینی زۆر بوویتەوە، هەندێکی تر بنووسە. ئاخۆ هەمیشە ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ ئەفراندنی شتێکی نەمر. ئایا من تەنیام؟ یان تۆش لە دەستی تسونامیی ڕۆژانەی وشەکان هەڵدێیت؟ چی دەبوو ئەگەر خەڵکی کەمتریان بنووسیایە و زیاتر سەرنجیان بدایە؟ چەند مانگێکە بەڵێنم داوە ستوونێک بنووسم دەربارەی نەنووسین. هێندە تێیدا باش بووم کە هەرگیز ستوونەکەم تەواو نەکرد.
ئێستا خەریکم هەموو ئەو پرۆسەیە هەڵوەشێنمەوە.

پلانم ئەوەبوو پشتگیریی بیرۆکەکەم دەربارەی نەنووسین، بە دەربڕینی هاوسۆزییه‌كی کورت بۆ «خوان ڕوڵفۆ» بکەم، کە دوو کتێبی نووسیوە، کۆمەڵەچیرۆکێک لەژێر ناوی دەشتە سووتاوەکان (١٩٥٣) و ڕۆمانێک پیدرۆ پارامۆ (١٩٥٥). خوێنەران لە مەکسیک و لە سەرانسەری جیهاندا چاوەڕوانی کتێبێکی تری بوون، ڕۆمانێک کە دەبوو بەناوی (La Cordillera- زنجیرەچیا)ـوه‌ بڵاو ببێته‌وه‌. خەڵکی چاوەڕێیان کرد، هەر چاوەڕێ بوون. ڕوڵفۆ مرد و هەرگیز هیچ کارێکی تازەیشی دەرنەکەوت. چیرۆکی ڕوڵفۆ ئەو کتێبە نییە کە نەینووسی، بەڵکوو کتێبە سەرەکییەکانێتی کە نووسینی. کاتێکیش تەواو بوو، بەڕاستی تەواو بوو.
جارێکیان کە پرسیاریان لێ کرد بۆ وازی لە نووسین هێنا، ڕوڵفۆ وەڵامی دایەوە کە زۆربەی چیرۆکەکانی لە مامێکی خۆشەویستییەوە دەیبیست. ڕوڵفۆ گوتی ئەوەی کە ڕووی دا، ئەو مامە خۆشەویستەی مرد. ئایا هیچ کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژان وەڵامێکی لەوە باشتری داوەتەوە؟

لە پێشەکیی چاپی گرۆڤی پیدرۆ پارامۆدا، «سۆزان سۆنتاگ» نووسیوێتی: هەموو لە ڕوڵفۆیان دەپرسی بۆچی کتێبی تری بڵاونەکرەوە، وەک ئەوەی ئامانج لە ژیانی نووسەر بەردەوامبوون بێت لە نووسین و بڵاوکردنەوە. لەڕاستیدا ئامانج لە ژیانی نووسەر بەرهەمهێنانی کتێبی مەزنە (واتە کتێبێک کە بمێنێتەوە) ڕوڵفۆیش هەر ئەوەی کرد. هیچ کتێبێک شایەنی یەکجار خوێندنەوە نییە ئەگەر شایەنی چەندین جار خوێندنەوە نەبێت.
ستوونە نەنووسراوەکەی من ڕاستکردنەوەیەکی بچووک بەڵام گرنگی لە ئەرگومێنتە جوانەکەی سۆنتاگدا دەکرد. ڕوڵفۆ دوو کتێبی نەمری نووسی. هیچ کتێبێکم نەبینیوە کە نزیک بووبێتەوە لە بەهێزیی فرەدەنگی و خەمهێنەری و نایابیی پیدرۆ پارامۆ. هەموویشی لە ١٢٤ لاپەڕەدا.
بەڵام هەروەها بەردەوامیش دەگەڕێمەوە بۆ دەشتە سووتاوەکان. هەرچەندە چیرۆکە کورتەکان کەمتر پێکهاتەی تۆڕئاسای هەیە، بەڵام لە چیرۆکەکانی سەرەتادا دەتوانیت تۆوی ڕۆمان بدۆزیتەوە. هه‌ڵبه‌ت بەردەوام دەگەڕێمەوە سەر یەکەم کتێبی ڕوڵفۆ لەپێناو دووبارە ئەزموونکردنەوەی شتێکی تەنانەت بنەڕەتیی تر: چۆنێتی گوێگرتن.
دەمەوێت جەخت بکەمە سەر چیرۆکێک بەناوی «لوڤینا». دوو پیاو، سەرخۆشێک و موسافیرێک، لە مەیخانەیەکدان، لە شارۆچکەیەکی بچووکی بێناودا. لەدەرەوە منداڵەکان بەتەنیشت ڕووبارێکەوە خەریکی یاریکردنن. سەرخۆشەکە، لە حەقی خواردنەوەدا، باسی ئەو شارۆچکەیە دەکات کە گوێگرەکەی بۆی دەڕوات- شوێنێک بەناوی لوڤیناوە، شارۆچکەیەک تێیدا با هێندە بەتوندی هەڵدەکات کە «سەربانی خانووەکان دەبات وەک ئەوەی کڵاو بن» و بارانیش تەنیا بۆ چەند ڕۆژێکی کەم لەماوەی ساڵەکەدا دەبارێت و هەندێ ساڵیش هەر نابارێت. لوڤینا، شوێنێکی قاقڕ (وشک وەکو پێستی کۆن، لە زستاندا زۆر سارد، لە هاویندا زۆر گەرم) تێیدا تەنیا شتی هیوابەخش بەڵگەنەویستیی هێمنیی مەرگ خۆیەتی. سەرخۆشەکە قسەدەکا- هەر قسەدەکا. دەردەکەوێت پێشتر مامۆستا بووە و ئەویش ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ئومێدی گەورەوە ڕۆیشتووە بۆ لوڤینا.
"ئەو ڕۆژانە بەگوڕبووم. پڕ بووم لەبیرۆکە- دەزانیت چۆن هەموومان پڕین لە بیرۆکە. مرۆڤ بەهەموو شوێنێکدا دەیانبات بۆ ئەوەی شتێکیان لێ دروستبکات. بەڵام لە لوڤینا سوودی نەبوو. تاقیکردنەوەیەکم ئەنجامدا و بە شکست دوایی هات-"
بیرم لەوەدەکردەوە گوێگرەکە چۆن بەبێدەنگی دەمێنێتەوە. بەدرێژایی چیرۆکەکە یەک وشە ناڵێت لە وەڵامی ئەوەی سەرخۆشەکە پێی دەڵێت. هەرگیز نازانین ڕای چییە لەسەر گەشتەکەی خۆی بۆ لاڤینا. ئایا دەترسێت؟ یان باوەڕی بە گەنجێتییەکەی (لەبەر چەند هۆکارێک گوێگرەکە بەگەنج دەزانم) بەهێزترە لە گەنجێتیی سەرخۆشەکە؟ ئایا پێی وایە لوڤینا نایبەزێنێت وەک چۆن مامۆستاکەی بەزاندبوو؟
لە شوێنێکدا سەرخۆشەکە دەوەستێت و بێدەنگ دەبێت. گێڕەرەوەکە، دەنگێک باڵی کێشاوە بەسەر چیرۆکەکەدا دێتە قسە بۆئەوەی پێمان بڵێت لە مەیخانەکەدا چی دەگوزەرێت کاتێک سەرخۆشەکە قسەدەکات: مێروولە باڵدارەکان دەهاتنەژوورەوە و لە دەوری چرا نەوتییەکە کۆدەبوونەوە و بەباڵی هەڵکڕووزاوەوە دەکەوتنەسەر زەوییەکە. لەدەرەوەیش شەو لە پێشڕەویدا بوو.
بیرم لەوە کردەوە: دەکرێت چی بڵێم دەربارەی «لوڤینا» کە ئەم تاکەڕستەیە نایگرێتەوە؟ «لەدەرەوەیش شەو لە پێشڕەویدا بوو.» ئەی وانییە؟ لای هەموومان؟ هەمیشە؟
لە کۆتاییدا، ئاماژەکەی گوێگرەکەم وەرگرت و گەیشتمە ئەوەی تەنیا ڕێگای ڕاستگۆیانە بۆ نیشاندانی ڕێز بەرامبەر ئەم چیرۆکە (بەرامبەر خودی ڕوڵفۆش) ئەوەیە بۆچوونەکانم بۆخۆم بهێڵمەوە. ڕەنگە ئەمە، وەک دەبێت وابێت کاتێکە کە دەگاتە دۆستانەترین پەیوەندییەکان، پەیوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەر. پێویستی بە لێکدانەوە نییە. پێویستی بە ڕاگەیاندن نییە. ئەوەیش بەڵێنی تەواوکردنی ئەم ستوونەی وەستاند.
*

ئەمڕۆ لەسەر مێزێک دانیشتووم لە پارکی سەرەکیی بوتانۆ، زۆر دوور نییە لە پیسکادێرۆ، کالیفۆرنیا. خێزانێک کە من بە ڕووسییان دەزانم، لەدووریی چەندپێیەک لەولامەوە دانیشتوون، چێژ دەبینم لە گوێگرتن لێیان کە لەماوەی دوو کاتژمێری ڕابرد‌‌وودا هاوار بەسەریەکدا دەکەن. سەرەتا پێم وابوو دەمەقاڵەیەکی گەرمە و هەرچی زووە دەبێت بەشەڕیان (لەڕاستیدا یەکێکیشیان بەشتێک کە لە گۆشت دەچوو کێشای بەسەری یەکێکی تریاندا)، بەڵام ئێستا ڕوونە کە ئەم خێزانە بەو شێوەیە لەسەر نانخواردن گفتوگۆ دەکەن. تەنیا پێنج کەسن، ئەوانەی وا دیارن دایکوباوک بن لە حەفتاکانی تەمەندان، ڕەنگە سیانەکەی تر کوڕ و کچیان بن، هەموو لەکۆتایی سییەکان و سەرەتای چلەکاندان. تەنیا پێنجن بەڵام هێندەی بیست چەتەی کۆساك ژاوەژاویان بوو. هەموویان کەتەن، بەڵام ئەوە دەنگیانە کە هێندە پڕ ژاوەژاوە، دەلوورێنن، پێدەکەنن، دەدەن بەسەرمێزەکەدا. دیسانەوە زانینی تەنیا یەک زمان دادم نادات. بەنەفرەت بێت، لە ژیانێکی تردا دەبێت فێری ڕووسی ببم تەنانەت ئەگەر بشمکوژێت. دەبێت چیخۆڤ و بابل بخوێنمەوە، گوێ ڕادێرم لە دۆستانەترین گفتوگۆکانی هەموو ئەو گەلە. من بۆ ساتێک هێمنیی سەیرانگەی ڕێدودز هاتمە ئێرە کەچی لەبری ئەوە تووشی ژاوەژاو هاتم. چی لە دارەکان بکەم، من لەم خەڵکە شێتە سەرنجڕاکێشانە تێناگەم. دەڵێی بۆلای ئەوان هاتووم. لەبەر چەند هۆکارێک ئەو ستوونەم بیردێتەوە کە نەمنوسیبوو. خوان ڕوڵفۆی مامۆستای بێدەنگی چی دەکرد لەگەڵ هەرای خوانێکی دۆیستۆڤسکییانەی مێزەکەی تەنیشتیدا؟ بێگومان شتێکی ئەوتۆ نا، لانیکەم لەڕواڵەتدا، بەڵام کە لێرەدا دانیشتووم ئەوە بەمێشکمدا هات کە ڕەنگە ڕوڵفۆش چێژی لەمە ببینیایە. هەر من وەهام؟ یان تۆش لەگەڵ نوسەرە مردووەکاندا پەیوەندی دەکەیت، وەک چۆن لەگەڵ هاوڕێ مردووەکانتدا؟ ڕەنگە ئەوەبێت من لەم ساتەدا ڕوڵفۆم لە هەست بە تاوانەوە دروست کردبێت بەهۆی ئەو شتەی کە دەمێکە بەڵینمداوە و نەمتوانیوە دەریبڕم. هەرچی بێت، ئەو لێرەیە (بە کراسێکی سپیی درەوشاوە و کامێرایەک بەسەر شانییەوە) و منیش بیر لە چیرۆکەکانی دەکەمەوە و چۆن زۆرجار دەربارەی کارەکتەرگەلێکن کە چیرۆک بۆ یەکتری دەگێڕنەوە. ئەگەر بکرێت ڕای خۆم بڵێم لەوەی هاوڕێکانم لە مێزەکەی تەنیشتمەوە باسی چی دەکەن، دەڵێم ڕەنگە چیرۆک بۆ یەکتر بگێڕنەوە، ئەو چیرۆکانەی کە ڕەنگە هەریەکەیان بێکۆتا جار بیستوویەتی.
بەمجۆرەیش: تەنیا گێڕانەوە و دووبارەکردنەوە نییە. کارەکانی ڕوڵفۆ لە جەوهەردا دەربارەی کەسانێکە کە ئەوپەڕی هەوڵدەدەن بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە باری ئەو چیرۆکانەی هەرگیز لە گێڕانەوەیان ناوەستن. پێموایە لەسەروو هەموو شتێکەوە لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ڕوڵفۆ لێرەیە لەگەڵ مندا لەم پارکە سەیرەدا، لەم سەیرانگە بچوکەدا، گوێ لە زمانێک دەگرێت کە پێموایە ئەویش لێی تێناگات.
باوەڕیشم وایە (هەروەک خێوەکەی ڕوڵفۆش باوەڕی وایە) کە ئەو چیرۆکانەی هاوڕێ سلاڤییەکانمان بەشێوازی ناوازەی خۆیان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە پەیوەندییەکی هەیە بەوەی بەسەر هیوا و ئاواتەکانی گەنجێتیاندا هاتووە. دواتر، هەستم کرد ئەو باوەڕەی بەخۆم هەمبوو وردەوردە لێم دەترازێت. لە چ شوێنێکی ژیانماندا هێندە ئاشقی شکستەکانمان دەبین کە چیتر ناتوانین واز لە باسکردنیان بێنین؟