تاران لە عەبادی توڕەیە

ڕاپۆرت 13/08/2018


ئا: رەمەزان شێخانی 
دوێنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەو سەردانەی هەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ ئێران ئەنجامی بدات. ئەمە لەكاتێكدایە لێدوانەكانی عەبادی سەبارەت بە پابەندبونی وڵاتەكەی بە گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران، تارانی بە تەواوەتی توڕە كردوە.
رۆژی سێشەممە رابردوو حەیدەرعەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق چەند لێدوانێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران ئەوەش ناڕەزایەتی و توڕەبونی كۆماری ئیسلامی لێكەوتەوە.
رۆژی شەممەی رابردوو بەرپرسێكی حكومەتی عیراق بڵاویكردەوە رۆژی سێشەممە عەبادی بەسەردانێك دەگاتە ئەنقەرە و رۆژی چوارشەممەش سەردانی تاران دەكات بەمەبەستی تاوتوێ كردنی پەیوەندیە ئابوریەكانی نێوان هەردوو وڵات لە ژێر رۆشنایی ئەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە رۆژی 7ی ئەم مانگە بەسەر ئێران دا سەپاندی، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی بێئاگایی خۆیان لەو سەردانە نیشانداو دوابەدوای ئەوەش نوسینگەی عەبادی بڵاویكردەوە كە عەبادی سەردانەكەی هەڵوەشاندۆتەوە.
لای خۆشیەوە بەرهەم قاسمی وتەبێژی وەزارەتی كاروباری دەرەوەی ئێران بەئاژانسی ئیسنای نیمچە رەسمی وڵاتەكەی راگەیاندوە ئێمە هیچ جۆرە زانیاریەكمان لەبارەی ئەو سەردانەوە پێنەگەیشتوە.
لەلایەكی دیكەشەوە دوێنی موجتەبا حوسێنی نۆێنەری عەلی خامەنەیی رێبەری باڵای ئێران زۆر راشكاوانە نارەزایەتیەكانی ئێران بەرامبەر هەڵۆیستەكەی عەبادی دەربڕی و لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە لێدوانەكەی عەبادی نابەرپرسانە بوە سەبارەت بە پابەند بوون بەسەپاندنی سزاكانی سەر ئێران.
موجتەبا رایگەیاند لێدوانەكەی عەبادی لەگەڵ بەڵێنی ئەمەكداری هەڵۆێستە شەرفەمەندانەكانی ئێران ناگونجێت و بەداخەوەین بۆ ئەو هەڵۆێستە كە نیشانەی تێكشكاندنیەتی لەبەرامبەر ئەمریكادا .
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكیدا سەبارەت بەو سزایانەی كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی رایگەیاند ئەوە هەڵەیەكی ستراتیژییە بەڵام عیراق پابەندەبێت بەو بڕیارەوە. 
سەرچاوە: رۆژنامەی شرق الاوسگ
.