یادێکی درەنگوەخت لە جەواهیری

ڕەخنەی چاودێر 08/08/2018

ڕەخنەی چاودێڕ

ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕابردوو، یادی تێپەڕینی ١٩ ساڵەی مردنی شاعیری ناسراو و گەورەی عێراقی، محمەد عەبدولحسێن مەهدی جەواهیرییە. ئەو لە ساڵی ١٨٩٩ لە شاری نەجەف لە دایک بووە و لە ٢٧ی تەمووزی ساڵی ١٩٩٩ و لە تەمەنی ٩٨ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دیمەشق، کۆچی دوایی کردووە.

 

 جەواهیریی، لە تەمەنی زووی لاوێتییەوە قورئان لەبەر دەکات، بۆیە باوکی دەینێرێتە لای چەند مامۆستایەکی ئایینی زیرەک، تا لە بارەی نەح و سەڕف و بەلاغە و فیقهەوە بخوێنێت.

نازناوی جەواهیریی، بۆ ناوی کتێبێکی گرنگ لە بواری فیقهدا دەگەڕێتەوە، بە ناوی "جواهر الکلام"، کە یەکێک لە باپیرە گەورەکانی جەواهیریی، "شێخ محەمەد حەسەن ئەلنەجەفی" نووسیویەتی و لە ٤٤ بەرگ پێک دێت و لەو کاتەشەوە ئەو بنەماڵەیە بە جەواهیری ناوبانگیان دەرکرد.
لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، جەواهیری یەکەم دیوانە شیعریی خۆی بڵاو کردەوە، پاش هاتنە سەر حوکمی مەلیک فەیسەڵ و چەند ساڵێک کارکردن لە گەڵی بە مەندیلەوە، دواجار مەندیلی فڕێ داو ڕووی کردە کاری ڕۆژنامەوانی و چەند ڕۆژنامەیەکی دەرکرد، لەوانە: ئینقیلاب و الرای العام.
جەواهیری بەهۆی گوشاری سیاسییەوە، ساڵی ١٩٤١ لەگەڵ چەند دۆستێکی تریدا ڕادەکاتە ئێران و دواتر دەگەڕێتەوە، لە ساڵی ١٩٤٧ بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵدەبژێردرێت و دواتریش، بەهۆی ناڕازیبوونی بە پەیماننامەی پرسمۆس لەگەڵ بەریتانیا، دەستی لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کێشایەوە.
ئەو شاعیرە عێراقییە لایەنگرێکی سەرسەختی شۆڕشی ١٤ی تەمووز بوو و بەو هۆیەشەوە نازناوی "شاعیری کۆمار"ی لێ نرا، بەڵام بەهۆی تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ عەبدولکەریم قاسمدا، ساڵی ١٩٦١، عێراق بەرەو لوبنان و لەوێشەوە بەرەو پڕاگ جێ دەهێڵێت، گەرچی ساڵی ١٩٦٨ لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠دا، بە یەکجاری عێراقی جێهێشت و دوای گەڕانی بە چەند وڵاتێکدا، دواجار لە دیمەشق بۆ هەتاهەتایە دانیشت.
جەواهیری لە ماوەی تەمەنیدا چەندان نازناوی گەورەی پێ دراوە، لەوانەش: "گەورەترین شاعیری عەرەب".
جەواهیری وەک کەسێکی پێشکەوتووخواز و دیموکراتخوازی عێراقی، لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە هەڵوێستە مرۆڤدۆستی و دیموکراتییەکانی بەرامبەر بە ماف و دۆزی گەلی کورد، ناسرابوو. هەمیشە بە قەسیدەو وتارەکانی پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد کردووە. ئەم شاعیرە مەزنەی عەرەب، بە جۆرێک لەگەڵ ئازار و نەهامەتییەکانی گەلی کورددا ئاوێتە ببوو، گەلی کورد خۆی بە قەرزارباری ئەم شاعیرە ناودارە عەرەبە دەزانێت، کە جەواهیرییە.
جگە لەوەش، ئەو کڵاوە چنراوەی بە بەردەوامی لە سەری جەواهیریدا دەبینرا، لێی نووسراوە: یان کوردستان یان نەمان. چیرۆکەکەی ئەوەیە، ژنێکی کەرکوکی بەناوی "مرواری" دەیچنێت و بە دیاری دەیداتە جەلال تاڵەبانی، لەبەر ئەوەی نێوانی تاڵەبانی و جەواهیریش زۆر خۆش بووە، لە بۆنەیەکدا جەواهیری دەڵێت، دکتۆر پێی وتووم نابێت سەرم خۆر لێی بدات، تاڵەبانیش ئەو کڵاوە چنراوەی پێ دەدات. جێگەی ئاماژەشە، دۆستایەتی تاڵەبانی و جەواهیری لەمێژینەیە و وەک نزیکەکانی تاڵەبانی دەیگێڕنەوە، تاڵەبانی بەشێکی بەرچاوی شیعرەکانی ئەوی لەبەر بووە و زوو زوو وتوونیەتییەوە.