ووڵات پڕبوو لە بیرەنەوت کەچی بەدووکەڵ مردین

سەردەشت محەمەد 23/12/2021



پێشینانی کورد وتویانە "ماڵ پڕبوو لەڕازیانە کەچی بەدەردی سک ئێشە مردن"  ڕازیانە گیایەکی سروشتییە کە وەک دەرمانێک بۆ نەهێشتنی ئازاری سک بەکاردەهێنرێت، چۆن دەکرێت ماڵ پڕبێت لەم دەرمانەو کەچی دەردی سک ئێشە بمانکوژێت؟ 
بۆنا ئەوەتا ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان پڕبووە لەبیرە نەوت و کەچی خێزانێک کە پێکهاتبون لە دایکێک و چوار منداڵ  لە گوندی قوپكی سەربە شارۆچكەی گرەسێنی سەربە ئاكرێ‌، بەهۆی دوكەڵی خەڵوزەوە كە بۆ خۆگەرم كردنەوە بەكاریان هێناوە  خنكان، ئەمە لەکاتێکدایە کە باوكی منداڵەكانیش پێشمەرگە بووە و بە قسەی بەرپرسە سیاسیەکان لە ئەرکدا بووە بۆبەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی  کوردستان، خاکێک کە هەر بستێکی پڕە لەداهاتی ئابوری گرنگ و پڕبایەخ، ئەوەتا  دامەزراوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووپێویی ئابووری (میس) مژدەی دڵخۆشکەریدا  بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢١دا  ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕوژانەی زیاتر بەرز دەبێتەوە و  بەجۆرێک  بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە 485 هەزار بەرمیل تێدەپەڕێنێت. ئەویش بەهۆی دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی "سەرتا" لە باکووری پارێزگای هەولێر،

زیاد بوونی بەرهەم هێنانی نەوتی ڕۆژانە و بەرزبونەوەی نرخی نەوت زیادبونی داهاتی ناوخۆ و بەهۆی زیادکردنی باج و ڕسومات لەسەرهاوڵاتیان و ناردنی ٢٠٠ ملیاردینارە مانگانەکەی حکومەتی بەغداد، ئەمانە نەک هیچیان لە ژیانی هاوڵاتیان نەگۆڕیوە،بەڵکو بەپێچەوانە ڕۆژلەدوای ڕۆژ ژیانی خەڵکی خراپتر دەبێت و حکومەت سەرباری ئەو داهاتە زۆر و زەبەلاحەی کەدەستی دەکەوێت هێشتا چاوی لەدەستی خێرخوازان و خاوەن کۆمپانیاکان و بودجەی فریاگوزاری حکومەتی عێراقە، تاوەکو قەرەبوی دانیشتوانی ئەوگەڕەکانەی شاری هەولێری پێبکاتەوە کە شەوی ١٧ ی ئەم مانگە بەهۆی لافاوەوە زیانێکی مادیی و گیانی گەورەیان بەرکەوت،

هەموو ئەم بێباکییەی حکومەت پێمان دەڵێت فەشەلهێنانی حکومەت لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا کۆتایی هاتووە و ئیدی هیچ ئومێدێک نەماوە بۆئەوەی هاوڵاتیان دڵ بەم حکومەتە خۆشبکەن ئەوەی کەهەیە تەنهاکات بەڕێکردن و خۆ فریودانە بۆ ژیانکردن لەم هەرێمی کوردستانەدا