کورد لەنێوان بێ متمانەیی ناوخۆ و متانە بوون بەدوژمنەکانی
ناتوانین نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەین کە ئێمە وەک کورد لەباشوری کوردستان، پەککەوتەی دەست دەردێکی کوشندەی نێوخۆیین، ئەویش دەردی بێمتامەنی و بڕوانەبونە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا و خۆش باوەڕی و بڕوابونمانە بە فێڵی نەیارەکانمان ، کە ئەمە پەتایەکی کوشندەی چارەسەرنەکراوە بەدرێژایی مێژووی کورد،
دەتوانین بڵێین لەوەتەی ئێمە هەین ئەم دەردە لەنێوماندا بونی هەیە و هێشتا نەک نەماتوانیووە چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ بدۆزینەوە، بەڵکو لەگەڵ هەڵکشانی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی بونماندا ئەم پەتایە توندتر و پڕئازارتر و کوشندەتر دەبێت، مێژووی ئێمە پڕە لەگێڕانەوەی ڕوداووگەلێکی تراژیدیا کە لە دەرئەنجامیی ئەم بێمتمانەیی ناوخۆ و متمانەو بڕوابونە بەنەیارەکانمان دوچاری بوین، ئەوەتا ئەودەمەی کە دەوڵەتی سەفەوی لەسەردەستی شا ئیسماعیلی سەفەوی دادەمەزرێت و شا دەیەوێت سنوری قەڵەم ڕەوی دەسەڵاتەکەی فراوانتربکات، ڕاستەوخۆ پەل بۆ کوردستان دەهاوێت و سەرەتا بۆ جێگیربونی خۆی و دەسەڵاتەکەی سیاسەتێکی نەرم لەبەرامبەر میرنشینە کوردیەکاندا پەیڕەودەکات، ئەم سیاسەتەی شا وادەکات هەرزوو میرە کوردەکان فریوبخۆن و متمانە بە شائیسماعیل بکەن و ببنە هاوپەیمان و دۆستی شا، بەڵام بەداخەوە هێندە نابات کە سەفەویەکان لەسەردەستی شائیسماعیل لە کوردستاندا دەسەڵاتیان بەهێزدەبێت و ئەم بەهێزبونەیان وادەکات شا بێمنەت بێت بەرامبەر بەهاوکاری کردنی میرەکوردەکان و کاتێک میرە کوردەکان وەک خۆشحاڵی دەربڕینێک بۆ دەست بەکاربونی شا سەردانی شاری "خوی" دەکەن دیاری گرانبەها لەگەڵ خۆیاندا دەبەن بۆ شا، کەچی لەبری ئەوەی شائیسماعیل سوپاسیان بکات بەدیل دەیان گرێت و بەشێکیان لەناودەبات و لەجێگەیان میرە قزڵباشییەکان دادەنێت،
ئەم فریودانە وەهەرنەبێت کاری سەفەویەکانبێت بەرامبەر بەکوردەکان، بەڵکو عوسمانیەکانیش دەستێکی باڵایان هەبووە لەفریوادانی میرنشینە کوردیەکان، ئەوەتا مێژوو پێماندەڵێت کاتێک ململانێی نێوان عوسمانیەکان و سەفەویەکان لەسەردەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی ئەم ناوچەیە دەگاتە ئاستی پێکدادان، عوسمانیەکان پەنا بۆمیرەکوردەکان دەبەن و بەجۆرێک مامەڵەیان لەگەڵدادەکەن کە متمانەیان پێبکەن، ئەم متمانەیە بەهێزێکی بەرژەوەندی خوازی وەک عوسمانیەکان دەبێتەهۆی مۆرکردنی ڕێکەوتن نامەیەک لەنێوانیاندا کە لەمێژوودا بە ڕێکەوتن نامەی کورد-عوسمانی ناسراوە و دواجار و دوای تەواو بونی ململانێی عوسمانیەکان و سەفەویەکان و سەرکەوتنی عوسمانیەکان لەجەنگی چاڵدێرانی ساڵی ١٥١٤ز عوسمانیەکانیش هاوشێوەی شائیسماعلی سەفەوی لەو ڕێکەوتننامەیە پاشگەزدەبنەوە و جارێکی دیکە کوردەکان پەراوێزدەخرێنەوە و دەبنەوە بەقوربانی دەست پەتایی بێمتمانەی ناوخۆ و متمانە بون بەنەیارەکانیان،
چەند سەدەیەک بەسەر ئەو ڕوداوانەدا تێپەڕیون هێزەکوردیەکان لە میرنشینەوە بون بە حیزب و هێزی سیاسی جوگرافیایی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتەزلهێزەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە ئابوری کوردستان بەسەدان هێندەی ئەو سەردەمە پێشکەوتووە و گۆڕانکاری گەورە ڕوویانداوە، بەڵام ئەوەی نەگۆڕاوە ئەو پەتایی بێمتمانەییەیە کە لە ناوماندا بونی هەیە، ئەوەتا دەبینین هەر ڕووداوێکی سیاسی ئابوری کۆمەڵایەتی هتد، لە ناوخۆی کوردستاندا کە ڕودەدەن لە دەیان گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆدەکرێت و ناتوانین متمانە بەو ڕونکردنەوانە بکەین کە دەسەڵات لەبارەیانەوە دەیاندات، هەرئەمەشە وادەکات کە هەمیشە دژو دوژمنی یەکدی بین، بەڵام متمانە بەنەیار و دوژمنەکانمان دەکەین و مێژووی سەدان ساڵەی دوژمنایەتیمان لەگەڵیاندا وەلاوەدەنێین و دەست و برد دەبین بەدۆستیان، وەک چۆن لەچەند ڕۆژی ڕابردودا کاتێک لە مەراسیمی سوێندخواردنی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بینیمان کە لەپێشوازی "نێچیرەڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا ئاڵای کوردستان هەڵکرا چۆن هەموو دوژمنایەتیەکانمان لەبیرکردو ئێرانمان وەک دۆستێکی هەزارساڵە وێناکرد ئەمە لەکاتێکدا ئێران هەر دوایی ماوەیەکی کەم لەڕێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە پاشگەزبویەوە و وەک هەڵەیەکی پرۆتۆکۆڵی باسی لەو ڕووداوەکرد ، کەچی بەپێچەوانە لەناوخۆدا هیچ ڕوداوێک نەیتوانیوە ئەم متمانە و باوەڕبەیەکدی کردنە لەنێوانماندا دروستبکات و بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت بمانکاتەوە بەیەک، بەداخەوە ئەم پردی متمانەو بڕوابونە لەناوخۆدا بەجۆرێک داڕوخاوە ئەستمە بەهیچ ڕوداوێک شەقام و دەسەڵاتی کوردی بگەنەوە بەیەک