گوزەرێک بە مێژووی ململانێ و لێکەوتەکانیدا

م. بورهان 23/07/2021


مێژووی گەلانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات بە ڕۆم و عەجەم و بەعەرەب و تورک و ئێرانی و تاد....
سەرجەم مێژووی ئیمپراتۆر و خەلیفە و سوڵتان و شاکان و میرو قەشە و خان و ئێلەکان بخوێنینەوە دەبینین براکان لە ناکۆکی و ململانێکانیاندا پشتی یەکتریان شکاندووە، پەنجەی یەکیان قرتاندووە، چاوی یەکتریان ھەڵکۆڵیوە، یەکتریان خەساندووە، برا برازا کۆرپەی نێو بێشکەی یەکتری خۆیان زیندە بەچاڵ کردووە، ھەرئەوانەش بوون حوکمی گەلانیان کردووە و وڵاتانیان داگیر کردووە، داوایان لەخەڵک کردووە بیانپەرستن و ئیتاعەیان بکەن.
ئیدی ئەو داب و نەریت و رفتارانەش کە سروشت و ئاکاری دەسەڵات و چینی فەرمانڕەوا بووە، پاشان دەستڕۆیشتوەکانی ئەوگەلانەش دەستیان داریگرتووە، لاسایی ئەوانیان کردۆتەوە، ئەو کەڵتوورە بە تێپەڕ بوونی کات دەبێتە رفتار و سروشتی میرو پادشاکانی گەلانی ژێردەستیش.
بۆیە پاشاو میرەکوردەکانیش بەھەمان چەشن ھاتونەتە مەیدان و لاسایی ئەو رەفتارەیان کردۆتەوە.
ئەوەی جیاوزیە لە نێوان ئەوان و ئێمەدا ئەوەیە، 
زۆرێک لەگەلانی دونیا ڕوی لاپەڕەکانی مێژووی خۆیانیان ھەڵداوەتەوە و ڕەخنەیان لێگرتووە، بە چاوێکی زانستیانە و لەسەر بنەمای سۆسۆلۆژیا و مێژوویی و ئەپستمۆلۆژیا سەرلەنوێ مێژووی خۆیان داڕشتۆتەوە، بە کەموکورتی و زیادەڕەویەکانیدا چونەتەوە.
لەچوار چێوەی لێکۆڵینەوەی زانستیدا چەمکی نوێیان بۆ دۆزیونەتەوە.
بۆ نموونە:
سامی خەزنەدار لەکتێبی «ادارە الصراعات»
لەتوێژینەوەیەکیدا لەسەر «ململانێ و ئاشتی »
ئەوەی ساغکردۆتەوە کە ئەم چەمکەی کردۆتە چەمکێکی زانستی و پسپۆڕی تایبەتی، کە تەنھا بەشێوەیەکی زانستی -ئەکادیمی لەم بوارەدا کار دەکات.
لەوچوارچێوە زانستیە دا قۆناغەکانی زانستی ململانێ و ئاشتی بەپێی کات قۆناغ بەندیەکانی ئەم زانستەی دیاری کردووە بەم شێوەیە:

١-قۆناغی دەسپێک«التمیھید والارھاصات» لەکۆتای شەڕی یەکەمی جیھانی ساڵی ١٩١٨ تا کۆتایی شەڕی جیھانی دووەم ساڵی ١٩٤٥ كۆتایی دێت.
٢-قۆناغی دامەزراندن«المرحلە التاسیسیە» لەناوڕاستی چلەکانی سەدەی پێشوو دەست پێدەکات تا ناوەڕاستی شەستەکان.
٣- قۆناغی گەشەکردنی لەساڵی«١٩٧٠-١٩٨٩»
٤-قۆناغی بڵاو بونەوەی لە جیھاندا لەساڵی «١٩٩٠-٢٠١٠».
پێویستە ئێمەش پرسیار بوروژێنین، پرسیار بکەین بۆچی ڕوویدا ؟
چۆن ڕوویدا؟
چارەسەری لۆژیکی و زانستی بۆ بدۆزینەوە..
تۆڵە سەندنەوە«الانتقام» چەمکێکی «سایکۆلۆژی- سۆسیۆلۆژی »ئامێتەیە لەو نێوەندەدا و پێچەوانەی لێبوردەییە «التسامح». لەروانگەی فەلسەفیەوە، واتا مەبەست لەو چەمکە، میکانیزمی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیە..
لێرە چۆن پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان پابەندی یاسا گشتی و تایبەتەکانە، لەناکۆکی و یەکانگیریدا ئەویش ھەمان چەشنە.
دەرباز بوون و دابڕان لەکەلتورو دابو نەریت و ترادسیۆن و تێکستە پیرۆزەکان، بوێری و بیرکردنەوە و ئەقڵی ئەوێت.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد مێژووی گەلانی رۆژئاوا سیخناخن ، لە کوشتن و تۆڵە و پیلان و خوێن رشتن، بەڵام توانیان دەرباز بن لەو قۆناغە، لێ دەرباز بوون خۆ داماڵین لەو ترادیسیۆنە، سانا نیە، ئەگەر فەلسەفەیەک، یان فیکرێک، یان ئەقڵێک شوێن پەنجەی خۆی لە پشت ئەو داھێنانەوە نەنەخشاند بێت، با بە فلاش باگ نیگایەک لە مێژووی خەلیفەکان ، سوڵتانەکان، شاکان، خانەکان، ئێلەکان، پادشا و ئیمپراتۆرەکان، سەرۆکەکانی رۆژھەڵاتی دوای جەنگی یەکەم، میر و پادشاکانی کورد، بدەین، لە جیابوونەوە و لەیەکترازانی حیزبە کوردیەکان نێو بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەدەی پێشوویشی لەگەڵدا بێت، بە پارتی و باڵی « م س» تا جیابونەوەکانی باڵەکانی یەکێتی سۆسیالیست و ئاڵای شۆرش یش، تا ئەو سەردەمەش بە لۆژیکی ھێزو توندوتیژی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، ئاکام و دەرئەناجەمەکەشی خوێن رشتن و ماڵوێرانی و پەشیمانی بووە، پەرچەکردارەکشی قوربانی و توندو تیژی و ستەمی بەرھەم ھێناوە.
ئەزموون وەرگرتن لەتاڵی رۆژگار و قوتاربوون لەو چوارچێوە و فەزا سونەتیە، دەبێت ئەوەش بڵێین ھەنگاو و تەکانێکی مێژوویی بەرەو پێش ھەیە ، سەرەڕای کەموکورتی و بەریەککەوتنەکانی ئەو رووداوانە، لایەنی ئەرێنی و رەفتاری تاڕادەیەک مەدەنیەتی لە رەوتی جیابونەوەکانی بەتایبەت ئەم ساڵانەی دوایی حیزبەکاندا بەدیدەکرێت و گۆڕاوە، بەشێوەیەک لەشێوەکان ھەستئەکرێت لۆژیکی ئەقڵ و نەرمی سیاسیی لە دەرئەنجامی رووداوەکان زاڵترە بەراورد لە چاو روداوەکانی ھاوچەشنی پێشوتریدا ، ئەم میتۆدە بە ئەھوەنتر و ھێمنانەتر جێگەی توند و تیژی گردۆتەوە.

بۆ نموونە: جیابونەوەکانی حیزبی زەحمەتکێشان و دواتر جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر، ھاوپەیمانی و ئەم بارودۆخەی یەکێتی ئێستا و کێشەی ھاوسەرۆکانی ئەتوانین، بڵێین بەشێوەیەک لە شێوەکان، گەشەکردنێکی ئەرێنیە، چونکە پێشتر تۆڵە سەندنەوە، بوو بوو بە تەنیا داردەست و میکانیزمی ململانێ و ناکۆکیەکان بەرامبەر رکەبەرەکاندا.

ئەم رووداونەی ئەم دەیەیەی پێشوو، بەشێوەیەک لە شێوەکان ھەست بە بەرپرسیارێتیە بۆ رێگرتن لەرووداوە نەخوازراوەکان، ھەوڵێکە بۆ گوزەرکردن بە رێڕەی کەڵتورێکی خۆڵەمێشی کە سیخناخ بووە، لەخوێن رشتن و کارەسات و تاوان، پاکتاوی فیکری و جەستەیی، یان بە شێوازێکیتر بیڵێین پەسەندکردنی لۆژیکی مەدەنی و دیموکراسی نەرم و نیان ھاتۆتە کایەوە کە ئەم نۆرمە لەسیاسەت ئاسۆیەک بەدی ئەکرێت.
بۆیە مرۆڤ وایدەبێنێ کە ئەقڵی کوردی تا رادەیەک بەرەو ئەرێنی ھەنگاو دەنێ و دەرس و پەندی لە مێژوو وەرگرتووە، بە دیدی من ئەم کارە لەپۆلێنکردنی فیکری و سیاسی و ئەزمووندا ئەرێنیەو دەچێتە چوارچێوەی گەشەکردنەوە، بەراورد لەتەک قۆناغەکانی تری مێژووی کوردا.