ئەو ئێوارەیەی تره‌مپ عه‌رشی‌ ئەمریکای هەژاند

فەریق حەبیب 07/01/2021



ئێوارەی 6 ی کانوونی دووەمی 2021، لەکاتێکدا کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بوو، تا پەسەندی بکات، دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا وتارێکی ئاگرینی پێشکەش کرد و هەزاران کەسی لەلایەنگرانی هاندا بچنەسەر بینای کۆنگرێس، بەپاساوی ئەوەی ساختە لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە و بەناهەق بایدن دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا و پێویستە رێگری لێبکرێت.
لەو ئێوارە ساردەی واشنتۆندا هەزاران کەس بەگوڕو حەماسێکی گەرمەوە هەڵیانکوتایەسەر بینای کۆنگرێس و چوونە نێو هۆڵی کۆبوونەوەکانەوەو سوکایەتییان بە لوتکەی هەرەمی دامەزراوە دیموکراسییەکانی گەورەترین زلهێزی جیهان کرد، لەئاکامیشدا چوار خۆپێشاندەر کوژران و دەیانیشیان لێ دەستگیرکرا و دوای  دەستێوەردانی گاردی نیشتمانی، دۆخەکە کۆنترۆڵکرا.
ئەوەی ئێوارەی 6 ی کانوونی دووەم لە واشنتۆن روویدا، بەتەنها پێشهاتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو هەژاندنی عەرشی گەورەرترین مەڵبەندی دیموکراسی و مەکۆی لیبراڵیزمی جیهانی بوو، رووداوێک بوو هەرگیز ئەمریکییەکان بیریان لێ نەکردبووەوە، هەر لەبەر ئەوەش بوو رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوروبەری بینای کۆنگرێس بەو جۆرە ئاسایی و رۆتینی بوو و رێکاری تووند نەگیرابووەبەر، چونکە لە مێژووی دوای درووستبوونی دامەزراوە دیموکراسییەکانی ئەمریکاوە پێشهاتی لەو چەشنە رووینەدابوو.
ئەوەی ترەمپ لەڕێی لایەنگرە زۆمبی ئاساکانییەوە کردی گەورەترین سوکایەتی بوو بە بەهاکانی ئەمریکا، لەپێش هەموویانەوە هەردوو بەهای ئازادی و هەڵبژاردن، هاوکات گوومانی خستەسەر کاروبارەکانی گەورەترین دامەزراوەی شەرعی وڵاتەکەی(کۆنگرێس) و مەترسیشی خستەسەر ژیانی تەواوی ئەندامەکانی، جگە لەوەش زەبرێکی کوشندەی لە ناوبانگی گەورەترین سپۆنسەری ئازادی دا کە ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەستی و دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازادانە لەسەرانسەری جیهاندا خەرج دەکات.
ئەوەی ئێوارەی 6 ی کانوونی دووەم لە واشنتۆن دی سی روویدا، هیچی لە رووداوە تیرۆریستییەکەی 11ی سێپتەمبەر کەمتر نەبوو، لە 11ی سێپتەمبەردا ژمارەیەک تیرۆریستی دوژمنی ئەمریکا لە دەرەوەی سنوورەکانەوە رۆیشتبوون بۆ ئەمریکا و دەوروبەری 3 هەزار ئەمریکییان کوشت، بەڵام ئێوارەی 6 یەنایەر هەزاران کەسی خەڵکی ئەمریکا دەستیان نایە بیناقاقای بەها پیرۆزەکانی وڵاتەکەیان، ئەو بەهایانەی تەنها تایبەتمەندی جیاکەرەوەی ئەمریکییەکانە کە شانازی پێوەدەکەن و لەڕێیانەوە خۆیان بە گەورەی جیهان دەزانن، لایەنگرەکانی ترەمپ لەو پەلامارەیاندا رۆحی ملیۆنان ئەمریکییان تاساند، گیانی دامەزرێنەرەکانی وڵاتەکەیان توڕە و نائومێد کرد . هەر بۆیە لێکەوتە و کاردانەوەکانی دوای رووداوەکەی 6 ی یەنایەر هیچی کەمتر نابێت لە دەرەنجامەکانی 11 ی سێپتەمبەر و بگرە گەورەتر و کاریگەرتردەبن و زۆر شت لە ئەمریکا دەگۆڕن، ئیدی 6ی یەنایەریش وەکو رووداوە مێژووییەکانی تر دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو سەردەم و، ترەمپیش وەکو نوێنەری پیرۆزی راسیستەکانی جیهان و یەکێک لە فێڵبازترین پۆپۆلیستەکانی ئەم سەردەمە باجی ئەو سەرکێشییەی دەدات.