وەڵامدانەوە بەقینی كۆن‌و تازە!

كاروان یاروەیس 31/10/2016

بەپێی رێكەوتنی  سیاسی نێوان یەكێتی‌و  گۆڕان،     لە بەشی (10)  مادەی (20) كە تایبەتە بە بواری راگەیاندن، هاتووە: "دەزگاكانی هەردوولا بەگیانی تەباییەوە هەماهەنگی یەكتر دەكەن بۆ پابەندبون بەم رێكەوتنە". دواتر سەركردایەتی هاوبەش لیژنەی فەرعیشی بۆ پێكهێناو راسپاردەو بۆچوونی خۆیان نووسی بۆ ئەوەی  راگەیاندنی هەردولا هاوكاربن بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە.

لە بەرواری ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەوە تائێستا هیچ میدیایەكی ڕەسمی یەكێتی پێشیلی رێكەوتنەكەی نەكردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە میدیای گۆڕان چەند جارێك ئەمەیان كردووە. بیانوو و هۆكارەكان هەرچیەك بن دەبوو لە راگەیاندنی رەسمیانەوە ئەو جۆرە لە هەڵمەتی راگەیاندن سازنەكەن.

قسەی  من لەسەر وتەكانی كاك بەختیار نیە، لە دیداری مێری؛ بەڵكو لەسەر شێوازی وەڵامدانەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕانە، كە جگە لە رێكەوتنامەی سیاسی یەكێتی‌و گۆڕان، دەبوو ڕەچاوی ئاكاری میدیایی‌و سازاندنی گفتوگۆو دیالۆگی مەدەنیانەی هاوچەرخ بكەن. بەتایبەتی قسەكان لە بۆنەیەكی رۆشنبیریی  كراون.

بێگومان لەم قەیرانانەی لە هەرێم خوڵقاون، بەرپرسیاری یەكەم پارتییە، وەك ئەوەی زۆرینەی دەسەڵاتی لایەو سەری كێشەكەش، كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمە؛ كە سەرەنجام بەهۆیەوە پەرلەمان پەكخراو و حكومەتیش نیمچە ئیفلیج بووە. بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان‌و  حزبەكانی تریش بەپێ بەشداری‌و سەنگی سیاسیان بەرپرسیاریتیان دەكەوێتە ئەستۆ، ئەم مەسەلەیە شیاوی گفتوگۆكردن‌و  رای جیاوازە، ئیدی كە وترا خەتای سەرۆكی پەرلەمانە نابێ دونیا سەروژوور بكرێ، بەڵكو دەبێ لەپێشەوە خودی سەرۆكی پەرلەمان، كە راگەیاندن‌و  راوێژكاری هەیە، وەڵام بداتەوە.

ئەمجۆرە لە هەڵمەتی راگەیاندن، خزمەتی ئەو مۆدیلە تازەیەی حزبایەتی‌و میدیاییە ناكات، كە گۆڕان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بانگەشەی بۆ دەكات، ئەمە هەڵمەتێكی رێكخراوی ئاراستەكراوە، كە كتومەت دەچێتە خانەی میدیای حزبە تەقلیدی‌و نادیموكراسیەكانەوە. چونكە گۆڕان پێش ئەوەی ببێتە حزب، پرۆژەیەكی میدیایی بوو، كە كاك نەوشیروان ویستی مۆدیلێكی تازەی میدیاو دەزگای میدیایی بێنێتە ئاراوە.

وەڵامدانەوە پێویستە لەچوارچێوەی قسەو ڕای بەرامبەر بێت، كاك بەختیار باسی رۆڵی سەرۆكی پەرلەمانی كردوە، ئیدی چ پێویست دەكات لە وەڵامدانەوەدا ئەم هەموو تەشهیرو تۆمەت بەخشینەوەیە ریز بكرێ‌و باسی دەیان ساڵ لەمەوبەر بكرێ، ئەم جۆرە لە وەڵامدانەوەو پەلاماردانانە زیانێكی گەورەی لەمیدیاو ئاشتی كۆمەڵایەتی كوردەواریش داوە.  تۆ ڕایەكی خۆت ئەنووسی پاش ماوەیەكی كەم دەیان ئەكاونت‌و  پەیچی خوزاراوە قووت دەبنەوەو جینیۆبارانت دەكەن.

هەڤاڵانی گۆڕان، ئەڵێن؛ مەلا بەختیار بە كۆنە قین قسە ئەكات، بەڵام سەراپای وەڵامدانەوەكەی خۆیان  مۆركی كۆنە قین‌و تازە قینیشی پێوە دیارە!

لەمۆنتاژدا، كەناڵی (كەی ئێن ئێن)،   وێنەی  كاك بەختیاری بەكارهێناوە, كە  دوورو نزیك پەیوەندی بە ناوەرۆكی وەڵامەكەی گۆڕانەوە نییە، ئاخر چ پێویست ئەكات وێنەی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی‌و  وێنەی پشوودان‌و  سەرخەوشكاندنی پاش ماندوبونی بەرەكانی شەڕی داعش لە كوباشی مۆنتاژ بكەی لەگەڵ ئەو وەڵامە توندە؟.

لە پرۆسەی دیموكراسیدا، كێبركێ سیاسی‌و  مشتومڕی مەدەنیانە حاڵەتێكی زۆر نۆرماڵە، هیوادارم هەڤاڵانی گۆڕان‌و  میدیاكانیان بەو تێگەیشتنە مامەڵە بكەن مامەڵە بكەن، خۆ دیموكراسی تەنها بە لولەی تفەنگ پێشێڵ ناكرێ، بە خراپ بەكارهێنانی میدیاو ژێرخستنی دیالۆگ‌و  ڕەخنەو كێبركێ مەدەنیانەی سیاسەت‌و  بەئامانجگرتنی كەسێتی تاكەكانیش پێشیڵ دەكرێ.