کورد و تێگەیشتنێک لە هونەر و زانستی دانوستاندن)

کوردستان 01/06/2024

د. سەعید کاکەیی: سیاسیەکانی کورد پەروەدە نەکراون بە هونەر و زانستی دانوستان
مەلا بەختیار: لە دانوستانی کورد و بەرامبەرەکانیدا، زۆر کات هێز رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوە نەک زیرەکی

ئەمڕۆ 1/6/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بۆ د. سەعید کاکەیی بەناونیشانی (کورد و تێگەیشتنێک لە هونەر و زانستی دانوستاندن) بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای باسەکەیدا، د. سەعید، ئاماژەی بەوەکرد، هەر لایەنێک یان هەر نەتەوەیەک کاتێک دانوستان دەکات دەبێت بە باشی خۆی و کەسێتی نەتەوەکەی بناسێت، بو نمونە کورد دەبێت لە روانگەی کوردبونەوە خۆی بناسێت نەک کوردایەتی، خۆناسین بنەمایەکی گرنگە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ دانوستان.
ناوبراو باسی لە چەمکی دانوستان کرد کە هەندێ کات مانای تریشی بۆ بەکاردێت وەک گفتوگۆ، وتوێژ، نێوەندگیری، بەڵام وشەی دانوستان، لە وشەکانی دیکە زیاتر مانای (مفاوضات)ی عەرەبی دەدات بەدەستەوە. وتیشی: خاڵێکی گرنگی دانوستان ئەوەیە کە لەڕێگەی تیمی راهێنراو و ئامادەکراوەوە ئەنجام دەدرێت، کە لە زۆربەی کاتدا لە پێنج کەس پێکدێن، وەکو سەرۆکی تیم، جێگر، کەسێک بۆ خوێندنەوەی زمانی جەستەی بەرامبەر، کەسێک بۆ هەڵسەنگاندنی ژینگەی دانوستانەکە، کەسێک بۆ نوسینی کۆنوسی دانوستانەکە، بەڵام بە داخەوە ئەم ئامادەکاریە گرنگە لای کورد پشتگوێ خراوە، چونکە رۆشنبیر و سیاسیەکانی کورد پەروەدە نەکراون بە هونەر و زانستی دانوستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. سەعید باسی لە جۆرەکانی دانوستان کرد، لەوانە دانوستانی تەواوکاری، کە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان ئەنجام دەدرێت و هەردولایەنی دانوستانەکە براوە دەبن. جۆرێکی تر پێی دەوترێت دانوستانی پەرتەوازەیی یان رکابەری، لەمەیاندا براوەو دۆڕاو هەیەو لایەنی براوە شتەکانی دەسەپێنێت. هەروەها جۆرێکی تر پێی دەوترێت دانوستانی سازان، کە لەمەیاندا چارەسەری کاتی بۆ کێشەکان دەکرێت.
هاوکات باسی لە چەند بنەمایەک کرد کە دەبێتە هۆی سەرکەوتن لە دانوستاندا، لەوانە: ئامادەکاری تەواو بۆ دانوستان، دیاریکردنی جیهانبینی خۆت بۆ کێشە و بواری دانوستانەکە، پشودرێژی کە ئەمەیان خاڵێکی گرنگە زۆرجار کورد بەهۆی نەبونی پشودرێژی لە دانوستانەکاندا، زیانی گەورەی کردوە، لەمەدا ئێرانیەکان بە پشودرێژی ناسراون لە دانوستاندا.
د. سەعید لە کۆتایی قسەکانیدا، چەند خاڵێکی باس کرد، کە هۆکاربون بۆ ئەوەی کورد لە دانوستانەکاندا سەرکەوتوو نەبێت، لەوانە: نەبونی ئامادەکاری و تیمی راهێنراو، لاوازی توانای گوێگرتنی و نەبونی وەڵامی دیپلۆماسی، هەروەها ناهاوسەنگی دەسەڵات، جگە لەوەش کەمی کات کە زۆر جار کورد بەهۆی نەبونی پشودرێژی لە دانوستاندا بە دۆراو هاتۆتە دەرەوە، فاکتەری دەرەکییش هۆکار بوە بۆ شکستی کورد لە دانوستاندا.
دوای تەواوبونی سیمینارەکە، بەشێکی ئامادەبوان سەرنجەکانی خۆیان خستەڕوو، زۆربەیان هاوڕابون لەسەر ئەوەی کە کورد لە دانوستاندا هەڵەی گەورەی هەیە و زۆر جار حەز و ئارەزوی سەرکردەکان لەناو دانوستاندا رەنگ دەداتەوەو سەرئەنجام کەلەڕەقی دەروستدەبێت و بە شکستی دانوستانەکە کۆتایی دێت.
هاوکات مەلا بەختیار، رۆشنگەر و سیاسەتمەدار، بەشداری گفتوگۆکەی کرد و بۆچونەکانی خۆی خستەڕوو. ناوبراو باسی لەوەکرد کە لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان ئەندام بوە لە وەفدی دانوستانەکانی یەکێتی لەگەڵ ئێران و بەعس، یەكێک لەو کەسانەی لەو دانوستانانەدا لێهاتوو بوەو زۆر زیرەک بوە، جەنابی مام جەلال بوە، کە دەیتوانی دیپلۆماسیانە لە هەندێ کێشەدا بڕوا بە لایەنی بەرامبەر بکات، جگە لەوەش لە دانوستانی یەکێتی و بەعسدا، یەکێتی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەشداری دانوستانی نەکردوە، بەڵکو دوو پرۆژەی هەبوە بۆ دانوستان کە یەکێکیان بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان بوە، یەکێکیان بۆ فراوانکردن حوکمی زاتی بوە، بەڵام بۆیە دانوستانەکان بێ ئەنجام بون هۆکارە سەرەکیەکە ئەوە بوە کە ئەو وڵاتانەی کورد دانوستانی لەگەڵدا کردون، دیموکراسی نەبون و زۆر کات هێزی سەربازی تەحەکومی بە ئەنجامی دانوستانەکەوە کردوە، نەک ئەوەی کە ئەندامە کوردەکانی تیمی دانوستان لێهاتوو زیرەک نەبوبێتن.