(حزبە سیاسیەکانی کوردستان بۆچی ئەرکەکانی خۆیان پێ جێبەجێ ناکرێت

کوردستان 18/05/2024


دلێر ماوەتی: حزبی سیاسی کوردی دەمێکە مردوە
مەلا بەختیار: سەرۆکی سەنگاپورە لە ماوەی سی ساڵدا وڵاتەکەی کردە پێشکەوتوترین وڵاتی دونیا، ئێمەش دوای 34 ساڵ، 30 ملیار دۆلار قەرزارین

ئەمڕۆ 18\5\2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (حزبە سیاسیەکانی کوردستان بۆچی ئەرکەکانی خۆیان پێ جێبەجێ ناکرێت) بۆ دلێر ماوەتی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای باسەکەیدا، دلێر ماوەتی، بە شێوەیەکی زانستی باسی لە پێویستی حزبی سیاسی و هۆکارەکانی دروستبونی کرد بە تایبەتی لە ئەوروپا. لەوبارەوە وتی: حزبی سیاسی لە کەلێن و بۆشایی کۆمەڵگەوە دروست بوە، لەمێژودا بۆ روبەڕبونەوەی قەیرانە گەورەکان دروست دەبێت، بۆ ڕێکخستنی ململانێ چینایەتیەکان دروست دەبێت، کە ئایدیۆلۆژیا رۆڵی هەیە لە دروستبونیدا، بە تایبەتی لە ئەوروپا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە دوای شەڕە نەتەوەیی و ئاینیەکان و چینایەتیەکانی ئەوروپا وردە وردە دانوستان شوێنی شەڕی گرتەوە. لێرەوەیە خەباتی مەدەنی گرنگە. بە پێچەوانەوە حزبی کوردی بۆ رێکخستنی ململانێی چینەکان دروست نەبوە، بەڵکو ململانێی نەتەوایەتی رێک خست و هەوڵی سڕینەوەی جیاوازیەکانی دەدا، لەناوخۆدا بە چەک کێشە و جیاوازیەکانی لەناوبردوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناوبراو، باسی لە پێناسەکانی حزبی سیاسی و مێژوی دروستبونی حزب کردو وتی: حزبی سیاسی چەندین جۆر پێناسەی هەیە، بەڵام بەگشتی دەوترێت حزب بریتیە لە کۆمەڵێک خەڵک ئامانجیان هەیە و بۆ گەیشتن بە دەسەڵات خەبات دەکەن. بەڵام جوانترین پێناسە ئەوەی ماکس ڤێبەرە کە دەڵێت:حزبەکان بونەتە کۆمپانیا لە بازاڕی سیاسەتدا و کار بۆ زۆرترین قازانج دەکەن. وتیشی: 1850 لە ئەمریکا حزب بە مانا نوێیەکەی دروست دەبێت لەناو کوردیش 1908 دروست دەبێت.
دلێر ماوەتی تیشیکی خستە سەر هەندێ جیاوازی لە نێوان حزبی کوردی و ئەوروپی، لەوبارەوە وتی: حزب لە ئەورپا سەریهەڵداوە، بەڵام لێرە دەستی دووە، حزبی ئەوروپی لەناو پەرلەمان دروست بون، بەڵام حزبی ئێمە لەدەرەوەی پەرلەمان. لەوێ بۆ چاکسازی دروست بوە، لێرە شۆڕشی چەکداری بوە. وتیشی: حزبەکانی کوردستان هێندەی سودیان لە ئایدۆلۆژیەتی مارکسی وەرگرتوە، سودیان لە دیموکراسی خۆرئاوا وەرنەگرتوە.
لە کۆتایی باسەکەیدا، دلێر ماوەتی ئاماژەی بە سێ فاکتەری سەرەکی کرد کە وایکردوە حزبی کوردی نەتوانێت بەڵێن و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. یەکەم: کاریگەری دەوڵەتانی دەوروبەر کە سیاسەتێکی داگیرکارانە و دوژمنکارانەیان بەرامبەر کورد و حزب پەیڕەو کردوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر حزبی کوردی هەبوە کە نەیتوانیوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. دووەم: نەبونی دەوڵەت یەکێکی تر بوە لەو فاکتەرانەی حزبی کوردی دواخستەوە، وەک چۆن هیگڵ دەڵێت مێژوی راستەقینەی نەتەوە لەدەوڵەتەوەیە. سێیەم فاکتەریش، کەلتوری دواکەوتوویی کۆمەڵی کوردی بوە، حزبی کوردی لەسەر بنەمای زانستی دروست نەبوە، لە ئەنجامی شکستی یەکتری دروست بون، تیۆرسێنی نەبوە.
دەربارەی حزبی کوردیش لەم چەند ساڵەی دوایدا، دلێر ماوەتی ئاماژەی بەوەکرد، حزبە کوردیەکان، لە سەردەمی شۆڕشی چەکداریدا خەڵک پشتیوانیان دەکات و حزب دەبێت ئومێدی خەڵکی کوردستان، دواتر لە قۆناغی راپەڕین و دروستکردنی دامەزراوەکاندا خەڵک هەر پشتیوانی حزبە کوردستانیەکانە، بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا حزبی کوردی دوچاری شکست و دواکەوتن بۆیەوە کە دەبوو گرنگی و بایەخی بە دیموکراسی و دروستکردنی تاکی کوردی بدایە، نەدەبوو حزب هێزی چەکداری هەبێت، سەرکردەی حزبەکان رێگای هەڵەیان گرتە بەر، بۆیە ئیتر لەم قۆناغەوەیە کە دەڵێین حزبی سیاسی کوردی دەمێکە مردوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی دلێر ماوەتی، هەندێک لە ئامادەبوان سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشێکیان باسیان لە قەیرانی نەبونی سەرکردە کرد. هاوکات ئاماژە بەوەکرا کە لە کوردستاندا بنەماڵەکان کۆنترۆڵی حزبیان کردوەو هەموو شتێکیان ئیحتیوا کردوە. بیروبۆچونی دیکەش هەبوو کە پێیوابوو بەراوردکردنی حزبی ئەوروپی لەگەڵ حزبی کوردی، ناواقعیەو لەجێگای خۆیدا نیە.
دواتر، مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەشداری گفتوگۆکەی کرد و سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو. ناوبراو پێیوابوو، ئەو جیاوازیە گەورەیەی لەنێوان ئەوروپا و کوردستاندا هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارێکی سەرەکی کە ئەویش شۆڕشی تەکنەلۆژیایە، شۆڕشی تەکنەلۆژی وەرچەرخانێکی گەورەی لە کۆمەڵی ئەوروپیدا هێنایە کایەوە، پەیوەندی و بارە کۆمەڵایەتیەکەی لە بارێکی دەربەگایەتی دواکەوتوو، گۆڕی بۆ پەیوەندی سەرمایەداری، کە وەرچەرخانی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوری دروست دەکات، ئەمە لە کوردستاندا روینەداوە.
دەربارەی هەندێ فاکتەر کە کاریگەریان بۆ سەر حزبی کوردی و شۆڕشی کوردی هەبوە، مەلا بەختیار باسی لە حوکمی جیۆپۆلەتیک کرد کە پێیوابوو مەترسیدارەو کاریگەری زۆر گەورە دەکات سەر شۆڕش و حزبەکانی کوردستان، بۆ نمونە لە هەندێ دۆخدا وڵاتانی ئیقلیمی تەنگیان بە حزبی کوردی هەڵچنیوە، تەنانەت ئابڵوقەشی دەخەنە سەر، لە دۆخێکی وادا قسەی فەلسەفی چارەسەری کیشەکانت ناکات. وتیشی: یەکێک لە هەڵە گەورەکانی سەرکردەو حزبی کوردی بە درێژایی مێژووی کورد، تێنەگەیشتن بوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، تەنیا یەک جار سەرکردەی کورد سیاسەتی نێودەوڵەتی خوێندەوە ئەویش مام جەلال بوو، کە لە کاتی ئەنفالەکان ئەمریکیەکانی دیبوو، عێراق کوەیتی داگیرکرد، مام جەلال تێگەیشت کە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر عێراق گۆڕاوە، لە کتێبەکەی سەڵاح رەشیدا تۆمارکراوە کە مام جەلال نامە بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و داوای لێدەکات دانوستان لەگەڵ حکومەت نەکەن و دەڵێت گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە، قسەکانیشی وا دەرچون.
مەلا بەختیار باسی لە کاریگەری سەرکردەکانیش کرد لەسەر دروستکردنی وڵات و پێشخستنی، لەوانە نمونەی (لی کوان یو) هێنایەوە کە لە ماوەی سی ساڵدا توانی سەنگاپورە لە وڵاتێکی ئەوپەڕی دواکەوتوەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی هەرە پێشکەوتوی دونیا، ئێمەش دوای 34 ساڵ حکومڕانی، 30 ملیار دۆلار قەرزارین.