دادگای ئیتیحادی.. تارمایی هیوا لە دوای نائومێدی
د. دانا: دەرگاکانی ناوخۆی هەرێم داخران، بۆیە خەڵک
پەنای بۆ دادگای فیدراڵی برد
مەلا بەختیار: کار بۆئەوە دەکرێت عێراق بەرەو مەرکەزیەتی
زیاتر ببرێت
ئەمڕۆ 29/3/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی
رۆشنگەری چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (دادگای ئیتیحادی.. تارمایی هیوا لە دوای
نائومێدی) بۆ د. دانا حەمەباقی بەڕێوەچوو.
بەر لە
دەستپێکردنی قسەکانی، د. دانا ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی،
رەهەندێکی سیاسیان هەیە، ئەمە شتێکی نەزانراو نیە، چونکە ململانێ لە ناو ناوەند
و هەرێم هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕویی
یاساییەوە تەنیا قسە لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەم سەبارەت بە موچە.
د. دانا وەک
وەبیرهێنانەوەیەک بە کورتی باسی لەو هۆکارانە کرد کە بونەتە هۆی نائومێدبونی خەڵکی
هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانە دەست بردن بۆ ئابوری
سەربەخۆ، سەرەکیترین هۆکار بوە بۆ دروستبونی کێشەکان و قوڵبونەوەی قەیرانە ئابوریەکان،
جگە لەوە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوریەکان هیچ پلانێکی
کاریگەری نەبوە.
لە بەشێکی دیکەی
قسەکانیدا ناوبراو باسی لەو هۆکارانە کرد کە وایکرد فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان
پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەن، لەوبارەیەوە وتی: ساڵی 2016 لە ئەنجومەنی شورای
هەرێم سکاڵا کرا بۆ پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری بە
بیانوی نایاسایی رەتیکردۆتەوە، کاتێکیش دەرگاکانی دادگا لە ناوخۆی هەرێم داخران،
خەڵک پەنای بۆ چالاکی مەدەنی و ناڕەزایی برد، بەڵام ئەوەش هیچ ئەنجامێکی نەبوو،
دواتر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا دەیانوت موچەکانتان لە بەغدادە، بۆیە
فەرمانبەرانیش روویان لە دادگای فیدراڵی کرد.
د. زانا باسی لە
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کرد تایبەت بە موچە و وتی: حکومەتی عێراق، بە دادگاکەی
وتوە مافی ئێوە نیە ئەو داوایە ببینین، نوێنەری وەزارەتی دارایی عێراقیش هەمان قسە
ئەکات دەڵێت ئەوە لەسەر هەرێمە کە موچەی فەرمانبەرەکانی بدات نەک حکومەتی ناوەندی،
بەڵام نوێنەری هەرێم دەڵێت مۆڵەتمان بەرێ
وەڵامت بدەینەوە، دادگاکەش مۆڵەتی بۆ درێژ نەکردۆتەوە، بۆیە روون نیە کە هەرێم لەو
سکاڵایەدا چی ویستوە بەڵام رونە حکومەتی عێراق دژی ئەوە بوە موچەی فەرمانبەرانی
هەرێم بنێرێت بۆیە حکومەتی عێراق داوەکەی دۆڕاندوە نەک هەرێم، چونکە هەرێم دیار نیە
چی دەوێت؟ ئیتر نازانم بۆ دەڵێن بڕیارەکە دژی هەرێمی کوردستانە؟
سەبارەت بە
بڕیارەکەش دەربارەی موچە، د. دانا وتی: بڕیارەکە دەستکەوتە بۆ فەرمانبەران، ئەوەشی دەڵێت دادگاکە دەستوەردانی لە کاروباری
هەرێمدا کردوە وانیە چونکە ئێمە خۆمان پەنامان بۆ دادگاکە بردوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی د. دانا،
گفتوگۆیەکی گەرم لەسەر بابەتەکە دروستبوو، بەشێک لە بەشداربوان پێیانوابوو
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەواو سیاسین و دژی هەرێمی کوردستانن، دەشیانوت دەستی
وڵاتانی ئیقلیمی لە پشتی بڕیارەکانەوە هەیە. بەڵام بە پێچەوانەشەوە هەندێ لە بەشداربوان
ئەگەرچی پێیانوابوو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی رەهەندی سیاسی هەیە، بەڵام دەیانوت
دوای نائومێدبون لە چارەسەرکردنی ئەو هەمو قەیران و کێشە ئابورییەی هەرێم، مافی
خەڵکی کوردستانە پەنا بۆ ئەو دادگایە بەرێت.
هاوکات مەلا بەختیار سیاسەتمەدار و
رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کردو سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو. ناوبراو رایگەیاند: هیچ پاساوێک بۆ حکومەتی هەرێم ناهێنمەوەو
لەڕوی ئابورییەوە شکستی خواردوە و موچەخۆر مافی خۆیەتی، حکومەتیش دەستەپاچەیە لەئاستی
کێشەکان، بەڵام باوەڕ بەوەناکەم کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەواو پیشەیی بێت و بەدەربێت لە نەخشەیەکی ستراتیژی بەرامبەر بە
لاوازکردنی هەرێم.
مەلا بەختیار
ئاماژەی بەوەشکرد دەبێت لە دادگای فیدراڵی بپرسین بۆچی هەڵوێستیان بەرامبەر نەبونی
یاسای نەوت و غاز و ئەنجومەنی فیدراڵی و جێبەجێ نەکردنی مادی 140 نەبوە کە هەمویان
دیزە بەدەرخۆنە کراون.
لە بەشێکی دیکەی
قسەکانیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بوەکرد لە سەروبەدنی روخانی سەدام لە ساڵی 2003 کە
کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەبەسترا، لە تەواوی کۆنگرەکاندا بەشێک لەوانەی ئێستا
دەسەڵاتدارن لە عێراق دژی فیدراڵی عێراق بون، بەڵام دواجار لە ژێر فشاری ئەمریکا و
ئەوروپا لە
کۆنگرەی سەڵاحەدین رازیبون بە فیدراڵیەت، بۆیە ئێستاش نیازیان وایە کە دەوڵەتی عێراق بەرەو
مەرکەزیەتی زیاتر ببرێت و هەرێمیش لاواز بکەن.