گوناه لە تێڕوانینی نالیدا

کوردستان 16/03/2024

د. ریبین: کورد کە بوە بە موسوڵمان مەلای جزیری و نالی لێبەرهەم هاتوە، بەڵام ئیستا بەهۆی گەڕانەوە بۆ ئیخوانیزم و وەهابیەت نابێت چاوەڕیی شتی باش بکەین..
- نالی زۆر دژی ئەو مەلا و شێخ و زاهیدانە بوە کە بازرگانییان بە دینەوە کردوە
ئەمڕۆ 16/3/2024  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی، لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بە ناونیشانی (مرۆڤ وەک بونەوەرێکی گوناهکار- گوناه لە تێڕوانینی نالی)دا بۆ د. رێبین ئەحمەد بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای قسەکانیدا، د. رێبین باسی لە چەمکەکانی تاوان، گوناه و عەیبە کرد و وتی لە ڕوی پۆلێنکردنی دینیەوە گوناه  ناچێتە چوارچێوەی تاوان، تاوان بریتیە لە تاوانی گشتی و لە زۆربەی کۆمەڵگەکان بە تاوان دەناسرێن وەکو دزی و درۆ، بەڵام گوناه زیاتر بابەتێکی کەسیەو پەیوەندی بە خودی کەسەکەوە هەیە و مافی کەسی تری تێدا پێشێل ناکرێت. ناوبراو لەم رەوەوە رەخنەی لە رێبەران و مەلایانی تەوژم و رەوەتە ئیسلامیەکان و سەلەفیەکان گرت کە جیاوازی لە نێوان تاوانی گشتی و گوناهی کەسیدا ناکەن، کە لە راستیدا دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوانیاندا. وتیشی: نالی لەم روانینەوە سەیری تاوان و گوناه دەکات، نالی لە شیعرەکانیدا زیاتر دژی تاوانە گشتیەکان وەستاوەتەوە کە زیانی بۆ خەڵک و کۆمەڵگە هەبوەو زۆر خۆی خەریک نەکردوە بەو گوناهانەی لەنێوان بەندە و خودا هەبوەو شتێکی شەخسی بون.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، د. رێبین ئاماژەی بەوەکرد کە مرۆڤ بێ گوناه نابێت، مرۆڤ و گوناه دوانەی تەواکەری یەکترن، تەسەورکردنی کۆمەڵگەیەکی بێ گوناه مەحاڵە. هەر لەم روانگەیەوە نالیش سەیری کۆمەڵگەی کردوە، ئەمەش بۆمان دەردەخات، نالی تا ئەوپەڕی مرۆڤانە بیریکردۆتەوەو دژایەتی سەرسەختی تاوانە گشتیەکانی کردوەو گوناهە کەسیەکانی نادیدە گرتوە، بۆ نمونە ئەربابی دینی دین کورت دەکاتەوە لە دروستبونی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای حەرام و حەڵاڵ. بەڵام نالی پێیوایە دەبێت گوناهە شەخیەکان نادیدە بگرین و دژی گوناهە گشتیەکان بوەستینەوە، بو نمونە لای نالی شەرابخۆری ئەکرێ چاوی لێ بپۆشین بەڵام ریاکاری نابێت چاوی لێبپۆشین و دەبێت سەرزەنشتی خاوەنەکەی بکرێت. وتیشتی: لای خۆمان، ئێستا لەسەر هەڵگرتنی برۆی کچێک هەڵا دەنێننەوە، بەڵام گەورەترین گەندەڵی و دزی لە کۆمەڵگەدا نابینین و قسەی لەسەر ناکەن، نالی سور بوە لەسەر ئەوەی گوناحە گشتی و ئەخلاقیەکان نابێت دیزە بەدرخۆنە بکرێن، هی هەرکەسێک بێت دەبێت ئاشکرا بکرێت، هەربۆیە لەم روەوە زۆر دژی ئەو مەلا و شێخ و زاهیدانە بوە کە بازرگانیان بە دینەوە کردوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. رێبین باسی لەوەکرد، نالی رۆشنگەرێکی گەورەی کورد بوە کە ئەگەر کۆمەڵگەی کوردی لە رووی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی  و کەلتوریەوە سودیان لێوەربگرتایە، ئێستا ژیانی خەڵکی کورد باشتر دەبوو لەوەی کە تێیدایە.
لە کۆتایی باسەکەیدا، ناوبراو، جەختی لەوە کردەوە کە لەمێژوی کوردەواری و ئیسلامدا،  کورد کە  ئیسلامی قبوڵ کردوەو لە دەرگای ئیسلامی داوە، کەسانی وەکو مەلای جەزیری و نالی لێبەرهەم دێت، بەڵام ئێستا بەهۆی گەڕانەوە بۆ تەوژمە ئیخوانی و وەهابیەکان، نابێت چاوەڕێی شتی باش بکەین، ئەم دوو تەوژمە میزاجی کۆمەڵگەی کوردیان شێواندوە.