دادگای فیدڕاڵی لەسەردەمێکیتری رێکەوتننامەی جەزائیر!
سامان سنجاوی
بڕیارەکانی رێکەوتی ٢١ی ٢ی ٢٠٢٤ ی دادگای فیدڕاڵی لەسەر( هەڵبژاردن، دۆسێی نەوت، بودجەو موچە) جێی نیگەرانییە، گەر وەک هاونیشتیمانییەک لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بڕوانیت، چونکە دەست بۆ سەروەری یاساکانی هەرێم و کاروباری دەسەڵاتە کارگێڕییەکان و مافە بەدەستهاتووەکانی پێکهاتەکان دەبات، ئەم باڵادەستییەی حکومەتی فیدڕاڵی هەژمونی بۆ چەندین بواریتردرێژو واڵا دەکات، لە بەرامبەردا هەرێم وەک جێبەجێکاری بڕیارو رێنمانییەکان دەردەکەوێت، ئەمەش داکەوتەیەکی خراپی سەرئەنجامی هەڵەی ئەم کابینەیەو کابینەکانی پێش خۆیەتی، ئەم کابینەیە نەیتوانی لە سیاسەتی نەوتی کابینەکانی پێش خۆی دەربازی ببێت، نەشیتوانی پرۆسەی گفتوگۆکان پێش بڕیاری دادگای پاریس بگەیێنێتە رێکەوتنی کۆتایی؛ ئەمە سەرباری ئەوەی لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوو موچەخۆر بەتایبەتی و خەڵکی کوردستان بەگشتی دوچاری بارێکی ناهەمواری دارایی بوون، بۆیە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بەشێوەیەکی بەرفراوان هەستێکی ئاسودەیی بە خەڵکی کوردستانداوە، ئەمەش حکومەتی هەرێمی دەتەوەستان لەبەرامبەر دادگای فیدڕاڵی کردووە، چونکە هەر کاردانەوەیەکی حکومەتی هەرێم روبەڕووی دژە شەپۆڵی جەماوەری لە کوردستان دەکاتەوە. ئەم نیگەرانییە تاکوتەرایەش لە رەهەندی کێشەی مێژوویی گەلی کورستانە، لەدوای دامەزراندنی عیراق وەک قەوارەیەک، باشوری کوردستان لە مافە سیاسییەکان بێبەش کراو کوردستان بووە مێرگی شەڕو کاولکاری، هەتا راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، لەماوەی ئەم ٣٣ ساڵەشدا لە (ئاودویکردن، شەڕی ناوخۆ، گەندەڵی و بەهەدەردان، بێ سیستەمی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، پاشەکەوت و لێبڕینی موچە، پترکردنی باج و سزا و گران بوونی نرخی شتومەک..هتد) جەماوەری حزبە دەسەڵاتدارەکان بەتایبەتی و حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەگشتی کەمکردەوە، لەدوایین هەڵبژاردن کەمتر لە٥٠% دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنی کردووە، ئەمەش مانای وایە پێکهێنەرانی حکومەتی هەرێم نزیکەی ٣٠ % خەڵکی کوردستانی لەگەڵدایە، دەکرێ بڵێین حکومەتی هەرێم حکومەتێکی بێ جەماوەرە، لە هەر بارودۆخێکی وەک بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی یان لە هەر دۆخێکی لەناکاودا ناتوانێت پشت بە جەماوەری بەرفراوان کوردستان ببەستێت، ئەگەر نا ئەم بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی دەستپێکی شەڕێکی یەکلاکەرەوەی ململانێکانی حکومەتی ئتیحادی بەغدایە لە بەرامبەر حکومەتی هەرێم، کەچی حکومەتی هەرێم هیچ ئاڵنگارییەکی نیەو ناتوانێت هیچ کردارو پەرچەکردارێک لە بەرامبەریدا بوەستێت، ئەم بڕیارانە زۆر گران لەسەر هەرێم کەوتووە، کە دەبوو پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم بۆ کارو ئەرکەکانی دەرفەتی بۆ بەغدا نەکردبوبایەوە دەست بخاتە ناو کاروبارەکانی لە مڕ (هەڵبژاردن، دۆسێی نەوت، بودجەو موچە) دۆخەکە بۆ هەرێمی کوردستان چەند دەگۆڕێت:-
1-سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:
-لەجێی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کاروبارەکان بەڕێوەدەبات، گەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە بێگەردی و بە بێلایەنی کارەکانی جێبەجێکردبا، هەرێم چ پێویستی بە کۆمسیۆنی عیراق دەبوو لێپرسراوێتی بکەوێتە دەست و ئەجندای باڵادەستانی عیراق و دەوروبەر بەسەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات.
-ئەگەر مۆنۆپۆڵی لایەنێکی سایسی لەسەر لایەنەکانی پێکهاتەکان بۆ دەرچواندنیان لە هەڵبژاردن،و پێکهێنانی کوتلەی پتر لەنیوە کورسی پەرلەمانی بۆپێکهێنانی کابینەو بۆ تێپەڕاندنی ئەو یاسایانەی کە رەهەندی نیشتیمانیان هەیە، ئەمڕۆ نەدەگیشتینە ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیار بۆ لابردنی ١١ کورسی پەرلەمان بدات.
-ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن رێکەوتبان، چ پێویستی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبوو.
2- سەبارەت بە بودجەو دۆسێی نەوت:
قوڵایی ئەم کێشانە بۆ کابینەکانی ٥ و ٦ و ٧ و ٨ حکومەتی هەرێم کە سەرۆکی حکومەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و وەزیری سامانە سروشتیەکان ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، لە بەرامبەردا لە ٢٠٠٥ لە حکومەتی جەعفەرییەوە دواتر حکومەتی مالکی هەتا ٢٠١٤ لە ئاستێکی باڵادا ململانێکان لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی سەدی بودجەی هەرێم و جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ و کێشەی پێشمەرگە، بوونە داکەوتەیەکی پشتگوێخراو لەلایەن حکومەتی عیراقەوە؛ ململانێکان لەبەرامبەر حکومەتی عیراق بەرەوو دوو سیاسەتی جیاواز ئاراستەی وەرگرت، ئاراستەیەک بە نەفەسێکی درێژتر بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان کە یەکێتی رابەرایەتی دەکرد، ئاراستەی دووەمیش بە نەفەسی کورتەوە لە دەرچەیەک دەگەڕا هەرێم لەم دۆخەکە دەرباز بکات، کە پارتی رابەرایەتی دەکرد، سەرئەنجام، ئاراستەی پارتی سەرکەوت، چونکە یەکێتی لەناوخۆیدا دووچاری جیابونەوەی ریفۆرم بوو کە دواتر بزوتنەوەی گۆڕان یان دامەزراند، ئەمەش پێگەو کورسی پەرلەمانی یەکێتی لە کوردستان و عیراق کەمکردەوەو بووە هۆکاری باڵادەستی پارتی لە هەرێمی کوردستان ولە عیراقیشدا ئەم باڵادەستییە پێگەی پارتی بەهێزتر کرد، و دەرچەی پارتی بۆ رزگاربوون لە ململانێی نابەرامبەری لەگەڵ بەغدا، بەسەربەخۆی هەناردەکردنی نەوت بوو، کە سەرئەنجام یەکێتیش جگە لە کەمبوونەوەی دەسەڵاتی و لەبەر چەند هۆکارێکیتر بووە هاوهەڵویست لەگەڵ پارتی بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئیتر لێرەوە کێشەکان کەوتنە بارێکی سیاسی چەند رەهەندیی، لە بەرامبەر عیراق و ئێران و تورکیا وڵاتانی گەورەی جیهان بەتایبەت ئەمەریکا وروسیا، ململانێی نوێی لە توانا بەدەری بۆ هەرێمی کوردستان هێنایە پێشەوە؛ ئەمە سەرباری ئەوەی دۆسێی نەوەت لە روانگەیەکی نیشتیمانی دانەڕێژرا کە بەرژەوەندی گشتی بکاتە ئەرکە ستراتیژیەکانی، بە پێچەوانەوە، لەسەر مافی گشتی قۆرخکاری لە گرێبەستەکان بۆ کۆمپانیاکان هەر لە نەرخەکانی (دەرهێنان، هەناردە، بەڕێکردن، فرۆشتن) لە بەرژەوەندی لایەن و کەس و کۆمپانیاکان بووە پەیڕەوی کارکردن، ئەمە جگە لە شیرینی نەوەت لە کوێوە هات و چۆن و بۆچی بەخشرایەوە؟!
هەناردەی نەوتی هەرێم، بووە بارێکی گران بەسەر خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنەکانیش بۆ ژیانێکی شایستە خەڵکی کوردستان هیچی راست دەرنەچون، بە پێچەوانەوە حکومەت دەیان موچەی پاشەکەوت کرد و لێبڕینی موچەی هێنایە کایەوە، حکومەتی توشی قەرزی زیاتر٣٠ ملیار دۆلار کرد، هەناردەی نەوت لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو لەبری پەرەسەندی ئابوری، گەشەکردنی ژێرخانی حکومەتی هەرێمی وەستاند، و خەڵکی کوردستانی لە باوەڕی بەتینی خەباتی نەتەوەیی سارد کردەوەو و باری کەلتورو نەریت و کۆمەڵایەتی بە ئاقارێکی خراپ گۆڕی و خەڵکی دوچاری بارێکی تەندروستی و دەروونی خراپ کرد.. هتد.
ئەوەی ئێستا حکومەتی هەرێم لە بەغدا داوایدەکات، ناگاتە نیوەی ئەوەی کە مالکی لە ٢٠١٤ ویست و داواکاری هەرێمی کوردستانی لە بودجەو ماددەی ١٤٠ و هێزی پێشمەرگە، جێبەجێ دەکرد، کەچی ئێستا لەبری بودجە و ماددەی ١٤٠ و پێشمەرگە، داوا کارییەکان لەسەر ناردنی بەشێکی موچەیە!
ئاراستەکردنەوەی پۆزەتیفی ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و حکومەتی هەرێم، ئەرکێکی قوڕس و درێژخایەنی هەمەلایەنەی تێکڕای حزبەکانی کوردستانە، دەرفەت هەیە:
- ئەگەر هەنگاوی کردەیی پێداچوونەوە بە سەرمایەی قۆرخکراوەکانی کۆمپانیا لەمەڕ خۆییەکانی دەسەڵاتداران بەبێ جیاوازی بکرێت، و دەستکەوتی پێداچونەوەکەش بخرێتە خزمەتی گشتی لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان.
-ئەگەر هەنگاوی کردەیی پێداچونەوە بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکان، لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی کوردستانی، هەر وەک ئەوەی بەڕێز مەلابەختیار، لە چەند ساڵی رابردوو خستیە بەردەستی لایەنەکان.
-ئەگەر هەنگاوی کردەیی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ناعەدالەتی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردن و سیستەمی حوکمڕانی بۆ سیستەمێکی هاوچەرخی نیشتیمانی، دوور لە ناوچەگەرێتی هەژمونی سیاسی و سەربازی پەیڕەو بکرێت.
-ئەگەر هەنگاوی کردەیی بەرەو سەقامگیری پرۆسەی دیموکراسی لە پەروەردەی دیموکراسی و فراوانکردنی ئازادییەکان و گەشەپێدانی کەلتوری مەدەنی و پەروەردەی سەردەمیانەی نەتەوەیی، بە ئامانجێکی ستراتیژی کاری بۆ بکرێت.
-ئەگەر هەنگاوی کردەیی بۆ هێنانەدی دەستوری هەرێمی کوردستان بکرێت.
-ئەگەر هەنگاوی کردەیی بۆ گەڕانەوەی سەروەری بۆ پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییە جیاوازەکانی کوردستان بنرێت.