نەوشیراون مستەفا چۆن بوو بە سکرتێری کۆمەڵە؟

کوردستان 20/02/2024

لە کتێبە نوێیەکەی مەلا بەختیار، بە ناونیشانی (کۆمەڵە، چەپ.. چەپی دیموکراسی- دیدراێکی مێژویی لەگەڵ مەلا بەختیار) ناوبراو مێژوی زیاتر لە 50 ساڵی خەبات و کوردایەتی و کۆمەڵە و یەکێتی و ئاڵای شۆڕش و ململانێ و ناکۆکیەکان دەگێڕێتەوە. بۆ زیاتر ئاشنابونی خوێنەران بە ورد و درشتی ناو کتێبەکە، سایتی چاودێر بە شێوەی بەش بەش کۆمەڵێک لە روداو و بابەتە گرنگەکانی ئەو کتێبە بڵاودەکاتەوە.

مەلا بەختیار، لە لاپەڕە 58ی کتێبەکەدا باسی ئەوە دەکات نەوشیروان مستەفا چۆن بۆتە سکرتێری کۆمەڵە. لەوبارەیەوە مەلا بەختیار دەڵێت:
بوونى (نەوشیروان مستەفا) بە سکرتێرى کۆمەڵە ڕاستەوخۆ و لە پڕدا نەبوو، کاتێک (شاسوار جەلال - ئارام) شەهید دەبێت، هەرەسێکى ڕۆحى گەورە بوو بۆ هەموومان، من لە دۆڵە ڕووتەوە چووم بۆ قەرەداغ بۆ لێکۆڵینەوە، (دلێرى سەید مەجید، سامان گەرمیانی، عادل شوکر، ئازادى سەگرمە، شەهید شەماڵ)م لەگەڵبوو، زۆر بیرم لە بارودۆخى کۆمەڵە کردەوە، ئەوکاتە (سالار عەزیز) لە دەرەوەى وڵات بوو، (شەهید ئازاد) لە من بچوکتربوو، لەناوچەی کەرکوک بوو، بەش بە حاڵى خۆم، لە خۆم و (شەهید ئازاد)م ڕانەدەبینى ببینە سکرتێر و جێگەى (شەهید ئارام) بگرینەوە، بۆیە هەر ئەوکاتە لە یاخسەمەرەوە لە ڕێی شەهید (غەریب هەڵەدنی)ییەوە نامەیەکم بۆ (مام جەلال) نوسی و گوتم: دەچم بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتى شەهیدکردنى (شاسوار جه‌لال)، بەڵکوو کادرەکانى کۆمەڵە کۆبکەنەوە و کۆبوونەوەیەکى فراوان بکەین و پێم باشە (نەوشیروان مستەفا) ببێتە سکرتێرى کۆمەڵە، کاتێک (مام جەلال) نامەکەى منى پێگەیشتبوو زۆرى پێخۆش ببوو. کە من چووبووم بۆ قەرەداغ (نەوشیروان مستەفا) بەپێچەوانەى بیرکردنەوەی من، پێیوابوو من دەچم بۆ قەرەداغ تا جێگەى (شەهید ئارام) بگرمەوە، توڕە ببوو گوتبووى: لە (مەلا بەختیار) وایە هەرچى بچێ بۆ قەرەداغ دەبێت بە سکرتێرى کۆمەڵە، (حامید خەمزەیى، باباعەلی قەیوانى) بە رێکەوت لەگەڵیبوون، هەردووکیان منیان خۆشدەویست، کە پەڕینەوە و هاتن بۆ لام، گوتیان لەبەرچاوى خەڵک نەوشیروان ئەو قسەیەى دژی تۆ کردوە، گوتم: خێرى بنوسێت، لە کۆبوونەوەى فراواندا لە نۆکان بینیم، کۆبوونەوەیەکى فراوانیان ئامادەکردبوو، هەموو کادیرەکانیان کۆکردبۆوە و چاوەڕێى منیان دەکرد، (23 - 24) کادر لەوێ بوون، ڕاگەیاندنەکە بەناوبانگە، بە ناوى (یەکەمین کۆبوونەوەى فراوانى نەورۆز) بڵاوکرایەوە. لەوێ هەڵبژاردن کرا، (نەوشیروان مستەفا) دەنگى یەکەمى هێنا و من دەنگى دووەمم هێنا، (سالار عەزیز)مان هەڵبژاردبوو لە قۆناغى یەکەم دەرنەچوو، زانیمان غەدری لێکراوەو دنەی کادرەکان دراوە. من و (مولازم عومەر) پێمان داگرت و هەڵبژاردنمان بۆ کردەوە دەرچوو، لەکاتێکدا خۆى لەوێ نەبوو، نەوشیروان دژی هەڵبژاردنەوەی سالار قسەی نەکرد. ئەوە سەرەتاى هاتنە پێشەوەى (نەوشیروان مستەفا) بوو وەکو سکرتێرى کۆمەڵە، بەڵام کە کۆنفرانسی یەکەم بەسترا، ئەوسا ناونراوە سکرتێرى کۆمەڵە.