بژاردەکانی بەردەم پرۆسەی چارەسەری لەنێوان کورد و ناوەند
محەمەد حاجی
مەحمود: پێویستە کورد لە بەغداد بکشێتەوە.
مەلا بەختیار:
کورد لە گەمەی ناوچەکە تێنەگات قازانج سەری مایە دەخوات
ئەمڕۆ 3/2/2024 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی
ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، کۆڕێک بۆ محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆشیال دیموکراتی کودستان رێکخرا، بە ناونیشانی (بژاردەکانی
بەردەم پرۆسەی چارەسەری لەنێوان کوردو ناوەند)
سەرەتا ناوبراو کورتە مێژویەکی دەربارەی روخانی
بەعس و دروستبونەوەی عێراق باس کرد لە دوای ساڵی 2003، لەوبارەیەوە وتی: لەدوای
روخانی بەعس کورد لە مەترسی بەعس دورکەوتەوە، بەڵام وەک پێویست نەیتوانی ئەو هەلە
زێڕینە بقۆزێتەوە. وتیشی: سەرکردەکانی کورد لە دوای 2003 و دروستبونەوەی
عێراقدا هەڵەیان کرد کە عێراقیان دروست کردەوە، هەڵەی دوەم نوسینەوەی ئەو دەستورە
بوو کە چەندین هەڵەی تێدایە و مافی کوردی تێدا مسۆگەر نەکراوە، بۆ نمونە زۆرینەو کەمینەی
پەرلەمان هەیە، کێشەی پێشمەرگەی تێدا چارەسەر نەکراوە، سنوری کوردستان
دیاری نەکراوە، مادەی 140 بەسەرماندا تێپەڕیوەو بە یاسا
خاکی کوردستانمان داوە بە عەرەب.
بەشێکی تری قسەکانی بۆ کێشەکانی ئێستای نێوان عێراق و هەرێم تەرخان
کردو لەوبارەیەوە وتی: کە حکومەتی سودانی هات بەرپرسانی کورد وایاندەیانزانی
هەنگوینیان لە کلۆرە دار دۆزیوەتەوە، بەڵام سودانی توانی سەرچاوەی داهاتی خەڵکی
کوردستان وشک بکات. وتیشی: ئێستا کێشەی ئێمەو بەغداد تەنیا لە موچە و بودجەدا کۆکراوەتەو،
تەنانەت ئێستا ئیرادەی کەسی کوردیان وا شکاندوە لە هاتن و نەهاتنی موچە گاڵتە بە خەڵک
دەکەن و تەنانەت یاریش بە لایەنەکان دەکەن.
محەمەد حاجی مەحمود، باسی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردو
پێیوابوو دادگاکە بە تەواوی لەسەر بنەمای پشکی حزبی دامەزراوەو وتی ئێستا ئەو
دادگایە وای لێهاتوە تەداخول لە کێشەکانی هاوسەرگیریشدا دەکەن لە کوردستان و وتی: دادگای فیدڕاڵی بە چ مافێک پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە؟ ئەم پەرلەمانە بۆ ئەونە بێ دەسەڵات بوو بە فویەکی
بەغداد هەڵوەشایەوە؟ کاتێ پەرلەمانی کوردستان هەبوو، بەرپرسانی ئێستای بەغداد سەربازی
فیرار بون، بۆیە مایەی نیگەرانیە کە پەرلەمانی کوردستا نەیتوانی بەرگری لە خۆی
بکات و ملکەچی بڕیارەکە بوو، کە نەدەبوو بەو جۆرە بێت. وتیشی: تەنانەت ئێستا لە رێگای یاساوە بەغداد دەیەوێت هێڵی سی و شەش
زیندوو بکاتەوەو بیکاتە سنور، ئەوکاتیش نەوت و گازی ناوچەکانی درەوەی هێڵەکە دەچێتە
ژێر رکێفی خۆی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، محەمەد حاجی مەحمود باسی لەوە کرد کە سەرۆک
وەزیرانی عێراق، لە ژێر رکێفی چوارچێوەی هەماهەنگیدایەو ئەوان بڕیارەکانی پێ
دەدەن، ئەگەر ئەوان نەبێت وەزیرێک چۆن دەتوانێت دەستی دەستی بە قوتی میللەتێک بکات؟ جگە لەوەش عێراق باسی سەروەری دەکات بەڵام عێراق سەروەری نیە، سوپای تورکیا لەناو عێراقدایە. وڵاتانی دیکە بۆردومانی دەکەن.
لەبارەی چارەسەریشەوە ناوبراو پێوابوو دەبێت کورد باوەڕی بە دۆزەکەی خۆی هەبێت وەکچۆن حەماس باوەڕی بە دۆزەکەی هەیەو ئیسرائیل
و ئەمریکای تەزاند، ئەوان باوەڕیان بەخۆیان هەبوو، دەبێت ئەمە ببێتە نمونەیەک بۆ
کورد. هەروەها دەبێت بەرپرسانی کورد لە بەغداد هەڵوێستیان هەبێت و بەشێوەی کاتیش بێتە
بکشێنەوە لە بەغداد. چارەسەرێکی دیکە یەکخستنی
ناو ماڵی کوردە بە تایبەتی ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی، مێژوو
دەریخستوە ئەگەر ئەم دوو هێزە رێک بن دەستکەوت بۆ میلەتەکەمان هەبوه. وتیشی: تا ئەمڕۆ بەدیلی یەکێتی و پارتی نابینم.
لەبارەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانیش ناوبراو وتی: لەکوردستان ئۆپۆزسیۆن بونی نیە، مانگانە پارە لەحکومەتی هەرێم
وەردەگرن.
سەبارەت بە شەڕی ناوچەکەش، ناوبراو جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە کورد
بەرنامەو نەخشەی هەبێت بۆ ئەگەری فراوانبونی شەڕەکە. وتیشی: ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکاوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی محەمد حاجی مەحمود، ئامادەبوانی کۆڕەکە سەرنج
و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشی زۆری بەشداربوان باسیان لە کەموکوڕی و هەڵەکانی
حکومڕانی کوردی کردەوە کە نەیتوانیەوە وەک پێویست بێت و بڕیارە هەڵەکانی وەکو ئابوری سەربەخۆ و ریفراندۆم کێشەی
گەورەی لەنێوان بەغداد و هەرێمدا دروستکرد. بەشێکی تریشیان جەختیان لە یەکخستنی
ناوماڵی کورد کردەوە بەڵام بەو مەرجەی دەسەڵاتی کوردی خەڵکی کوردستان ئاشت
بکاتەوە.
دواتریش مەلا بەختیار،
سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، سەرنج و تێڕوانینەکانی خۆی لەسەر کۆی باسەکان
خستەڕوو. لەبارەی روخانی بەعس و نوسینەوە
دەستور، مەلا بەختیار وتی: لە نزیکەوە لەناو نوسینەوەی دەستوری عێراقدا بوم، پێموایە لەوە زیاتر جێبەجێ نەئەبوو لەدەستوردا، ئەمریکا و بریتانیا
و وڵاتانی ئیقلیمی لەوە زیاتریان قبوڵ نەدەکرد بۆ کورد. وتیشی: لە ساڵی 2003 و
دوای روخانی بەعس بەرنامەی تایبەتمان لەخانەقین هەبوو بۆ دەرکردنی تەعریبەکان، لە
ماوەی پێنج رۆژدا 54 هەزار تەعریبمان دەرکرد،
دوای پێنج رۆژ ئەمریکیەکان وتیان بوەستن، بۆتان نیە لەوە زیاتر عەرەب دەرکەن، لەسەر
هەڵوێستە توندەکانم دژی تەعریب، ئەمریکیەکان راپۆرتیان دەبوو بە مام جەلال،
وتوبیان سەرکردەیەکی زۆر توڕەیە، مام جەلالیش پێی وتبون ئەو زیاتر لە 20 ساڵە
ئاوارەی دەستی تەعریبە ئەو لەهەموو کەس باشتر لەو کۆژانە تێدەگات.
لەبارەی کەرکوکی دوای 2003، مەلا بەختیار وتی: ئەمریکا نەیهێشت کەرکوک بێتەوە سەر کوردستان، ئێستاش ئەمریکا و بریتانیا
لەگەڵ ئەوە نین کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێم.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، مەلا بەختیار وتی: کێشەی گەورەی حکومەت و حزبەکانی کوردستان، ئەوەبوو وامان نەکرد ئەوەی
لە دەستوردا هاتوە جێبەجێ بکرێت. وتیشی: لەچەندین سەردانمدا بۆ بەغداد گەورە بەرپرسان داوای هەڵوەشانەوەی مادەی 140یان
دەکرد، تەنانەت ئەوانەشی کە دۆستی کورد بون نزیک بون لێمانەوە. وتیشی: کێشەی گەورە
لە عێراقدا ئەوەیە دیموکراسی نیە، خۆ دیموکراسی ئەوە نیە چوار ساڵ جارێک
هەڵبژاردنێک بکرێت کە ئەنجامەکەی زانراوە، بەڵکو تەواوی مافە مەدەنی و دەستوری و
ئازادیەکانیش دەگرێتەوە، ئێستا لە عێراقدا، فەزای مەزهەب زاڵە بەسەر وڵاتەکەدا.
مەلا بەختیار دەربارەی جەنگی ئوکرانیا و جەنگی
ئیسرائیل و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەو ئایندەی کورد، پێیوابوو جەنگی ئیسرائیل و غەزە
پارسەنگی جەنگی ئۆکرانیا بوو، بۆیە لە ئایندەدا زلهێزەکان کێشەکانیان چارەسەر دەکەن
و کێکەش بەش دەکەن. ئەمریکاش کە ئێستا ئەم جەنگە دەکات لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەیە کە
باقی ئەو بەرژەوەندیانەی ماویەتی، بیپارێزێت، چونکە ئەمریکا و بەریتانیا پێیانوابوو
ئەگەر هاوکێشەکە نەگۆڕن ترسیان هەبوو تەواوی ناوچەکە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی
میلیشیاکانەوە. وتیشی: کورد لەم گەمەیە سەر
دەر نەکات قازانج سەری مایە دەخوات..