پێداگۆگی و دیداکتیک وەک دوو ئاراستەی نوێی پەروەردەیی

کوردستان 20/01/2024

مامۆستا دارا ئەنوەر: باردۆخی هەرێمی کوردستان لەبار نیە بۆ پەروەردەکردنی تاکی کورد

مەلا بەختیار: یەکەمجار ئێمە دروشمی خوێندنی هاوچەرخمان بەرزکردەوە

مامۆستا تارا قادر: دیداکتیک و پێداگۆگی ئاستی لاوازی خوێندکار و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو کارایی دەبات

 

ئەمڕۆ ٢٠/١/٢٠٢٤  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بە ناونیشانی ( پێداگۆگی و دیداکتیک وەک دوو ئاراستەی نوێی پەروەردەیی) بۆ توێژەران و مامۆستایان تارا قادر و دارا ئەنوەر بەڕێوەچوو.
سەرەتا مامۆستا دارا ئەنوەر زۆراب، باسەکەی خۆی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە باردۆخی گشتی و سیاس و ئابوری و کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستاندا لەبار نیە بۆ پەروەردەکردنی تاکی کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بە گەشبینیەوە کار بکەین لەسەر پەروەردە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری دروست بکەین. وتیشی: لەم سەردەمەدا تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد پەروەردە بەرەو جیهانی دەبات، ئایا پەروەردەی ئێمە دەتوانێت لەو ئاستەدا دەبێت؟
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە پێداگۆگی کرد کە چەند کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست دەکات، لەوبارەیەوە وتی: پێداگۆکی رێگایەکی زانستیە مامۆستاکان بەکاری دەهێنن بۆ فێرکردنی قوتابیەکان بە تیۆری و پراکتیکی، ئامانجەکەی ئەوەیە تاکێک دروستبکات لە ئاستێکی باڵادا بێت. وتیشی: پێداگۆگی وادەکات لەناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا خوێندکار سەنتەری جێگای مامۆستا سەنتەری بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد پێداگۆگی وا لە خوێندکار دەکات تواناکانی دەرکەوێت، فێری خوێندکار دەکات کە دیاردە و روداوەکان بە ڕەش و سپی نەبینین. وتیشی: پیداگۆگی کوالێتی پەروەدەو فێرکردن دەباتە ئاستێکی باڵاوەو خوێندکاری داهێنەر دروست بکات..
مامۆستا دارا باسی لەوەشکرد کە پێداگۆگی، چوار فێربون دەهێنێتە بەرهەم، ئەوانیش بریتین لە: یەکەم فێربونی کۆمەڵایەتی، دووەم فێربونی کولتوری، سێیەم فێربونی سوکراتیک بەوەی زانیاری لای خوێندکاریش هەیە، چوارەم فێربونی رەخنەیی، کە وا لە خوێندکار دەکات لەسەر بنەمای ئەکادیمی رەخنە بگیرێت. وتیشی: پیداگۆگی سودێکی گەورە بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن دەگەیەنێت لە هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە پەیڕەو بکرێت.
لای خۆشیەوە مامۆستا تارا قادر، باسی لە دیداکتیک کردو وتی دیداکتیک  واتا زانست و هونەری وانە وتنەوە، ئەم رێگایەش خوێندکار بەرەو بیرکردنەوەیەکی رەخنەیی و داهێنەرانە دەبات. وتیشی: ئێستا لە جیهاندا پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە پرۆسەی خوێندندا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دیداکتیک دوو هێندەی هەر میکانیزمێکی تر ئاستی فێربونی خوێندکار بەرزدەکاتەوە. وتیشی: دیداکتیک و پێداگۆگی ئاستی لاوازی خوێندکار و پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەرەو کارایی دەبات.
دوای تەواوبونی قسەکانی هەردوو مامۆستا، ئامادەبوانی سیمینارەکە بەشداری گفتوگۆکەیان کردو سەرنج و پرسیارەکانیان خستەڕوو، بەشی زۆری بەشداربوان جەختیان لە خراپی سیستەمی پەروەردە کردەوە لە هەرێمی کوردستادا و بە پێویستیان زانی سەرەتا گۆرانکاری لەو سیستەمەدا بکرێت. هاوکات بەشێکی دیکەی ئامادەبوان پێیانوابوو دەبێت سیستەمی خوێندن، خوێنکار بۆ بازاڕ دروست بکات، لە کاتێکدا مامۆستا دارا زۆراب لەگەڵ ئەوەدابوو کە پێداگۆگی خوێندکار بۆ ژیان دروست دەکات نەک بازاڕ.

مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، چەند سەرنجێکی لەسەر بابەتەکە هەبوو، سەراتا جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە خوێندن و بازاڕ پەیوەندیەکی بەهێزیان هەبێت چونکە لە وڵاتە هەرەپێشکەوتوەکانی دونیادا کۆنتاکتێکی بەهێز لە نێوان زانکۆکان و بازاڕ و کۆمپانیاکاندا هەیە، ئەم دووانەش دور لە یەکتری ناتوانن گەشە بکەن.
سەبارەت بە پەروەردە خوێندنیش لە هەرێمی کوردستان، مەلا بەختیار جەختی لە ریفۆرم و گۆرانکاری لە سیستەمی پەروەردە و خوێندن کردوە وەک چۆن لە دوای راپەڕین لە رێگەی کۆمەڵەی خوێندکاران و مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکانی یەکێتیەوە ئەو سیستەمە کۆنەی پەروەردەیەمان گۆڕی. وتیشی: یەکەم جار من لە رێگەی کۆمەڵەی خوێندکارانەوە بە دروشمی بەرەو خوێندنی هاوچەرخ پێشنیازی گۆڕینی فەلسەفەی خوێندنم کرد.

ئەوەبوو دواتر لە بواری پەروەردە و لە وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاریەکان دەستیان پێکرد.