مەلا بەختیار: ئەم نەوەیەی بەڕێگاوەیە، پرسی دیموکراسی و نەبونی کار و نادادی و بێ موچەیی هەیە

کوردستان 10/01/2024

رۆژی 9/1/2024 لەتۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی (چەپک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی)، خولێکی پەروەردەی ڕۆشنگەری بۆ دەستەیەک لە گەنجان و خوێندکاران.
لە سەرەتای خولەکەدا مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بابەتێکی بە ناونیشانی (ڕۆشنگەری و چۆنییەتی سازان لەگەڵ سیاسەتی سەردەمدا،) پێشکەش کرد.
لە سەرەتای باسەکەیدا مەلا بەختیار تیشکی خستە سەر  رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن لە مێژوی خەبات و کوردایەتی و حیزبەکان، هەروەها رەخنە لە ئێستا و لە کەموکوڕی و نادادیەکان. بۆ ئەو مەبەستەش نمونەی بۆچونەکانی شەهید د. قاسملۆی هێنایەوە  کە لە کتێبی (40 ساڵ خەبات لە پێناو ئازادی) رەخنە لە قازی محەمەد و حیزبی دیموکرات و هۆکارەکانی روخانی کۆماری کوردستانیش باس دەکات. د. قاسملۆ کە رەخنە لە حیزبەکەی خۆشی دەگرێت، هیچ شەرمی نەکردوە لە رەخنەگرتن لە حیزبەکەی خۆی، نەیوتوە من سکرتێری دیموکراتم نابێت رەخنە لە حیزبەکەم بگرم، د، قاسملۆ نەیوتوە مادام پێشەوا قازی شەهید بوەو لە سێدارەدراوە نابێت رەخنەی لێبگیرێت، بەڵام بە ئەدەب و بە جوانی رەخنەی لێگرتوە. کەواتە ئێمە ئەگەر رەخنەشمان هەبێت لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا، لەسەر رابوردوو، یان لەسەر شۆڕش، شتێکی ئاساییە. هەر لەم ماوەیەدا کتێبێکی ترم خوێندەوە کە بیرەوەریەکانی د. رەفیق سابیرە، لە بەشێکیدا باس لە سەردەمی منداڵی خۆی دەکات لە قەڵادزێ کە چۆن لە شۆڕشی ئەیلولدا لەو ناوچەیەدا زوڵم کراوە، چۆن خەڵکی بێ تاوان لەسەر دەستی فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلول کوژراون. هەر لەو کتێبەدا رەفیق سابیر وەک کادیرێکی حیزبی شیوعی رەخنە لە حیزبەکەی خۆی  دەگرێت کە کاتی خۆی چۆتە بەرەی دژی یەکێتیەوەو شەڕی یەکێتی کردوە، بۆیە رەخنە لەخۆگرتن شتێکی عەیبە و شەرم نیە.
مەلا بەختیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: ئێوەی گەنجان کە زۆربەتان لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدان، ئەگەر بتانەوێت خۆتان پەروەردە بکەن و بتانەوێت پێشبکەون ، دەبێت بڕیاری بۆ بدەن، بە رێکەوت نابێت. کە بڕیارتان دا خەبات بکەن و تێکۆشان بکەن لەپێناو ئازادی و دیموکراسی، نابێت ماندوو بن و دەستبەرداری خەباتەکەتان بن. من تەمەنم 21 ساڵ بوە، فەرمانی گرتنم بۆ دەرچوە، هیچم نەدەزانی کە هەڵاتمە گوندەکانی خانەقین و دواتر بۆ سلێمانی، کە هاتمە سلیمانی بە زمانی خانەقینی قسەم دەکرد، خەڵک لێم تێنەدەگشتن، بۆیە بڕیارم دا خۆم فێری زمانی سۆرانی بکەم و وردە وردە خوێندمەوەو مێژوم خوێندەوەو کۆبونەوەم دەکرد، دەمەوێت پێتان بڵێم ئەم جۆرە کۆبونەوانە سەرەتای ژیانێکی نوێیە بۆ ئێوە، مەرج نیە، سیاسەت بکەن، ئەتوانن ببن بە هونەرمەند و نوسەر و رەخنەگر.
مەلا بەختیار بەشێکی تر لە قسەکانی تەرخان کرد بۆ ئەو پێشکەوتنەی ئێستا لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیکردن هاتۆتە کایەوە ئەمەش وایکردوە گەنجان بتوانن بە ئاسانی خۆیان پەروەردە بکەن و سود لەو تەکنەلۆژیایە وەربگرن بۆ بەرزکردنەوەی ئاسی مەعریفی و رۆشنبیریی خۆیان. وتیشی: ئیستا ئەم هەموو کتێب و زانیاریانە لە ئینتەرنێت و دەرەوەی ئینتەرنێت بونیان هەیە کە ناژمێردرێن، ئەی ئەگەر ئێوەی گەنجان و کچان سودی لێوەرنەگرن چی دەکەن؟ دەی چۆن دەژین ئەگەر نەتواننن ئەم ژیانە رێکبخەن بۆ گۆڕانکاری لە عەقڵ و نەتەوەو ژیان و پێشکەوتن، بە داخەوە لەناو حیزبەکانی ئێمەدا ئەم پەروەردەیە لاوازە، جاران یەکێتی بە پەروەردە بەرگریی دەکرد، تەنیا بە چەک نەبوو، بەڵام ئێستا کە وایلێهاتوە حیزبەکان دەسەڵات گرنگترە بە لایانەوە بۆیە ئەرکەکەی ئێوە قورستر دەبێت.
هەر سەبارەت بە گرنگی پەروەدە لە ژیانی کۆمەڵدا، مەلا بەختیار باسی لەوەکرد کە بەهۆی مانگرتنی مامۆستایانەوە سێ مانگە پرۆسەی خوێندن لە سنوری ئیدارەی سلێمانی پەکیکەوتوە، کە ئەمە زیانێکی گەورەی بە مەعریفە و پەروەردە دەگەیەنێت. مامۆستایانیش حەقیانە و لەسەر حەقن بەڵام بێبەشبونی ئەو هەمو خوێندکارەش زۆر کاریگەری خراپی دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا مەلا بەختیار جەختی کردوە لە وەی کە نەوەکانی پێش ئێوە پرسی نەتەوەیی و رزگاریی میللەتەکەیان و بەگژاچونەوەی تەعریب و زۆردارییان هەبوە، ئەم نەوەیەی ئێستاش بە ڕێگاوەیە پرس و قەزیەیان هەیە، کە ئەویش پرسی دیموکراتیە،ئێستا بێکاری پرسە، 16%ی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێکارن، نەبونی موچە و موچەی پاشەکەوت پرسی گرنگە، نەبونی دەستور، جێبەجێنەکردنی مادی 140، نەبونی یەکسانی ژن و پیاو، ئەمانە هەموو پرسی گرنگن ئێوەی نەوەی چوارەم پرسی گرنگتان زۆرە، ئەمەش پێوسیتی بە خۆپەروەردەکردن هەیە.