وێنا و ئایدیا… هەوڵێک بۆ بنیاتنانی گوتارێکی ئەدەبی و رەخنەیی نوێی کوردی

کوردستان 08/01/2024

وێنا و ئایدیا، نوێترین کتێبی پرۆفیسۆر د. موحسین ئەحمەد عومەرە کە خۆی لە چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیدا دەبینێتەوەو لەلایەن دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە، خرایە بەر دەیدی خوێنەران.

نوسەر، لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت:   لەم کۆمەڵە توێژینەوەیە ئێمە بە ئاراستەی دەنگێکی روون و جیاوازی کوردیی رۆیشتووین، خۆمان نەخستۆتە ژێر هیچ بزووتنەوە و خوێندنەوەیەکی ئیدیۆلۆژیانە یان تەندانسێکی لەم جۆرە یان یەکێکی دەرەکی، بەڵکو تەنیا ویستومانە لە روانگە و روانینێکی تازە و نوێخوازانە و بە مێتۆدێکی نوێ ئەو خەسڵەت و پانتاییە کوردییە بخوێنینەوە، هەموو شتێکیش لەناو ئەم سفێرە لە پێناوی وشەی کوردی بووە، لە پێناوی بنیاتنانی جوانیناسییەکی کوردی، هەوڵێک بۆ بنیاتنانی گوتارێکی ئەدەبی و رەخنەیی نوێی کوردی، بە چەشنێکی دی روانین، بە شێوەیەکی دی خوێندنەوە، بەجۆرێکی دی بیرکردنەوە، سەیرکردنی رابردوو لە پێناوی ئاییندەیەکی دی بشێ روونتر بێ.

 
لەبارەی بەشەکانی کتێبەکەوە، لە پێشەکیەکەیدا هاتوە:   لەم کۆمەڵەیە لە پاڵ بەراوردی ئەدەبی، کورتەچیرۆک و کێشەکانی، جۆرەکانی ئەدەب و ئاڵۆزی زاراوەسازییان، مێژووی ئەدەب و بایەخەکانی، کێشەی بوون و نەبوونی قوتابخانە و سەردەمە ئەدەبییەکان لە ئەدەبی کوردی و خوێندنەوەیان لە روانگەیەکی تازەوە، یەکێ لە توێژینەوەکان لە بارەی کوردۆلۆژییە، کوردۆلۆژی لە ڕوانگەی ئێمەوە واتە روانینی رۆژئاوا بۆ کورد، بەڵام روانینی ئێمە دژە کوردۆلۆژییە، ئێمە کوردۆلۆژی و کوردناسی بە گوتارێکی رۆژئاوایی بۆ کورد دادەنێین، چونکە پێمانوایە روانینی ئەوانیتر بۆ کورد هەردەم دەبێ بکەوێتە بەر گوتاری رەخنەی کوردی، نەک وەک خۆی و دووبارەکردنەوە و ئافەرین کردنی. لەگەڵ ئەوەین ئەم دوو تێرمە لەناو فەرهەنگی کوردی بسڕدرێتەوە، چونکە بەشێکن لە گوتارێکی گەورەتر کە رۆژهەڵاتناسییانەیە، ئەمەش دەمانباتەوە ناو ئەو گوتارە بەرینەی رۆژئاوا کە دەڵێ: کورد ناتوانێ روانینی بۆ خۆی و بۆ ئەویتر هەبێ، کورد ناتوانێ ئۆتۆفەرمانڕەوایی خۆی بکا، دواجار کورد ناتوانێ خۆی بناسێ، ئەوە ئەوانیترە، بە تایبەتی رۆژئاوایە دەتوانێ کورد بناسێ و گوتاری لەسەر کورد هەبێ، کوردیش دەبێ تەنیا ماتریالی گوتاری رۆژئاوایی بێ...هتد، سەرنجام بە پێچەوانەی ئەم گوتارەوە، لەم هەوڵانە هەموو شتێک دوور لە هەر تەندانس و ئیدیۆلۆژییەک، لە پێناوی گەشەپێدان و بنیاتنانی روانین و گوتارێکی نوێخوازانە و مرۆیانەی کوردییە.