شکستی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان

کوردستان 18/11/2023

 
د. ئەکرەم میهرداد: چونی رەوتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو دەسەڵات هۆکارە بۆ شکستی ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان..

ئەمڕۆ 18/11/2023  لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (شکستی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان) بۆ نوسەر و توێژەر ئەکرەم میهرداد بەڕێوەچوو.
ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بە مێژوی گەشەسەندنی ئۆپۆزسیۆن لە جیهاندا کردو پێنج جۆری ئۆپۆسزیۆنی خستەڕوو کە لە جیهاندا هەن، ئەوانیش بریتین لە یەکەم: ئۆپۆزسیۆنی نایاسایی، ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئەو دەسەڵاتە نیە کە حکومرانی دەکات و دەیانەوێت دەسەڵاتەکە بڕوخێنن و لە دەرەوەی سنوری وڵاتەکەدا هەن. دووەم: ئۆپۆزسیۆنی یاسایی و دیموکراتی. سێیەم: نیمچە ئۆپۆزسیۆن یان ئەوە پێی دەوترێت ئۆپۆزسیۆنی سێبەر. چوارەم: ئۆپۆزسیۆنی هەژمونخواز. پێنجەم: ئۆپۆسیۆنی نوێ یان نەوەی نوێ، کە زیاتر بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە نوێیەکانی وەکو لاوان، رۆشنبیران، ژینگە، ژنان و هتد دەگرێتەوە، ئەمانە لە چوارچیوەی حزبایەتیدا کار ناکەن واتا مەبەستیان وەرگرتنی دەسەلات نیە بەڵکو داواکاریان لە دەسەلات هەیە.
د. ئەکرەم دوای ئەو کورتە مێژوییە باسی لە سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن کرد لە کوردستان لە دوای راپەڕین. ئەو پێیوابوو یەکەم ئۆپۆزسیۆن بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە کوردستان، بە هاوکاری دەوڵەتانی ئیقلیمی، دوەم قۆناغ یەکگرتوی ئیسلامی بوو. دواتریش لەدوای ساڵی 2004 باڵی ریفۆرم لە ناو یەکێتی دروستبوو، دواتر بزوتنەوەی گۆڕانیان دروست کرد.
ناوبراو باسی لە شکستی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بە تایبەتی بزوتنەوە گۆڕان کرد و پێیوابوو میکانیزمەکانی بزوتنەوەی گۆڕان تەواو پۆپۆلیستی بوو. هۆکاری یەکەمی شکستەکەشی ئەوەبوو ئەجێندای سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیان نەبوو بۆ چونە دەسەڵات. وتیشی: چونی رەوتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ ناو دەسەڵات هۆکارە بۆ شکستی ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان..
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، د. ئەکرەم میهرداد، باسی لە بارودۆخی ئێستای دیموکراسی و هێزی ئۆپۆزسیۆن کرد لە کوردستان و وتی: هەر رەوتێکی سیاسی لە کوردستان ببێتە ئۆپۆزسیۆن ئەبێت ئەجێندایەکی گشتی هەبێت بۆ کۆی کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان، ئەوە ئێستا نەوەی نوێ وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی خستۆتە ڕوو، ئەلتەرناتیڤی بۆ کایەکان نیە. وتیشی: ئەگەر نەوەی نوێ بچێتە دەسەڵاتەوە چارەنوسی وەکو وەکو گۆڕان و ئیسلامیەکانی لێدێت..
سەبارەت بە دیموکراسی لە کوردستان، ناوبراو وتی: دیموکراسی کوردی مافی مرۆڤ و ئازادیەکان و عەدالەتی تێدا نیە، تەنیا هەڵبژاردن و فرەیی سیاسی تێدایە، بۆیە ئەمە بە لانی کەمی دیموکراسی دەناسرێت، دەسەڵاتی کوردیش هەوڵی نەدا ئەم دیموکراسیە بنبەستە بەرەو دیموکراسی تەواو بەرێت..
دوای تەواوبونی قسەکانی د. ئەکرەم میهرداد، ئامادەبوانی سیمینارەکە سەرنج و پرسیاری وردیان خستەڕوو، بەشێکیان پێیانوابوو لە باسکردنی مێژوی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان غەدر لە چەپەکان و بزوتنەوە شوراکان کرا. پێیانوابوو شوراکان و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵی زۆریان هەبوو وەک ئۆپۆزسیۆن نەک ئیسلامیەکان. هاوکات بەشێکی تری بۆچونەکانیش پێیانوابوو بزوتنەوەی گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفا نەک وەک ئۆپۆزسیۆن شکستیان هێنا، بەڵکو بونە مایەی بێ ئەرزشکردنی دەنگی ناڕازی و لەباربردنی ئۆپۆزسیۆن.