فەلسەفەی پرۆژەی ئایینە ئیبراهیمیەکان

کوردستان 11/11/2023

د. یونس راوی: شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە جەنگێکی نەتەوەییە نەک دینی
مەلا بەختیار: تا ئەو رقەی لەناخی موسوڵمان و مەسیحی و جولەکەکان بەرامبەر یەکتری هەبێت، هاوشێوەی شەڕی ئیسرائیل و غەزە دوبارە دەبێتەوە

ئەمڕۆ 11\11\2023 لە هۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی فەلسەفەی پرۆژەی ئایینە ئیبراهیمیەکان بۆ د. یونس راوی بەڕێوەچوو کە تێیدا تیزێکی بە ناوی پرۆژەی ئاینە ئیبراهیمەکان خستەڕوو.
لە سەرەتای باسەکەیدا د. یونس راوی باسی لە پرۆژەی ئاینە ئیبراهیمیەکان کرد بەوەی هەموو دینە یەکتاپەرستەکان یەک سەرچاوەیان هەیە کە ئاینی ئیبراهیمیە، واتا لە سەرەتاوە یەکن بۆیە پێویستە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئاینەکانی جولەکە و ئیسلام و مەسیحی فراوان بکرێت تا هەمویان بە ئاشتی پێکەوە بژین، فەلسەفەی پرۆژەکەش ئاشتی و پێکەوە ژیانە.
وتیشی: هۆکاری سیمینارەکەم دەگەڕێتەوە بۆ بونی ئەم شەڕەی ئێستا لە نێوان غەزە و ئیسرائیل رودەدات، بەرگی دینی کراوە بە بەردا، بەڵام من پێم وایە ئەم جەنگە جەنگێکی نەتەوەیییە نەک دینی.
سەبارەت بەوەی هەندێ کەس و بانگخواز بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەمە جیهادە، ناوبراو وتی: لە قورئاندا شتێک نیە بەناوی شەڕکردنی دینەکانی تر، جیهادیش لە ئیسلامدا تەنیا کاتێک دەکرێت کە زوڵم بونی هەبێت نەک بۆ کوشتنی ئەوەی کافر و بێ دینە یان دینەکانی تر، پێغەمبەر هەموو شەڕەکانی شەڕی بەرگریی بوە، لە ئەنجامی بونی زوڵمەوە شەڕی کردوە.
د، یونس زیاتر قسەی لەسەر پرۆژەی ئاینە ئیبراهیمەکان کردو پێیوابوو ئاشتەوایی دینی و کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەکات. وتیشی: پرۆژەی ئاینە ئیبراهمیەکان لە سعودیەو ئیمارات هەیە، ئەگەر حکومەتی هەرێم دەیەوێت من دەتوانم ئەم پرۆژەیە بهێنمە کوردستان.
جەختی لەوەشکردەوە : پرۆژەی ئاینە ئیبراهیمیەکان ئیسلام رزگار دەکات لە ئیسلامۆفۆبیا.

دوای تەواوبونی وتەکانی د. یونس راو، گفتوگۆیەکی گەرم لەسەر بابەتەکە کرا، بەشێکی ئامادەبوان بۆچونەکانی یونس راویان لا پەسەند بوو، پێیانوابوو ئەو جۆرە پرۆژەیە مرۆڤایەتی لە شەڕ و رق کوشتنی ئاینی رزگار دەکات. بەشێکی تری ئامادەبوانئیش بۆچونیان وابوو کە دینی ئیسلام و دینەکانی تریش ئێستا لەناو قەیرانێکی قوڵدان و ناتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر، بەشداری گفتوگۆکەی کردو وتی: ناوەرۆکی سیمینارەکە لەسەر پێشنیازی من بوە، بۆ ئەوەی رونبێتەوە کە ئایا ئەو ناکۆکیەی لە نێوان ئاینە ئیبراهیمەکان هەیە هێندە قوڵە کە ئەم شەڕ و کوشتارانە بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ یان خاڵی هاوبەش و پێکەوە ژیان زیاترە لە ناویاندا بۆ ئەوەی بە ئاشتی پێکەوە بژین؟
ناوبراو وتی: تا ئەم  رقەی ئێستا لەناخی موسوڵمان و مەسیحی و جولەکەکاندا بەرامبەر یەکتری هەبێت، ئەم شەڕانەی وەکو ئەوەی ئێستای ئیسرائیل و غەزە دوبارە دەبێتەوەو مرۆڤایەت ئیسراحەت ناکات. وتیشی: ئەم دینانە دەبێت ئاشت ببنەوە لەگەڵ یەکتری، ئەگەر ئەو ئاشتەواییە رونەدات، زۆر مەترسیدارە..
لە بەشێکی تری قسەکانیدا مەلا بەختیار باسی لە کوشتاری مەدەنیەکانی شەڕی غەزەو ئیسرائیل کرد کە چەند مەترسیدارەو جیهان و وڵاتانی عەرەبیش چەند بێ هەڵوێستن. وتیشی: یەک دەوڵەتی عەرەبی بێنە فشاری نەوت غاز بەکاربێنێ بۆ راوەستانی شەڕ؟ هیچ وڵاتێکی عەرەبی ئامادە نیە هەناردەی نەوتەکەی رابگرێت وەک ناڕەزایەتیەک بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیەی دەکرێت لە غەزە.