خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی لەبری بیرەوەری؛ بەدوور لە رق و سۆز

کوردستان 05/11/2023

نوسینی: ئارام رۆژهەڵاتی

دەمێک بوو پێم خۆشبوو، کتێبی لەبری بیرەوەی بخوێنمەوە، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی کاراکتەرێکی ناسراوی کوردایەتی و مێژووی هاوچەرخی کوردستان نووسیویەتی، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ئەم نووسراوەیە بۆ چەندین هەفتە گۆمی رۆشنبیری و سیاسەتی کوردیی شڵەقاند و رای گشتیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد؛ پرسیاری زۆری ورووژاند و لایەنگرە ئۆرتۆدۆکسەکانی کەسایەتییەکی تووڕە کرد، کە وایان دەرەخست بڕوایان بە رەخنەیە بەڵام بە کردار وادەرنەچوون.
باوە لە کوردستاندا، لۆژیکێکی ناتەندرووست، زۆربەی شتەکان بەپێوەری خۆشەویستی یان رق لێکدەداتەوە. واتا ئەم رق و خۆشەویستییە، دەستبەجێ هەموو کایە سیاسی و رۆشنبیرییەکانی ئێمە دابەش و کەرت دەکات. کۆمەڵێ کەس پەسنی دەدەن، هەندێکش سەنگری لێدەگرن.
ئەم کتێبەش تاڕادەیەک هەمان چارەنووسی بەسەرهات. نەیانهێشت دیوە جوان و گەشەکانی، ئارگیۆمێنتە باشەکانی، بەشە تەموومژاوییەکانی مێژوو، کە لەم نووسینەدا ئاشکرا کراون.....قسەیان لەسەر بکرێت ببنە بابەتی جیهانی رووناکبیری کوردی؛ بەداخەوە بەشی زۆری لە دەنگە دەنگە و ژاوەژاوی ململانێیەکی سیاسی ناتەندرووستدا، ون بوون یا ونیان کردن. 
من کە ئەم کتێبەم خوێندەوە، هەوڵمدا لە چاویلکەی خۆشەویستی یا رقەوە سەیر نەکەم. واتا خۆم بەدوور گرت لەوەی بکەومە ئەو چاڵەی کە بەردەوام خوێندەوارانی کوردی تێدەکەوێت. نازانم تا چەند سەرکەوتوو بوومە، بەڵام هەوڵم داوە بە یەک مەودا سەیری هەموو کاراکتەر و رووداوەکانم بکەم.  
با لەم دوا رستەمەوە بچمە نێو کتێبەکەوە و بە کورتی راو و بۆچوونی خۆم لە چەند بەشێکدا باس بکەم.
١- یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی هاوچەرخ و دەروندروست ئەوەیە، کە دان دەنێت بە کەم کورتی خۆیدا و لەوەش ناترسێ بڵێ لەوانەیە هەڵەم کردبێ، خۆی بۆ رەخنە ئامادە دەکات و بە مێشکی وشک و چەقبەستوو، سەیری خۆی و دونیا ناکات. خۆی بە پیرۆز ناکات، خۆی لەسەرووی هەڵە و پەڵەوە پێناسە ناکات. دەڵێ منیش مرۆڤێکم وەکوو ئێوە، بە چاکە و هەڵەکانمەوە. ئەمەش تەنیا لە ژیانی رۆژانە و تاکەکەسیدا رەنگ ناداتەوە، بەپێچەوانەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ هەموو رەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو کەسەوە؛ کە چەند لاپەڕەیەک لە کتێبەکە دەخوێنیتەوە ئەم فەلەسەفەیە باڵ دەکێشێ بەسەر وشەکاندا و نووسەر ئەمە دەکات بە بناغەی بەرهەمەکەی. 
کاک بەختیار پێم خۆشبوو هەر لە دەستپێکی کتێبەکەتان، ئەمەتان رەچاو کردووە و بێ پێچ و پەنا باس لەوە دەکەن هەوڵتان داوە بابەتی بن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا مرۆڤن و لەوانەیە توند رەخنەتان گرتبێت (لاپەڕەی ١٧). هەروەها ئەم خاڵە جەوهەرییە هەر بۆ سەرەتای کتێبەکە راست نییە کە رۆشتمە پێشەوە بۆ نموونە لە لاپەڕەی ٣٥٠دا باس لە رووداوێک دەکەن، زۆر بە ئاسانی دان بە هەڵەی خۆتاندا دەنێن و دەڵێن تێگەیشتنی من هەڵە بوو و کاک نەوشیروان راستی کرد ..... ئەم شێوازە پێدەچێت لە پانتایی رووناکبیری کوردستاندا، کەم وێنە بێت سیاسییەکی نووسەر زۆر بە ئاسانی و بە دوور لە بیری دۆگماتی لێکدانەوە بکات و راستی و درووستی رووداوەکان روون بکاتەوە.
هەروەها نووسەر، نووسینەکانی پشت ئەستوور کردووە بە بەڵگە مێژوویی حاشاهەڵنەگر، کە بۆ خۆشی لە زۆربەیەندا ئامادەبووە. نووسەر رەخنەیەکی راستی گرتووە کە دەڵێ: "بیرەوەرنووسی وا هەیە هەزاران لاپەڕەی لەسەر ئەو نووسینانە نووسیوە کە بیستوونی؛ ئاخر بیستن چۆن دەبێت بە بەڵگە و کەرەستەی حوکمدانی مێژوویی"(لاپەڕەی ١٩). رەچاو کردنی ئەم شێوەیە لەڕووی ئاکادیمی و زانستییەوە دیوێکیتری گەشی ئەم کتێبەیە و وادەکات دوور بێت لە تۆمەت بەخشینەوە و گێڕانەوە پێچەوانەوەی رووداوەکان.
بەگشتی ئەم خاڵانە یارمەتیدەرن ئەم بەرهەمە لەڕووی میتۆدۆلۆژی (شێوەناسی) و ئیپستمۆلۆژییەوە (مەعریفەناسییەوە) بکەوێتە سەر رێچکەی تەندروستی خۆی و دوور بێت لە لادان و ترازان.

٢- لەبری بیرەوەری، کار بۆ گەیاندنی چەندین ئەرک و پەیام دەکات. نووسەر نایەوێت رۆڵی خۆی بۆ ئەو ئاستە دابەزێنێت کە تەنیا هەندێ رووداوی مێژووی هاوچەرخی بەشێک لە کورد و کوردستان بگێڕێتەوە بێ پاشخانی تیۆری و رووناکبیری و مەعریفی، بەڵکوو وەکوو پەتۆلۆجیستێک وەکوو خەسارناس و زیانناسێک دەیەوێ رووداوەکانی شۆرش سەرلەنوێ هەڵبداتەوە و شیکارییان بۆ بکات، لە سۆنگەی مێژوو و دەروونشیکاری و هاوسەنگی هێز و هەروەها باڵەکانی یەکێتییەوە. ئەمەش وادەکات کتێبەکە دەوڵەمەندتر بێت و کتێبێکی مێژوویی پەتی نەبێت.
ئەگەرچی کتێبەکە لەبنەڕەتدا، وڵامدانەوەی چەند کتێب و نووسەرێکە بەڵام لە هەندێ شوێنی کتێبەکەدا بە تایبەت لە رشتەکانی پێنج و شەشدا؛ تاڕادەیەک لە وڵامدانەوە دوور دەکەوێتەوە و نووسەر دەکەوێتە گێڕانەوەی هەندێ رووداو و بەسەرهاتی مێژوویی. لەوێدا ئەو روانگە خەسارناسانەیە یارمەتی نووسەر دەدات و بە جوانی و وردی چەندین دۆسیەی هەستیار شرۆڤە دەکات. تەنانەت ئەمە هەر بۆ باسکردنی رووداوەکانی باشوور راست نییە، بەپێچەوانەشە کاتێک دەیپەرژێتە سەر رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بابەتی بوون و وردی خۆی لەدەست نادات.

٣- سەرەڕای ئەم چەند تەوەرە، گەر بە من بڵێن ئەرکی سەرەکی ئەم کتێبە چییە و خاڵی وەرچەرخانی لە چی دایە؟ لەوانەیە چەندین شتی تریش باس بکەم، بەڵام بێ دوو دڵی باس لە یەک خاڵ دەکەم:
نووسەری لەبری بیرەوەری دەستی بۆ شتێکی قورس بردووە، کە بە جۆرێک باس کردن لەسەریشی تابوو و بڤە بووە. ئەو دەیەوێ ئەو بەشە لە کەسایەتی کاک نەوشیروان مستەفا بگێڕێتەوە و باس بکات کە بە درێژایی دەیان ساڵ بە زەبری هێز و دەسەڵات و راگەیاندن و جێگیرکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، کەوتووەتە پەراوێزەوە، یان بە زۆر خزاندبوویانە پەراوێزەوە و روونکردنەوەی لەوانەیە وەڵامی دەیان پرسیاری بێ وڵام بۆ ئێمە روون بکاتەوە.
قسە و باس لەسەر کاک نەوشیروان زۆرە و کەم نین ئەوانەش رەخنەی لێدەگرن، بەڵام رەخنەکان بە بەردەوام لەم بازنەیەدا سووڕوانەتەوە: نەوشیروان مستەفا کەسایەتیەکە هێمای ناوچەگەرێتیە و وادەزانێ کوردستان بریتییە لە سلێمانی و گردەکانی، یان ئەوەی کە بە یەکێک لە ئەندازیارە دیارەکانی شەڕی ناوخۆ لە قەڵەمی دەدەن. بەڵام تەنانەت بۆ ئەم باسە سواوانەش، کەس نەهاتووە هۆکاری ئەم تێڕوانین و هەڵسووکەوتانەی کاک نەوشیروان هەڵبداتەوە و شرۆڤەیان بکات. لە کاتێکدا نووسەر راستە کار بۆ شڕۆڤەی دیوی پشتەوەی، ئەم رەخنانە دەکات، بەڵام زیاتر و گرنگتر لەمە؛ مەشخەڵی گرتووەتە ئەو بەشە تاریکەی کە تاکوو ئێستا کەس لێی نزیک نەکوتووەتەوە و هەموو ئەمانەش دەبەستێتەوە بە بزوێنەرێکی سەرەکییەوە، کە نەوشیروان مستەفای بۆ ماوەی چل ساڵ ئاراستە کردووە.  
هەر لە سەرەتای کتێبەکەدا کاک بەختیار باس لەوە دەکات، هەوڵ بۆ ئەوە دەدات پەیوەندی رەخنەی سیاسی و سایکۆلۆژی سیاسەتمەداران روون بکاتەوە و دیوی دیاری بڕیارە سیاسییەکان، بە دیوی شاراوەی دەروونی سیاسەتمەدار ببەستێتەوە(لاپەڕەی ١٤).
کتێبەکە دەستی ئێمە دەگرێ و لەگەڵ خۆی دەمانبات بۆ گێڕانەوەی رەهەندی پەراوێزخراوەکەی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا، بەپشتبەستن بە دیوی شاراوەی دەروونی ئەو سەرکردەیە. بیرۆکە و پڕۆژەیەکە سەرەنجڕاکێشە، تاکوو ئێستا نەکراوە و کەس بیریشی لێ نەکردووەتەوە.  
با ئەو خاڵەش لەبیرنەکەم، لێرەدا تەنیا گێڕانەوەیەکی پەتی دەروونی نابینین، بەپێچەوانەوە بۆ کۆنکرێتتر کردنی باسەکە، دیوە دەروونییەکە لەگەڵ رووداو و بەسەرهاتە مێژووییەکاندا، تێکەڵکێش دەکرێ کە نووسەر بۆ خۆی یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی بووە.
لەم بەشەدا با کەوانێک بکەمەوە، پاشان سەرلەنوێ درێژە بە باسەکەم دەدەم. کاک بەختیار باس لەوە دەکات دەیەوێ دیوی شاراوەی دەروونی سەرکردەکان شرۆڤە بکات؛ لەوانەیە دەستبەجێ خوێنەر وا هەست بکات نووسەر تەنیا سایکۆلۆژی تاکی بۆ گرنگە. واتا لە روانگەی ئاستی شیکردنەوە بچووکەوە (Microanalysis level) سەیری بابەتەکە دەکات، کە ئەم ئاستە خۆی لە خۆیدا هەڵگری چەندین کەم و کورتییە، لەبەر ئەوەی ناکرێ دەروونی تاک هەڵبدرێتەوە لە کاتێکدا ئاوڕت لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەو گەل و وڵاتە نەدابێتەوە (ئاستی شیکردنەوەی گەورە: Macroanalysis level)
لە لاپەڕەی بیست و پێنجدا نووسەر رێ لەم کەم و کورتییە دەگرێ و دەڵێ: "دەبێ بگەڕێین بەدوای رەگ و ریشەی کۆمەڵایەتی و کولتووری دیاردە سیاسی و سایکۆلۆژییەکانەوە، نە وەک خوویەکی تاکە کەسی سەیر بکرێت". کەواتە نووسەر نەکەوتووەتە ئەو هەڵەیە کە دیاردە دەروونییەکان تەنیا ببەستێتەوە بە بەستێنە تاکە کەسییەکانەوە؛ بەپێچەوانەوە، وڵامی ئەو دیاردەیەی بەستووەتەوە بە رەگ و ریشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانەوە.
کەوانەکە دادەخەم و دەگەڕێمەوە بۆ باسەکەم. کە لاپەڕەکانی ئەم کتێبەم هەڵدەدایەوە و دەمخوێندەوە، گریمانەیەکم لا درووست بوو: کاک نەوشیروان لەسەردەمی پێش درووستبوونی یەکێتی، یا هەر لە سەرەتاکانی درووستبوونییەوە، کتێبی میری ماکیاڤێڵشی خوێندووەتەوە. ئەو کتێبە چەندین راسپاردە پێشکەش بە میر، دەکات لەوانە دەڵێ گەر دەتەوێ دەسەڵاتت بەسەر خەڵکدا بسەپێنی پێش ئەوەی تۆیان خۆش بوێت با لێت بترسن. ئەو شتەی کاک بەختیار دەیگێڕێتەوە و دیوی شاراوەی کاک نەوشیروانە، رێک ئەمەیە.
سکرتێری کۆمەڵە دەیویست تۆقاندن رۆچێتە دەروون و ناخی لایەنەکان و پێشمەرگە و کادرەکانەوە (لاپەڕەی ٢٠)، واتا بەشێکی بەرچاوی میکانیزمی کاری ئەم سەرکردەیە، لە هەناوی ئەم ستراتیژییەوە هەڵقوڵاوە: تۆقاندن و چاندنی تۆی رقی سیاسی و دەروونی، تەنانەت سیاسەتیشی لەسەر رقڕەشتن و تۆڵەکردنەوە داناوە.
بەم پێشەکییەوە باسەکە دەستپێدەکات و پیشان دەدرێ ئەم دیاردە مەترسیدارە چۆن ئەنجامی ماڵوێرانکەرای لێکەوتەوە، چۆن کەشی تۆڵە و تۆقاندن، پێشمەرگەی رووخاند، ئیرادەی لێ زەوت کردن، چۆن بە ئاسانی شەڕی براکوژی هەڵدەگیرساند، چۆن بە ئاسانی بڕیاری کوشتنی دەدا ....تاد.
٤- هەروەها کە زیاتر دەچیتە پێشەوە، هەست بە خەم و ترسی قووڵی نووسەر دەکەی بەرامبەر بە چارەنووس و داهاتووی گەلی کورد. ئەو ئەم باسەی بۆ چی کردووە؟ بۆ لایەنگرە رەخنە قەبووڵ نەکەرەکانی کاک نەوشیروانی لە خۆی ئاڵۆزاندووە؟! بەبڕوای من ئامانجێکیتر لێرە خۆی دەردەخات.
کاک بەختیار وریا و ئاگادارمان دەکاتەوە. نەوەی داهاتووی کورد، سیاسی داهاتووی کورد ئاگادار دەکاتەوە کە فریوی ئەو کەسایەتییە کاریزمییانە نەخۆن، کە لە ناخەوە تەنیا دەسەڵاتخوازن و رق، بەری چاوی گرتوون. ئێمە ئاگادار دەکاتەوە لە دووڕیانێکی مەترسیدار، وریامان دەکاتەوە ئەزموونی رابردوو لە داهاتوودا دووپات نەکەینەوە و کوردستان نەخەینە بازنەیەکی هەڵەوە و هەر چەند ساڵ جارێ بەلاڕێدا نەچین.

٥- خاڵێکیتری گەشی ئەم کتێبە، ورووژاندنی پرسی لاوازی تیۆرییکە. بابەتێک کە بەشی زۆری سەرکردە و حیزبە کوردییەکان بەدەستییەوە دەناڵێن، ئەوەیە پاشخانێکی تیۆرییکیان نییە. نازانن تیۆری بهێنە خزمەتی کردارەوە، نازانن بە کامە تیۆری سەیری خۆیان و جیهان بکەن و ئەو تیۆرییە بکەن بە پێوەر بۆ کردارییان و یان کردارییان لەڕێگای ئەو تیۆرییەوە ببەنە پێشەوە. ئەوەی راستیش بێ زۆربەی سەرکردە و حیزبەکانی ئێمە، پیاو کردار بوونە نەک تیۆری. ئەمەش هەروەها کە نووسەر دەڵێ گۆڕینی چارەنووسی شۆڕشی و وێرانکردنی لێکەوتووەتەوە(لاپەڕەی ١٥٣).
ماوەیەک لەمەوپێش کتێبەکانی نووسەرێکی کوردناسی رووسم دەخوێندەوە (میخاییل لازارییڤ) کە بە جۆرێک لە جۆرەکان قسەی نووسەری لەبری بیرەوەری دەکات.
باسی لەوە دەکرد جۆگرافیا و هەڵکەوتەی جیۆپۆلیتیکی کوردستان، بە جۆرێک بووە بە درێژایی چەند سەد ساڵی رابردوو بەردەوام شوێنی شەڕ و پێکهەڵبژانی زلهێزە هەرێمییەکان بووە. ئەمە وایکردووە هەموو ئاسەوار و نیشانەکانی کولتوور و ئەدەب و بیر و هزر و بەگشتی شارستانییەت لەم ناوچەیە کاڵ ببێتەوە و تەنانەت هەر ئاسەواریشی نەمێنێت.
ناوچەیەک بەردەوام شەڕگە بێت، بیر و هزر و تیۆری و مەعریفە تێیدا، یان گەشە ناکات، یان بەخاوی گەشە دەکات، خەڵک بەس بیر لەوە دەکاتەوە چۆن گیانی خۆی و ماڵ و منداڵی بپارێزێت. پرسیار و وڵامی قووڵی هزری و فەلسەفی و رووناکبیری پێش هەموو شتێک لە کەشێکی سەقامگیردا سەرهەڵدەدەن و گەشەدەکەن. ئێمە وەکو گەل، هیچ کات دەرفەتی ئەوەمان نەبووە و سەد ساڵی رابردووشمان بە خەباتی رزگاریخوازانەی خوێناوی داوەتە سەر. هیودارام سەقامگیری ئێستای باشوور هەمیشەیی بێت و لە باشوورەوە ئەو دەرفەتەمان بێت تیۆری بکەین بە مەشخەڵ بۆ کردارەکانمان.    

٦- ئەم کتێبە تا چەند سەرکەوتوو بووە لەم ئەرکانەیدا؟ بە ناوەکەشیدا دیارە ئەمە دەستپێکی پڕۆژەیەکە بۆ نووسینی چەندین کتێبیتر. سەرەتایەکە بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی هەستیارەکان. هەربۆیە وەکوو دەستپێک توانیویەتی بناغە و بنچینەیەکی پتەو بۆ چەندین بابەت و پرس دابنێت. وەکوو قەڵەمێکی بوێر نووسەر لەمەدا سەرکەوتوو بووە و بۆ ئەم قۆناغە ناکرێ لەمە زیاتر لەم کتێبە چاوەڕی بکەین لەبەر ئەوەی کتێبی بیرەوەرییەکانی هێشتا بڵاو نەکردووەتەوە، ئەبێ چاوەڕێ ئەوە بکەین. لەو کاتەدا و لەو کتێبانەدا، دەتوانین بڕیاری کۆتایی لەسەر زۆر شتیتریش بدەین و ئەو کات تابلۆکە بەشیوەی گشتگیر ببینین.
لەپاڵ ئەمەش دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە نووسەر داوا لە چەندین کەسایەتیتر (بۆ نموونە لە لاپەڕەی ١١٤ داوا لە کاک فەریدوون عەبۆلقادر) دەکات کە لە دادگای گەلدا راستی چەندین رووداوی مێژوویی باس بکەن. واتا نووسەر ئامادەیی خۆشی پیشان داوە لە دیبەیتێکی ئاشکرا و کراوەدا باس لەسەر ئەو رووداوانە بکات کە چەندین کەسایەتی هەوڵیان داوە بە شێوەیەکیتر بیگێڕنەوە و تەنانەت گریمانەی ئەوەش بەهێزە مێژوویان چەواشە کردبێت. واتا نووسەر ئەو ئۆفەرەشی خستووەتەڕوو پێش بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانی لەڕێگای دیبەیتیشەوە لەم بابەتانەدا کار بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری خەڵکی کوردستان بکات.

٧- وەکوو بەشی کۆتاییش هیوادارم لە چاپەکانی دواتردا ئەم رەخنەیەشم لێ قەبووڵ بفەرموون و گەر پێتان باش بێ ئەم گۆڕانکارییەی تێدا بکەن.
داڕەشتنی سەرەتا و کۆتایی کتێبەکە جۆرە ناهاوئاهەنگییەکی تێدایە. ئەم کتێبە بە رۆحێکی ئیجابی نووسراوە، بەڵام هەر کە کتێبەکە دەکەیتەوە کەشێکی سلبی باڵ بەسەرتدا دەکێشێ.
بێ پێشەکی، بێ ئەوەی باس لە چۆنیەتی نووسینی ئەم کتێبە بکرێت، دەستبەجێ دەچێتە باسەکەوە. سەرەتاکەی زۆر تەموومژاوییە. کاک بەختیار ئێوە نووسەرێکی زۆر بەتوانان، کوردی زانیشن و بەشدارێکی سەرەکی ئەو رووداوانەش کە نووسیوتانە. نووسینی پێشەکییەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئێوە زۆر ئاسان دەبوو و بەو پێشەکییە مێشکی خوێنەرتان ئامادە دەکرد و دەتانبردەوە بۆ مێژوو.
لە لاپەڕەی ٤٦٢ واتا دوا لاپەڕە، هەرچەند بە پوختی بەڵام زۆر زۆر بە کورتی ئەوەتان کردووە خۆزگە لاپەڕە ٤٦٢ لە لاپەڕە یەک بوایە و خۆزگە درێژتر ئەو باسەتان دەورووژاند.
سەرەڕای ئەمە کتێبەکە چەندین هەڵەی مێژوویی تێدایە. کە ئاماژە بە چەند هەڵەیەک دەکەم و هیوادارم لە چاپەکانی داهاتوودا چاویان پێدابخشێنرێتەوە.
بۆ نموونە لە لاپەڕە ٣٣٨دا مارشیمۆن بە رێبەری ئەرمەنەکان ناودەبرێت لە کاتێکدا ئەو سەرکردەی ئاشوورییەکان بووە.
لە لاپەڕە ٢٥٠ باس لەوە دەکەن لەدوای سەفەوی و عوسمانی لە نێوان ئێران و عێراق شەڕ رووینەدابوو. دوای رووخانی سەفەوییەکان، شەڕی عوسمانی و ئەفشارەکان، عوسمانی و زەندەکان و عوسمانی قەجەرەکان بەردەوام بووە، باشتر وابوو بنووسرێ پاش کۆتایی هاتنی عوسمانی و قەجەرەکان.
لە لاپەڕە ٤٥٠دا نووسراو رووداوەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١٢ کە ٢٠١١ راستترە.
لە لاپەڕە ٤١٩ باس لەوە دەکەن نەوشیروان مستەفا لە کۆنگرەی کۆمەڵدا وەکوو ریمۆند کۆنترۆڵ بەشێک لە بەشداربووانی هەڵدەسووڕاند بەڵام ریمۆوت کۆنترۆڵ راستترە......