مەلا بەختیار، رەخنەو هەڵوێست و کار لە ئەرکە ستراتیژییەکان

کوردستان 30/10/2023


سامان سنجاوی
پێشەکی، دڵم تەنگ دەبێ، کە دەبینم کەسێک ستایش دەکرێت، بەتایبەتی ئەو کەسە شایانی ئەو ستایشە نەبێ! ئەوەی لێرە دەمەوێت باسی بکەم بەڕێز مەلابەختیار، کە زیاتر لە ٢٦ ساڵ لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دەکەم، ئەوەی دەمەوێت بخەمەڕوو ستایش نیە و کاک بەختیاریش حەزی بە ستایشکردن نیە، بەڵکو وەڵامێکە بۆ بەشێک لەو کۆمێنتانە کە مەخابن بەبێ زانیاری دەنوسرێن. دیاریشە بەشێک لەو کۆمێنتانە لە باوەڕەوە سەرچاوەیان نەگرتووە بەڵکو بۆ کۆمێنتنوسەکان بۆتە پیشەو گوزەرانیان پێ ئیدارە دەدەن و ئاراستە کراوون. چونکە ئەم رەخنە ئاراستەکراوانە  گەر حەقیقەتیان تیادابێت دەبێ رەخنەگر هەر لەخۆیەوە رەخنە نەگرێ، بێئەوەی زانیاری لەسەر بیروباوەڕو روانگە و رەخنەکانی کاک مەلابەختیار هەبێت.
زۆرترین رەخنەی ئاراستەکراو، لە دیدار، چاوپێکەوتن، بابەت و وتارەکانی کاک بەختیار ئەوەیە، بۆ کە لەدەسەڵات بوی، ئەم قسانەت نەدەکرد.
ئەم روونکردنەوەیە، بۆ ئەو کۆمێنت نوسە ئاراستەکراوانە نیە، بەڵکو بۆ ئەو دۆخەیە کە موچەخۆر و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستانە، بۆ ئەوەی نەکەونە ژێرکاریگەری پێچی بازنەی داخراوی کۆمێنت نووسە رستکراوەکان.
لە کۆڕو کۆبونەوەو وتارەکانی، هەمیشە کاک مەلابەختیار خۆی بەدوور گرتووە لە بابەتی رازاندنەوەو چەواشەکردن، بەردەوام  ئەوەی بیرو باوەڕیەتی دەیخاتە خزمەت دوور مەودای ستراتیژی، بۆ سەر رەوڕەوەی مێژوویی گەشەکردن و پەرەسەندنی کۆمەڵ؛ بەڵگەی ئەوەش سێ جار لەسەر بیروباوەڕی سیکولاریزم و رۆشنگەری و دژایەتی گەندەڵی هەوڵی تیرۆرکردنی دراوەو بەڕێکەوت رزگاری بووە، لەمبارەشەوە  هەزاران نمونە هەن، کە چۆن خزمەتی بە کۆمەڵ و چین و توێژەکان کردووە.
1-لە ساڵانی ١٩٩٨بۆ ٢٠٠٤ لە زنجیرە سیمینارەکانی هۆڵی مەدەنیەت و هۆڵی دیالۆگ، چۆن خزمەت بە رێکخراوە دیموکراتییەکان کراوە، و چۆن لە خزمەت گەشەکردنی ئەو رێکخراوانە ئەرکە پیشەییەکان راپەڕێندراون. کە یەکێک لەو ئەرکانە کە کاک مەلابەختیار کاری لەسەر دەکرد، چۆنیەتی فێرکردن و راهێنانی ئەو رێکخراوانە بەتایبەت ( یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، کۆمەڵەی خوێندکاران، یەکێتی فەرمانبەران، سەندیکای کرێکاران، کارمەندانی تەندروستی، جیۆلۆژییەکان، کەمئەندامان..تاد) بوو، چۆن داوای مافەکانیان بکەن و چۆن بچنە شەقام خۆنیشاندان و رێپێوانی جەماوەری ئەنجامبدەن، چۆن یاداشت و داواکارییەکان بڵاووبکەنەوەو ئاراستەی دەسەڵاتی بکەن. هەرلەوپێناوەدا کە لە لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان بوو، بەبەرنامەیەکی تۆکمە رێکخراو بەرێکخراو( یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، سەندیکای کرێکاران، یەکێتی ئەندازیاران، سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، یەکێتی ئابوریناسان، یەکێتی کەمئەندامان، کۆمەڵەی خوێندکاران و تەواوی رێکخراوە پیشەیی و دیموکراتییەکانی یەک یەک بانگهێشتی کۆبونەوەی گشتگیریی داواکارییە پیشەییەکانی کرد، لە کێشە بنچینەییەکانی کۆڵییەوە، و کرایە راپۆرتێکی بنچینەیی داواکارییە پیشەییەکانی رێکخراوەکان و ئەرک و مافەکانییان، بەشێوەیەکی رەسمی درایە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لەسەر ئەو بنچینەیەدا، بەشێکی جێبەجێکران و بەشێکیتریشی بوونە نەخشەرێگای خەباتی پیشەیی رێکخراوە دیموکراتییەکان؛ لە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ تەنانەت یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە یاسای ژمارە ( ٣٩ ) ی ساڵی١٩٧١ خانە نشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی  بەژمارە چوار لەساڵی ٢٠١٢ ی هەرێمی کوردستان هەموار کرا، سوربونی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیەکان بوو لە رێی سەندیکای کرێکارانەوە هەتا پەرلەمان بڕیاری لەسەردا، کاک مەلابەختیار، یەکەم کەس بوو داوای گۆڕینی فەلسەفەی خوێندن و پەروەردەو فێرکردن بۆ سیستەمێکی فەلسەفی هاوچەرخ کرد، کە بووە ناونیشان و دروشمی سەرەکی چوارەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەناوی ( بەرەو خوێندنی هاوچەرخ ) ئایا هەموو ئەمانە کە بەشێکی خراوونەتە روو، بەڵگەو هەڵوێستی کاک بەختیار نین بۆ پشتیوانی لە خەباتی پیشەیی ڕێکخراوە دیموکراتیی و پیشەییەکان؟
کەچی کۆمێنت نوسی بەڕێز، تازە سەرسامەو رەخنە لە پشتیوانی کاک مەلا بەختیار بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆران، دەگرێت.   
2-کاک مەلابەختیار، لەپاڵ پشتیوانی کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و تێکۆشەرە دێرینەکان،و کەسوکاری شەهیدان، هەمیشە بایەخی سەنگینی بە لایەنی رووناکبیری و رۆشنگەری داوە، لەپشتیوانییەکانی بۆ بنکەی ئەدەبی و روناکبیری گەڵاوێژ وبەڕێوەچونی (٢٦) فێستیڤاڵ و چاپکردنی گۆڤارەکانی گەڵاوێژ کە بووە بنەمای پێگەیشتنی زیاتر لە (٣٠٠)نوسەری قەڵەم بەدەستی نوێ، هەروەها دەرچونی گۆڤارەکانی روانگەو رەخنە و(٣٣) ژمارەی گۆڤاری مەدەنیەت و(٧٣٠) ژمارەی رۆژنامەی چاودێر،و پشتیوانیکردن لە نوسەران بۆ لەچاپدانی بەرهەمەکانیان، و پشتیوانی لە هونەرمەندان و تیپ و گرووپەکانی هونەرمەندان و بەڕێوەچونی فێستیڤاڵی ساڵانەی فلم؛ لەبواری وەرزشیشدا لە لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان چەند پێشخرا هەر ناوی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان چەند گەورەیە بۆ وەرزش و وەرزش دۆستان، کە لە یەک یەکێتی وەرزشییەوە دەستی پێکرد بۆ ٢٨ یەکێتی وەرزشی، بەو پەڕی ئازادییەوە بێ لایەنگیری حزبی کارو ئەرکی وەرزشی خۆیان بەڕێوە دەبرد؛ لەناو یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیشدا هەمیشە یەکێتی و کادرانی یەکێتی بەرەو کایە مەعریفیەکە بردووە و کاری بۆ دوورخستنەوەیان لە تەکەتولی شەخسگەرایی کردووە و چەمکەکانی ( مەدەنیەت،علمانیەت، رۆشنگەری) خستۆتە ناو پەیڕەو پڕۆگرامی یەکێتی، ئەی حزبێکی مەدەنی و هاوچەرخخواز لە خزمەتی پرۆسەی دیموکراسی و بەرژەوەندی گشتیدا نابێت؟ کاک بەختیار بەسەدان کۆڕو کۆبونەوەو وتاری رەخنەئامێزی لەم بارودخەو بەپێی بوونی کێشەکان لەسەردەمی خۆی نوسییوە وەکو:( ئەرکە مێژووییەکان لەبەردەم رەخنەدا، کوردستان لە چ دووڕیانێکدایە، هەڵومەرجی کوردستان لەدوای تێکشکاندنی داعش، دیموکراسی و بەدیهێنانی ئەرکە پیشەییەکان) ئەم ناونیشانانە بەشێکن لەو کۆڕانەی کە خزمەت بەبوارە گشتیەکە دەکەن، ئەمە جگە لە سەدان وتاری رەخنەیی و نەخشەرێگاو سازانی نیشتیمانی، بەئاگاهێنانەوەی حکومەتی هەرێم لە وتارەکانی خستونیەتە بەردەم رایگشتی وەک ( راستکردنەوەی هەڵەو قۆزتنەوەی هەل، ئەرکێکی بەرپرسیارانەو قۆناغێکی هەستیار، قەیرانی دارایی و بەرپرسیارێتی، هەڵسەنگاندنێکی رەخنەگرانە، دۆخێکی ئاڵوزو ئەنجامێکی نالەباری هەڵبژاردن، گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و قەیرانی ئابوری و یەکێتی..) بەسەدان نمونەی تر لەمبارەوە هەن کورتیەکەی لێرە خرانە بەردەست خوێنەران، وەکو: هاواری دەکرد کە نەوت تا جەوت مەدزن. فەردە دۆلاری ژێرزەمینەکان دەربکەن و موچەی خانەنشینان بدەن. ئایا هەموو ئەمانە خزمەتی گشتی نین، ئەگەر کاک بەختیار بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی کاری بکردایە نەک یەک کۆمپانیای سەرمایەگوزاری بەڵکو دەیان کۆمپانیای تایبەتی دەخستەکارو کاری گەورەشی بەپێی دەسەڵاتی بۆ گەورەکردنیان دەکرد، بەڵام هەرگیز کاری لەمجۆرەی بەخەیاڵیشدا نەهاتووە، دەسەڵات بۆ خزمەتی خۆی بەکاربهێنێت.
3-ئەم کۆمێنت نوسە ئاراستەکراوانە خۆ ناتوانن هەموو ئەو رەخنانە لە خەڵکی کوردستان بشارنەوە، کە کاک بەختیار لە حکومەت و حزبەکانی گرتووە، ئەمڕۆ کۆمێنتی سەمەرە دەگرن کە دەڵێن بۆ ئێستا باسی ئەم دۆخە دەکەیت، چونکە خوێنەرنین، کاک بەختیار ١٠ ساڵ پێش ئێستا رەخنەی لەم دۆخەو لەو رەخنەیە گرتووە کە کۆمێنتنووس پێی وایە شتێکی نوێی خستۆتە باسەوە.
4-ئەی ئەم هەڵوێستە کە لەوپەڕی دەسەڵات و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بوو، پێنج ساڵە هەڵوێستی سیاسی و فکری، لەسەر کۆی ئەم بارودۆخە وەرگرتووە، ئەگەر کاک بەختیار کەسێکی خۆپەرست بوایە، سەدانجار زیاتر لەوانەی خۆپەرستن، کاری حزبایەتی دەخستە ژێر رکێفی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە، بەڵام ئەمەشیان هەمیشە کاک مەلابەختیار، بیرو باوەڕ، بەدەستکەوتی تایبەت ناگۆڕێتەوە.
5-دەپرسین علمانیەت چ زیانێکی لە ئاین داوە، کە ئیسلامییەکان لێیدەترسن؟ بەپێچەوانەی سەلەفییەکانەوە، کە خراپ لە علمانیەت دەڕوانن، علمانیەت، دووبارە دەرفەت بە ئاین دەدات بێتەوە ناو رۆحی مرۆڤەکان و بەوپەڕی ئازادی دینداری خۆیان بکەن، کە ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەت، ئاینی بۆ بەرژەوەندی سیاسی و تایبەت بەکاردەهێنن، و ئەو گیانەپاکە دیندارییەی ساڵەهایە لەناو موسڵمانی کورد هەیە، بگۆڕن.
ئەمانەی سەرەوە، گۆشەیەک بوون، لە ئەرکە سیاسی و رووناکبیرییەکان، دڵنیام ناتوانن خەڵک و کاک مەلابەختیار لەیەکتری جیابکەنەوە، چونکە وتەیەکی پڕ بەمانا هەیە دەڵێ ( ئەوانەی رقیان لێتە لەبەر ئەوەنییە کە تۆ کەسێکی خراپی، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئامادەیی و بونت، بوونی ئەوان لادەبات)